پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتى پلاندانان لەسەر بوودجه‌ و پڕۆژە پێویستەکانى ٢٠٢٢ ڕاپرسى لە نێو هاووڵاتیانى کوردستان دەکات

وەزارەتى پلاندانان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر دیاریکردنى پڕۆژە پێویستەکان و ئەولەویەتى و خواستى خەڵک لە دابەشکردنى پڕۆژەکانى نێو بوودجةى ساڵى ٢٠٢٢، ڕاپرسییەکى ئەنجام داوە و لینکەکەى بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەى هاووڵاتیان تیایدا بەشدار بن و بچنە نێو و پڕۆژە پێویستەکانى ناوچەکانیان دیارى بکەن تا دواتر وەزارەت و حكوومةت سوود لە زانیارى و پێشنیارى خەڵک وەربگرن.

بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر دارا ڕەشید ، وەزیرى پلاندانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: “لەم ماوەیەدا هه‌م وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندان بڕیارمان دا خه‌ڵك به‌شدار بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی پڕۆژەكان، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر قه‌یرانی گه‌وره‌ نەیێته‌ پێش به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچوونی هه‌ندێك بڕیار له‌ لایه‌ن دادگای فیدڕاڵی عێراقه‌وه، ئەوا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیران بڕیاریان داوه‌ پڕۆژە‌ی باش له‌ ساڵی ٢٠٢٢ جێبه‌جێ بكه‌ین، بۆیه‌ بوودجه‌ی باشیشمان هه‌م له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌م له‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان ته‌رخان كردووه‌. ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌یه‌ بتوانین گرینگه‌ خه‌ڵك به‌شداری پێ بكه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنی پڕۆژە‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خه‌ڵك پێمان بڵێت ئه‌وله‌وییه‌تی پڕۆژەكان چییه‌؟ بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ پێی تواناكانی حكوومه‌ت ده‌بێت”.
ئەم بیرۆکەیەى حكوومةت و وەزارەتى پلاندان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ساڵانە هاووڵاتیانى کوردستان گله‌یی لە‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکەن کە له‌ هه‌ندێك شوێن و ناوچه‌دا پڕۆژە‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك شوێن و ناوچه‌ی تر ئه‌م پڕۆژانه‌ ناكات، لەمبارەوە وەزیرى وەزارەتى پلاندانى پێى وایە کە ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌، “به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌ر ئه‌و به‌شه‌بوودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ به‌ پێی پێویستی پارێزگا و ناوچه‌كان دابه‌شی ده‌كات و پڕۆژە‌ی پێ ئه‌نجام ده‌دات”.
ئەمە یەکەم جارە کە وەزارەتى پلاندانان بەم شێوەیە خەڵک بەشدارى پلانەکانى دەکات لە ڕێگەى ئەم ڕاپرسییەوە و وەزیرى پلاندانانیش جه‌ختی له‌سه‌ر دەکاتەوە لە زۆرترین بەشداربوونى خەڵک چونکە “ده‌مانه‌وێت ئه‌م جاره‌ خه‌ڵك به‌شدار بێت له‌ ده‌ستنیشانكردنی پڕۆژە‌كان و بڕیاری حكوومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژەكان و هیوادارین خه‌ڵك به‌ شێوه‌یه‌كی كارا به‌شدار بن. ئه‌مه‌ش مۆدێلێكی نوێیه‌ حكوومه‌ت مه‌به‌ستیه‌تی به‌شداری به‌ خه‌ڵك بكات، چونكه‌ ڕەنگه‌ زۆر شوێن هه‌یه‌ ئێمه‌ نه‌زانین یان ئاگاداری نه‌بین كه‌ پێویستی پڕۆژە‌كانیان چییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌شدار بن ئه‌و كات ده‌توانرێت پڕۆژە‌كان وه‌ك پێویست له‌ هه‌ر شوێن و ناوچه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌بووه‌ و هاوكاری جددی بوونه‌، به‌ڵام به‌ کارکردن لەسەر ئه‌م مۆدێله‌ ده‌كرێت سوودی زیاتر به‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بگه‌یێنرێت”.
