وەزارەتی تەندروستی: داخستنی دەرمانخانەی سەروەران هیچ پەیوەندییەکی بە هەرزانیی نرخەوە نییە 

دوێنێ تیمە تەندروستییەکان دەرمانخانەیەکیان لە شاری هەولێر داخست، بەڵام دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت وا بڵاوکرایەوە کە گوایە هۆکارەکە هەرزانیی نرخی دەرمان بووە لە دەرمانخانەکە بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستییە کە لەسەر زاری کوالێتی کۆنتڕۆلی دەرمان و لقی ھەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە:-

ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بە داخستنی دەرمانخانەی سەروەران …
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
پاش دەستکەوتنی زانیاری سەبارەت بەبوونی دەرمانێکی ساختە لە چەند دەرمانخانەیەک، لێژنەکانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر بەدواداچوونیان بۆ دەرمانخانەکان کرد، لە ئەنجامدا دەرکەوت بڕێکی زۆر لە دەرمانە ساختەکە لە دەرمانخانەی سەروەران بوونی ھەیە، دوای پشکنیی دەرمانخانەکە لەلایەن لێژنەکەوە دەرکەوت دەرمانخانەکە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی کە بڕەکەی زیاتر لە ٤٥٠٠ پاکەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت. بۆیە دەرمانخانەکە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە داخستنی دەرمانخانەکە ھیچ پەیوەندیەکی بە ھەرزانی نرخەوە نیە، بەڵکو ھەرزانی نرخی دەرمانەکانی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردنی دەرمانخانەکە لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی نایاسایی و سەرچاوە نادیار و ساختە.
شایەنی باسە دەرمانخانەکە پێشووتریش لەسەر مامەڵەکردن بە دەرمانی میری (MOH) کە کڕین و فرۆشتنی قەدەغەیە داخراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
لە کۆتایدا ھاولاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە خەمخۆری جدی تەندروستی ئەوانین بۆیە بەدواداچوونەکانمان بەردەوامیان دەبێت و ناھێلین ڕای گشتی بە بیانووی جۆراوجۆر و ھەرزانی بەلاڕیدا ببردرێت.
ڕوونکردنەوەی ھاوبەشی کوالێتی کۆنتڕۆلی دەرمان و لقی ھەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان .

ھەواڵی زیاتر