رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی کوردستان پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی دەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ ٥٣ گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان دەکاتەوە، پڕۆژەکە لە توانایدایە لە ھەر کاتژمێرێکدا ١٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ ٣٦ ھەزار ھاووڵاتی ئەو ناوچانە دابین بکات.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سەرچاوەکانی ئاو و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ٥٣ گوندی قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان تەواو کرد.
ئەو پڕۆژەیە لە ٢٠١٣ بەردی بناغەی بۆ دانرا، دواتر بەھۆی قەیرانە داراییەکان و پەتای کۆڕۆنا ڕاگیرا، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر دەستی مەلامستەفا بارزانی پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوند دەستی بە کارەکانی کردەوە و لە ھەر کاتژمێرێکدا ١٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ٣٦ ھەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.
ھاووڵاتییانی سنوورەکە سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: بەھۆی پڕۆژەکەوە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی ناوچەکەمان سوودی لێ دەبینن و کێشەی کەم ئاوی لە ناوچەکەمان تا ماوەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت.
ئەم پڕۆژە گەورەیە، ئاوی پاکی خواردنەوە بە پێوەری نێودەوڵەتی، بۆ زیاتر لە ٣٦ ھەزار ھاووڵاتی ٥٣ گوند دابین دەکات و ئاسایشی ئاو لە دەڤەرەکە دەستەبەر دەکات.
لەپێناو دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە و بەھێزکردنی کەرتی خزمەتگوزاری لە گوندەکان، پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی ٥٣ گوند لەسەر ڕووباری “ئاڤا شین” بە سەرکەوتوویی تەواو کرا.
ئەم پڕۆژە مژدەبەخشە، بە گوژمەی ١٣٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بە تەواوی لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە، ئەمەش نیشانەی متمانەی حکوومەت و توانای بەرزی کەرتی ناوخۆیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکاندا.
ئەم پڕۆژەیە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی تەکنیکی بەرزە و بەم شێوازەی خوارەوە دیزاین و جێبەجێ کراوە، توانای پاڵاوتن و بەرھەمھێنانی ١٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی پاکی لە کاتژمێرێکدا ھەیە، بە گوێرەی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئاوەکە لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی گواستنەوە، بەدرێژایی ٥٤٠ کیلۆمەتر دەگەیەندرێتە سەرجەم گوندەکان، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە پێکھاتووە لە ٥ کۆگەی گەورە و ٥٤ کۆگەی بچووک، کە ئەرکی وەرگرتن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاوەکە بەسەر ماڵاندا ڕێکدەخەن، ئەم پڕۆژە بنەڕەتییە، دەبێتە ھۆی بەخشینی دڵنیایی بە گوندنشینان، بۆ مانەوە لە زێدی باب وباپیرانیان و ڕێگری دەکات لە کۆچکردن بەرەو شارەکان، ھاوکات، زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە زیاتر گرنگی بە سێکتەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن، ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئابووریی وڵات.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەولەویەتی حکوومەتی ھەرێم جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، یەکێک لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندە، ھەر لە باڵندا بگرە تا دەگاتە شێوەدز لەگەڵ بەری نزار، واتە دانیشتووانی گوندەکانی قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.
ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سامانی ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ھەوڵمان داوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان ھەرچی زووە تەواو بکەین، کە یەکێک لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندە، دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، ئەوەش وا دەکات لەو گوندانە کێشەی ئاو نەمێنێت.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، زیاتر گوتی: کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەولەویەتی کارەکانی سێکتەری ئاو بووە، لەو چەند ساڵەی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئاو لە ھەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ھەموو ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژیانە بودجەیەکی گەورەیان بۆ سەرف کراوە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.