بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییە ئەکادیمییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و پۆڵۆنیا، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتى پۆڵۆنیا چەندین دیدارو کۆبونەوەى زانستى لەگەڵ چەند زانکۆیەک ئەنجامدەدات.
وەفدەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى د. ئەمیر عبدالرحمن چالى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان، لەسەر بانگهێشتى فەرمى چەند زانکۆیەکى وڵاتى پۆلۆنیا بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ پۆلۆنیا سەردانى ئەم وڵاتەى کردوە.
کۆبونەوەکان بە هاوکارى و هەماهەنگى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پۆڵۆنیا ڕێکخرابوو، تاوتوێى پەیوەندییە ئەکادیمییەکانى نێوان هەردولا کرا بۆ ئاڵوگۆڕى قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و ئەنجامدانى کۆنفرانس و پرۆژەى توێژینەوەى هاوبەش و سەردانیکردنى وەفدى هەردوولا بۆ هەرێمى کوردستان و پۆڵۆنیا، هەروەها زانکۆکانى ئەم وڵاتە بەڵێنى هەموو جۆرە هاوکارى و پەیوەندییەکى ئەکادیمى و کلتورییان لە گەڵ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە.
لەلایەکى دیکەوە وەفدەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى (زانکۆى یاگەلۆنیا)یان لە پۆڵۆنیا کردو لەلایەن سەرۆکى زانکۆ و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى هاوکارى نێودەوڵەتى کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکاندا کە نوێنەرانى کۆلێژی بایۆکیمیا، بایۆفیزیا و بایۆتەکنەلۆژیا، کۆلێژی بەڕێوەبردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەری بایۆتەکنەلۆژیای ماڵۆپۆڵسکا، و سەنتەری هاوکاری نێودەوڵەتى تیایدا ئامادەبون، تەوەرە سەرەکییەکان بریتی بون لە هاوکاری زانستی، ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، پەرەپێدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکان، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زیادکردنی هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی خوێندکاران، قوتابیانی دکتۆرا و ستافی ئەکادیمی. هەروەها هەردولا جەختیان لە گرنگی ئەو پەیوەندییە دێرینانە کردەوە کە لە نێوان زانکۆی یاگەلۆنیاو هاوبەشەکانی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، چونکە زانکۆکە لەگەڵ هەریەک لە زانکۆکانى سەڵاحەدین – هەولێر و نێودەوڵەتى تیشک و کۆلێژى بەڕێوەبردن و ئابورى لە زانکۆى دهۆک و کۆلێژى زمانەوانى لە زانکۆى کوردستان ڕێککەوتنامەى هاوبەشى هەیە.
هەر لە گفتوگۆکاندا باس لە ئەزمونەکانی پەیوەست بە بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان، پەرەپێدانى سیستەمی دڵنیایی جۆری و بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوە ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتیدا کرا. بۆ ئەمەش جەخت لە گرنگی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەکادیمییە ئەوروپییەکان کرایەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری سیستەمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش پێشخستنی میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی کوالیتی، پرۆسەکانی متمانەبەخشین (accreditation) و هەوڵەکانی بە نێودەوڵەتیکردن.

