پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی كوردستان

عارف ڕوشدی

رێکەوتى ٢٤/ ٢ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە فەرمى کاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پارلەمانى کوردستانى ڕاگەیاند و دەزگا پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد بە دەستپێکردنى ئەرکەکانیان. ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە کاتى یاسایی خۆیدا، نیشانەى لە خۆڕابینى و پێگەیشتنى سیاسیی هێزە سیاسییەکانە لە لایەک و، وەڵامدانەوەى خواستێکى میڵیە و پاپەندبوونە بە بەجێگەیاندنى ئەرکێکى بنەڕەتى نیشتیمانیی لە لایەکى دیکەوە. ئەگەر باوەڕمان بە پرۆسەى دیموکرتیزەکردنى کارى سیاسی و کۆمەڵایەتى و دەستاودەستکردنى دەسەڵات هەیە، ناکرێت لایەنە سیاسییەکان بە هۆکارى نابەجێ و ویستى حزبیانە کۆسپ دروست بکەن و هەوڵى دواخستنى هەڵبژاردن بدەن.
ناکرێت لە سەروبەندى هەڵبژاردندا تازە بە تازە بە بیانوى نە گونجانى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان گرفت دروست بکەن.
ئەگەر کێشەیەکى بونیادى هەیە کە من پێموانییە هەبێت، با کوردانە هەماهەنگ بن و چارەسەرى بکەن نەک لە ئێستاوە هەرەشەى بەشدارنەبوون بکەن!
لە هەموو حالەتێکدا قەبارە و کاریگەرى لایەنە سیاسییەکان لە ڕووى متمانەى جەماوەرییەوە (بەستراوە بە هەلوێستەکانیانەوە بە تایبەتى لە کاتى تەنگانەدا و خۆ بەبەرپرسیارزانینیان ) تا ڕادەیەکى زۆر سەقامگیرە، بۆیە پاپەندبونیان بە کات و ساتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەوە، هێماى بوێرى و راستگوییان دەبێت، بە پێچەوانەوە دەچنە ژێر چەندین هێماى پرسیارەوە .