پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هالاند دوای 42 رۆژی دیكه‌ چاره‌نووسی خۆی یه‌كلا دەکاتەوە

هانز یوواخیم ڤاتگە، بەرپرسی جێبەجێ كاری یانەی بورۆسیا دۆرتمۆند، ئەوەی ئاشكرا كرد كە، شەش هەفتەی چارەنووسساز داهاتووی هالاند دیاری دەكات

شه‌ش هه‌فته‌، له‌به‌رده‌م ئیرلینگ هالانددا هه‌یه‌، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چارنووسی.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ لەم ماوەیە چی روودەدات؟
هالاند ده‌ڵێ: هەمیشە شتێكی جوانە كە كەسێك داوات بكات.
هالاند چاوەڕوانی یەكلاییكردنەوەی یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان دەكات. هەموو ئاماژەكانیش دەری دەخەن كە ئمباپێ، دوای ئه‌و یارییه‌، چوونی بۆ ریاڵ مەدرید راده‌گه‌یه‌نێ.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و چوونه‌ی ئمباپێ بۆ مه‌درید، بە شێوەیەكی سه‌ره‌كی چ كاریگەری لەسەر داهاتووی یاریزانه‌ نەرویجییەكە دەبێت؟
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌مه‌یه‌:
یەكەم: ئەو یانەیه‌ی كە ئمباپێ لە دەست دەدا، شەڕی گواستەوە و به‌ده‌ستهێنانی هالاند دەكات.
دووەم: بەپێی دوا ڕاپۆرتەكان، هالاند بە باشتری دەزانێ بچێتە لالیگا وه‌ك له‌وه‌ی بچێته‌ هه‌ر خولێكی تر. ئەوەش مانای ئەوەیە كلاسیكۆی داهاتوو، داهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ یەكلا دەكاته‌وه‌. لەبەر ئەوەی بەرشەلۆنە دوور دەكەوێتەوە له‌و خانانه‌ی وا ده‌كا بچێته‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان، ئەمەش وێرای ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی به‌رشلۆنه‌ له‌ چامپیۆنس لیگ و دواتریش ئه‌گه‌ری نه‌گه‌یشتنه‌ چامپیۆنس لیگ و چوونی بۆ یۆرۆلیگ.
سێیەم: لە حاڵەتی شكەستی چوونی بۆ بەرشە و ریاڵ مه‌درید، ئەوە هالاند چاوەڕوانی بۆندی دۆرتمۆند دەبێت بۆ واژكردنی گرێبەستێكی نوێ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا.
ئێسته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێ وەرزی داهاتوو یاریزانە نەرویجییەكە لە كوێ یاری دەكات؟
پێشتر مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ده‌یه‌وێ له‌ هاوینی دادێ ئیرلینگ هالاند بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ.
ڕۆژنامه‌ی سپۆرتی ئیسپانی، باسی له‌وه‌ كردبوو‌، كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، له‌ مانگی سێدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تیی خوان لاپۆرتا، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هالاند ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌وه‌ش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشبه‌ره‌ نه‌رویژییه‌ تا له‌ هاوینی دادێ بچێته‌ یاریگه‌ی كامپ نۆ.
رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، به‌رشلۆنه‌ بۆندێك پێشكه‌شی ئه‌و یاریزانه‌ ده‌كا، كه‌ بۆ ماوه‌ی 5 ساڵه‌، به‌ مووچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی 20 ملیۆن یۆرۆیی، وێڕای پاره‌ی دیكه‌، كه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ ئاستی ئه‌و یاریزانه‌ له‌و یانه‌یه‌ و ئه‌و پاڵه‌وانیه‌تییانه‌ی ڕۆڵ له‌ بردنه‌وه‌یاندا ده‌بینێ.
هه‌روه‌ها مه‌رجسزای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆندی هالاند له‌گه‌ڵ یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی 75 ملیۆن یۆرۆیه‌ و ده‌بێ ئه‌و بڕه‌ به‌ دۆرتمۆند بدا، یان به‌ ڕێككه‌وتن بڕێكی دیكه‌ی پێ بدا، هه‌روه‌ها ده‌بێ بڕه‌پاره‌یه‌كیش بۆ مینۆ ڕایۆلای بریكاری یاریزانه‌كه‌ بێ.