ڕوونکردنەوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمەوە 

وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو گەنمەی، کە ئێستا لە کۆگاکان هەیە بەشی ئەوە دەکات، کە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا ئارد لە ڕێگای بریکارەکان دابەش بکرێت.

وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “مانگانە ئارد لە وادەی خۆی دابەشدەکرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و بەشی پێویستی گەنم لە کۆگاکاندا هەیە تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشە خۆراکی یەکەم بۆ ساڵی نوێ لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دەست بە دابەش کردن کراوە و لە ڕێگای بریکارەکانەوە دەگاتە هاووڵاتیان.

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ئەوەشی خستە ڕوو کە بەشە گەنمی یەکەم بۆ ساڵی نوێ چەند ڕۆژێکە بەردەوام دەگاتە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و لە هەفتەی ئایندە دەنێردێتە ئاشەکان و لە ڕێگای بریکارەکانەوە بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرێت.

ئاشکراشی کردووە کە گەنم لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و گرێبەستی نوێش لەگەڵ وڵاتی ئوسترالیا کراوە، بۆ هێنانی گەنم و بەمنزیکانە دەگاتە شوێنی خۆی.

نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە، ئەو گەنمەی کە ئێستا لە کۆگاکان هەیە بەشی ئەوە دەکات، کە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا ئارد لە ڕێگای بریکارەکان دابەش بکرێت تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن.

ھەواڵی زیاتر