پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تازه‌ترین پێشهاته‌كانی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان

ڕانگنیك: ڕاشفۆرد ئاسووده‌ نییه‌ و له‌ یارییه‌كاندا
وه‌كوو مه‌شقه‌كان نییه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون.

تازه‌ترین پێشهاته‌كانی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان
بریكاری یاریزان جیۆڤانی دی لۆرێنزۆ، به‌رگریكاری یانه‌ی ناپۆلی، ئاشكرای كرد، كه‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید بایه‌خ به‌ ده‌ستخستنی ئه‌و یاریزانه‌ ده‌دات.
بریكاری جیۆڤانی، باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌و كاته‌ی یانه‌ی ناپۆلی، بیر له‌ فرۆشتنی ئه‌و به‌رگریكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ده‌كاته‌وه‌، چه‌ند یانه‌یه‌كی دیكه‌ بۆندیان خستووه‌ته‌ به‌رده‌می، یه‌كێك له‌وانه‌ش یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریده‌.
یانه‌ی پاریس سان جێرمان، چاره‌نووسی نۆنۆ مێندێش یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌، له‌و رووه‌وه‌ فابریزیۆ رۆمانۆ، باسی له‌وه‌ كردووه‌، یانه‌ی پاریس سان جێرمان، بڕیاری داوه‌ ئه‌و به‌رگریكاره‌ پورتوگالییه‌ به‌ بۆندێكی هه‌میشه‌یی بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.
ئه‌و به‌ریگاره‌ چه‌په‌ پورتوگالییه‌، به‌شێوه‌ی خواستن له‌ یانه‌ی سپۆرتینگه‌وه‌ یاریی بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ ده‌كرد، له‌گه‌ڵ بژارده‌ی كڕینی هه‌میشه‌یی یاریزانه‌كه‌ به‌رانبه‌ر 40 ملیۆن یۆرۆ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، كێبه‌ركێ له‌سه‌ر یاریزان كریتینس به‌رده‌وامه‌ و مێدیای ئێف سی ئینته‌ر نیوز بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ یاریزان ئه‌ندریاس كریستینس نزیكه‌ له‌وه‌ی بۆنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی چێڵسی كۆتایی پێ بێنێ و له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی گه‌وره‌شه‌وه‌ بۆندی بۆ چووه‌.
ئه‌و چه‌قه‌ به‌رگریكاره‌ دانماركییه‌، به‌پێی ڕاپۆرتێك، له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان دواوه‌ و بۆندیشی له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌وه‌ و نیوكاسڵ و بایرن میونشنه‌وه‌ بۆ چووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، یانه‌ی گه‌لاته‌ سه‌رای توركی، هه‌وڵ ده‌دا جه‌یمس ڕۆدڕێگزی كۆلۆمبی بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.
له‌و رووه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس ئیكریم كۆنۆر، باسی له‌وه‌ كردووه‌، یانه‌ی گه‌لاته‌ سه‌رای، ده‌یه‌وێ جارێكی تر جه‌یمس ڕۆدڕێگز بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌ورووپا و هاوینی دادێ بیباته‌ ریزه‌كانیه‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ستێره‌ كۆڵۆمبییه‌، ئێستا له‌ یانه‌ی ڕه‌یانی قه‌ته‌ری به‌شداره‌ له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی قه‌ته‌ڕ، به‌م دواییه‌ش له‌ لێدوانێكی مێدیاییدا، ڕایگه‌یاند كه‌ پێشوازی له‌ پێشنیازی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ورووپا ده‌كا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، یانه‌ی پاریس سان جێرمان، ده‌یه‌وێ نگۆلۆ كانتی بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی تیلیگراف باسی له‌وه‌ كردووه‌، یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسی، بایه‌خی زۆر به‌ ئه‌ستێره‌ی وڵاته‌كه‌ی نگۆلۆ كانتی ده‌دا و ده‌یه‌وێ هاوینی دادێ بیباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.
له‌ چه‌ند بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سمێكی دیكه‌دا، باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌و یاریزانه‌ی ناوه‌ڕاستی یانه‌ی چێڵسی، ده‌چێته‌ پاریس سان جێرمان، به‌ڵام تا ئێسته‌ جووڵه‌یه‌كی گرنگ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ نه‌كراوه‌.

ڕانگنیك: ڕاشفۆرد ئاسووده‌ نییه‌ وهه‌موو هه‌فته‌یه‌ك یارمه‌تیمان نادا
راهێنه‌ری ئه‌ڵمانیی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد ڕاڵف ڕانگنیك، ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ هێرشبه‌ری یانه‌كه‌یان ماركۆس ڕاشفۆرد، به‌م ئاسته‌ی ئێستای رازی و دڵخۆش نییه‌.
ڕاڵف ڕایگه‌یاندبوو: راشفۆرد، پێكانی نییه‌، هیچ كێشه‌یه‌كیشی له‌ شانی نییه‌، له‌م دوا دوو هه‌فته‌یه‌دا زۆر له‌سه‌ری دواین و به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش قسه‌مان له‌گه‌ڵی كرد.
وتیشی: من دڵنیام كه‌ ئه‌و به‌م ئاسته‌ی ئێستای دڵخۆش نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك باسی بكه‌ین، سوودی نابێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: وای نابینم هیچ هۆكارێك ڕێ له‌ ئاسووده‌یی ڕاشفۆرد بگرێ، ئه‌نجامه‌كانمان له‌م چه‌ند هه‌فته‌ و مانگه‌ی ڕابردوودا باشن، تیپه‌كه‌شمان له‌ بارێكی باشدایه‌.
له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا، ده‌شڵێ: ڕاشفۆرد هه‌وڵ ده‌دا، ئاستی باشتر بكا تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌توانێ، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ بۆ ئه‌و ده‌ستێكی هاوكار بین به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌.
راهێنه‌ره‌كه‌ی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، له‌ كۆتاییدا گوتیشی: گرته‌ی ڤیدیۆییمان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م ڕاشفۆرد و قسه‌مان له‌گه‌ڵی كردووه‌، له‌ كاتی مه‌شقدا له‌ باشترین دۆخدایه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ بڕیارمان دا له‌ یارییه‌كاندا به‌شداریی پێ بكه‌ین، ئێستا كاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ئاسته‌ی له‌ مه‌شقه‌كاندا هه‌یه‌تی، بۆ یارییه‌كان بیگوازینه‌وه‌.