هه‌ندرێن قادر مه‌ردان، ڕێچكه‌ی باوكیی نه‌گرتووەتە بەر

هونەرمەند هه‌ندرێن قادر مەردان، لەدایکبووی شاری کەرکووکە، لە تەمەنی دوانزە ساڵانەوە دەستی کردووە بەکاری هونەری و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی سویدە.

لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا دا باس لەژیانی خۆی و کارە هونەرییەکانی دەکات، لەنێوان میوزیک و گۆرانیدا لەبارەی ئەوەی بۆچی زیاتر وەک میوزیکژەن دەردەکەوێت نەک گۆرانیبێژ، چۆن ڕێچکەی باوکی کۆچکردوو قادر مەردانت نەگرتووە گۆرانی بڵێیت، هه‌ندرێن گوتی: من زیاتر وەک میوزیکژەن دەرکەوتوومە و کارمکردووە و ڕێچکەی باوکم نەگرتووە، ڕەنگە ئەوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە دەنگم بۆ گۆرانیگوتن شیاو نەبێت بۆیە زیاتر لە میوزیکژەنی خۆم دۆزیوەتەوە. ئه‌گینا هەر لەمناڵییەوە باوکم یارمەتیدەرم بووە و، وانەی مۆزیكی پێداوم، یەکەمجاریش بە ئامێری کەمانجە دەستم پێکرد و بە نۆتە هەوڵی لەگەڵدام، دوایی حەزم چووە سەر ئامێری کیبۆرد، تائێستاش بەردەوامم، بۆیە دەتوانم بڵێم کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەرم.
سەبارەت بە دەستپێکی کاری هونەرییش، هندرێن گوتی: من لەدایکبووی شاری کەرکوکم و لە تەمەنی دوانزە ساڵانەوە دەستم بەکاری هونەری کردووە، لە ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٩ لە شاری کەرکوک لەکاری هونەری بەردەوام بووم، لەم ماوەیەدا بۆ ماوەی دوو ساڵیش کاری موزیکم لە شاری سلێمانی کردووە. لەساڵی ١٩٩٩وە نیشتەجێی وڵاتی سویدم، لێرەش بەشێوەی پچڕپچڕ و بەبەردەوامی کاری موزیک و هونەریم کردووە.
سەبارەت بەکاری هونەری لەئەوروپا هه‌ندرێن قادر مەردان دەڵێت: لێرە کاری هونەری سەختە، لای خۆمان ڕەنگە هونەرمەند بتواتێ بەس بەموزیك بژیت، بەڵام لێرە وا نییە. دەبێ کارێکی ترت هەبێت ئه‌گینا ناتوانی بەهونەر بژیت، من لە ڕۆژێکدا نۆ کاتژمێر کار دەکەم، کەدەچمە ماڵەوەش هیلاکم هیزو حه‌وسه‌ڵه‌ی کاری موزیکم نابێت، بۆیە کاری هونەری لێرە زۆر سەختە.
لەبارەی ئەو پرسیارەی لەئەوروپا بەشداری لەکار و چالاکی هونەری دەکەیت؟
بۆ ئەوەش گوتی: وەک گوتم بەهۆی سەختی ژیان لێرە بەردەوام نەبووم، بەڵام بەم دواییە بەشداری چەند فیستیڤاڵێکم کرد كه‌ لە شاری ماڵمۆ کرا.
لە ماڵەوەش ستۆدیۆم هەیە وەک حەز و خۆشی خۆم خەریکی کاری مۆسیقام.

ھەواڵی زیاتر