دکتۆر دارا ڕەشید ئه‌وله‌ویه‌تی حكوومه‌ت له‌ بوودجةى ساڵی ٢٠٢٢ دەخاتە ڕوو کە ئەو پڕۆژانه‌ن زیاتر و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌ڵك و ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت بابه‌تی ئاو و كاره‌با و بابه‌تی قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان و ئەمەش لەسەر بنەماى کارنامە و بەرنامەى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە لە کابینەى نۆیەم، و لەم بارەوە وەزیرى پلاندان نمونەی وەزارەتى پەروەردە دەهێنێتەوە و دەڵێت: “لە كابینه‌كانی پێشوو دووچاری قه‌یرانی گه‌وره‌ى ئابووری بووینەوە‌، یه‌كێك له‌ قه‌یرانه‌كان سێكته‌ری په‌روه‌رده‌ بووه‌. ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ به‌ نموونه‌ وه‌ر بگرین، ڕاسته‌ كه‌می قوتابخانه‌ و خوێندنگا گرفتی زۆری هه‌یه‌، كه‌ زۆربه‌یان کۆنن و پێویستیان به‌ نۆژەنكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌وه‌ زۆرێك له‌ قوتابیان و خوێندكاران له‌ناو كابینه‌ ده‌خوێنن و ده‌وام ده‌كه‌ن. پێشتریش به‌ر له‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕابگه‌یه‌نین، له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران زیاتر هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌ له‌ بابه‌تی قوتابخانه‌ بۆشایی زۆر هه‌یه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م ساڵ چه‌ندین پڕۆژە‌ی دروستكردن و نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ له‌ پلاندا ده‌بێت”.
وەزیرى پلاندانان باسى جۆرەکانى بوودجة دەکات لە هەرێمى کوردستان و دابەشى دەکاتە سەر ئەم دوو جۆرەوە:
جۆرى یەکەم: مووچه‌یه‌ كه‌ لە ئەستۆى وه‌زاره‌تی داراییه‌ و به‌كاربردنه‌کەشى هەر لە لایەن هەمان وەزارەتەوەیە.
جۆرى دووەم: تایبەتە بە په‌ره‌پێدانی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان کە ئەمەیان ئیشی وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌.
سەبارەت بە پلانی وه‌زاره‌تی پلاندانیش بۆ ساڵى‌ ٢٠٢٢ ئەم وەزیرى حكوومةتى هەرێمى کوردستان دەڵێت بڕیاریان داوە زۆرترین پڕۆژە‌ بۆ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ئه‌نجام بده‌ن و هیوادارن قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنین، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌بودجه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌، هیوادارن ئه‌و به‌شه‌بودجه‌یه‌ی دایانناوه‌ تیایدا سەرکەون كه‌ بڕێكی باشه‌ و ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی بازاڕی هه‌رێمی كوردستان و پاره‌یه‌كی زۆر بۆ پڕۆژە‌كان دێن كه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌بن خزمه‌تگوزارین و هاوكات هه‌لی كاریش زیاتر ده‌بێت.
سەبارەت بە چۆنیەتى بەشداربوونى خەڵک لە ماڵپەڕى حكوومةتى هەرێمى کوردستان و لە سۆشیاڵ میدیا فەرمییەکانى حكوومةت، وەزیرى پلاندان گوتى دەتوانن کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەن کە تایبەتە بە ڕاپرسییەکە و وەڵامى پرسیارەکان هەڵبژێرن و بەم شێوەیە هەموو داواکارییەکانمان بەدەست دەگات. ئەمەش لینکەکەیە:
https://docs.google.com/forms/d/e/1FAIpQLSc10BYwbVAecePw6XsONvy4ytqbDRwrG13OW4nlAQVGcHQY5w/viewform