رۆژنامەی ھەولێر

قەڵەوی لە منداڵان؛ مەترسییەكی هێواش بەڵام قورس

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لە یادی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن كە قەڵەوی و كێشەكانی خۆراكی ناتەندروست بوونەتە یەكێك لە گرنگترین مەترسییە تەندروستییەكانی سەدەی ئێستا بۆ منداڵان.

پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیادبوونی بەردەوامی كێشی منداڵان تەنها كێشەیەكی جوانكاری نییە، بەڵكو دەتوانێت ببێتە هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشییە گرنگەكان وەك شەكری جۆری دوو، بەرزبوونی فشاری خوێن، نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار و هەروەها كێشە دەروونییەكان.

قەڵەوی لە منداڵاندا؛ دیاردەیەكی روو لە زیادبوون
بەپێی وتەی ژمارەیەك لە پزیشكانی منداڵان لە هەرێمی كوردستان، لە ساڵانی دواییدا ڕێژەی منداڵانی تووشی زیادە كێش و قەڵەوی بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە. ئەوان دەڵێن گۆڕانی شێوازی ژیان، كەمبوونەوەی جووڵە و یارییە دەرەكییەكان و زیادبوونی كاتی بەسەربردن لەسەر مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە گرنگترین هۆكارەكانن.
د. گەوھەر سەمەد پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان ڕوونیدەكاتەوە كە ڕێژەی قەڵەوی لە منداڵانی خوار ٦ ساڵان لە زیادبووندایە، قەڵەوی لە منداڵان بۆتە دیاردەیەکی باو لە سەرتاپای جیهاندا، بەتایبەتی لەتەمەنی پێش چوونە قوتابخانە، بۆیە پێویستە بەتەواوی بیر لە قەڵەوی لە منداڵان بکرێتەوە لە لایەن حکومەت و میدیاکان و قوتابخانەکان و دایک و باوکیش، چونکە قەڵەوی لە منداڵان ھۆکارێکە بۆ نەخۆشینی شەکرە و بەرزهەڵگەڕانی پەستانی خوێن و تەنگەنەفەسی و تێکچوونی کاری ھۆرمۆنەکان و دواتر ھۆکاری سەرەکیە بۆ قەڵەوی لە گەورەساڵیدا.

مۆبایل و كەمجووڵەیی؛ دژمنی تەندروستی منداڵان
پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە زۆرێك لە منداڵان ڕۆژانە چەندین كاتژمێر لەسەر تەلەفۆنی زیرەك، تابلێت یان كۆمپیوتەر بەسەردەبەن. ئەم دۆخە وای كردووە جووڵەی جەستەیی كەم ببێتەوە و سووتاندنی وزەی جەستەش دابەزێت، كە ئەمەش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زیادبوونی قەڵەوی هەیە.
پزیشكان پێشنیار دەكەن منداڵان ڕۆژانە لانەكەم ٦٠ خولەك چاڵاكیی جەستەیی و وەرزش بكەن، وەك ڕاكردن، یاریكردن، سواری پاسكیل و یان هەر جووڵەیەكی گونجاو بۆ تەمەنیان.
د. شێروان کۆساری پزیشکی شارەزای گشتی ئاماژە بەوە دەدات كە بەداخەوە لەو ساڵانەی دوایی دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار لەنێو خێزانەکاندا سەری هەڵداوە ئەویش بریتیە لە پێدانی مۆبایل و ئایپادو ئامێرە زیرەکەکان بە منداڵان، زۆرجار بەهۆی خۆشەویستی و زۆرجاریش بۆ لەکۆڵ‌خۆکردنەوەی منداڵەکەیە، بەمەش منداڵەکە ئالوودە دەبێ پێوەی و وای لێ دێ پەیوەندیەکانی بە دەوروبەر و تەناتەت دایک و باوکیشی زۆر کاڵ دەبنەوە و بە بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا دادەنیشێت و خەریکی مۆبایلەکە دەبێ، ڕەنگە دایک و باوکەکە وا بیر بکەنەوە کارێکی زۆر باشیان کردووە و منداڵەکەیان ئاقڵ و بێدەنگ بووە و بێزاریان ناکا، بێئاگا لەوەی بەو کارەیان چەندە زیان بە دواڕۆژی جگەرگۆشەکەیان دەگەیەنن .

خۆراكی حازربەدەست (فاست‌فود)؛ مەترسییەكی شاراوە
خۆراكی حازربەدەست و خواردنەوە گازییەكان، شەكر، چەوری و كالۆرییەكی زۆریان تێدایە، بەڵام كەمترین سوودیان هەیە. پسپۆڕانی خۆراكناسی دەڵێن بەردەوامی لە خواردنی ئەم جۆرە خواردنانە دەتوانێت ببێتە هۆی قەڵەوی و كەمبوونی پێداویستییە خواردنییە گرنگەكان وەك ڤیتامین و كانزا.

چۆن منداڵێكی تەندروستت هەبێت؟
پزیشكان و پسپۆڕانی خۆراك ئەم ڕێنماییانە پێشكەش دەكەن:
• زیادكردنی خواردنی سەوزە و میوەی تازە.
• كەمكردنەوەی خۆراكی حازربەدەست و شیرینی.
• خواردنەوەی ئاوی زۆر لە جیاتی خواردنەوەی گازی.
• هاندانی منداڵان بۆ وەرزش و یاری لە دەشت و دەر.
• سنوورداركردنی كاتی بەكارھێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
• خواردنی نانی بەیانیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك.