رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم… لالە عەبدە (١٩٤٧-٢٠٢٥)

یاسین قادر بەرزنجی

وەک هونەرمەندە کوردێکی دیار و بەهرەمەند و گەورە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە بە تابلۆکانی پەیام بەخش بووبێت، لە هەرکوێ بووبێت ویستوویەتی هەواداران و بینەری تابلۆکانی، بە دیمەنەکانی کوردستان و کلتووری نەتەوەکەی ئاشنا بکات.
وەک زۆر لە شێوەکارانی کورد، لالە عەبدە سروشت بووەتە هەوێن و ناوەرۆکی تابلۆکانی، ئەوەتا وتوویەتی :
سروشتی جوانی کوردستان، مادەیەکی خاوی گرنگە تا لە هونەری واقیعی و سروشتیدا سوودی لێ وەربگیرێت .
ئەم هونەرمەندە هێژایە، وێڕای بەهرەمەندییەکەی خۆی، ساڵی ١٩٦٧ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە و هەر لەوێ یەکەمین پیشانگای خۆی کردووەتەوە، کە گەڕاوەتەوە کوردستان بووەتە مامۆستا و خوێندکارانی سوودمەند بوو لە ڕێنمایی پەرەوەردەکارە تواناکەیان. ساڵی ١٩٧٥ لە سلێمانی پیشانگای تایبەتی خۆی کردووەتەوە، پاشان چووەتە ئیتالیا و ساڵی ١٩٧٩ لە شاری فلۆرەنسا ئەکادیمیای زانستی هونەری تەواو کردووە.
لالە عەبدە هەر لەکارە بەراییەکانیەوە بە بۆیەی ئاوی تابلۆکانی نەخشاندووەو لەوەشدا خاوەن شێوازی پێشکەوتووی خۆی بووە.
هونەرمەند د. ڕێبوار سەعید سەبارەت لالە وتی:
وەک زۆربەی هونەرمەندانی کورد، کاری ڕیالیزمیی کردووە، بەتایبەت لە کارە ئاوییەکانیدا کۆڵان و ماڵ و گەڕەک و مزگەوت و شوێنە دیارەکانی شاری سلێمانی خستووەتە ڕوو.
هەروەها دەڵێ: ئیشە ئاوییەکانی ئەنجامی ئەزموونێکی قووڵ و دەوڵەمەند بوون، تەرکیزی لەسەر ڕەنگ هەبووە وەک هەست، نەک فۆرم؛ لە ڕێی سێبەر و ڕووناکی و تاریکیی ڕەنگەکانەوە پانتایی شوێنەکانی نیشان داوین.
کە بارگە و هەواریشی گواستووەتەوە بۆ فەرەنسا و ساڵانێکی زۆری تیادا ژیاوە درێژەی بە ئەزموون و داهێنانەکانی داوە، لە ئەوروپا چەندین پیشانگای لەگەڵ هونەرمەندانی کورددا کردووەتەوە، ئەمە بێجگە لە پیشانگا تایبەتەکانی خۆی، لە ئەوروپا کاریگەریی ڕەوتە هونەرییەکانی لەسەر بووە و بەتایبەت بە شێوازی ڕیالیزمی نوێ کاری کردووە.
لالە وتوویەتی: ئەدەبیاتی کوردی کە بە هاوتای بەرهەمەکانی ڕێنیسانسی ئەوروپای دەزانم، گەورەترین کاریگەریی لەسەرم هەبووە، هەربۆیە کۆمەڵێ کاری ناوازەی لەسەر شیعرەکانی مامۆستا گۆران کردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە هەمیشە لەگەڵ خەم و خەونی نەتەوەکەیدا ژیاوە و وێڕای کارەکانی بۆ کوردستانە جوان و لەدڵداشیرینەکەی، کۆمەڵێ کاریشی بۆ مەرگەساتی شاری هەڵەبجە کردووە.
یادت بەخێر مامۆستا و هونەرمەندی گەورە (لالە عەبدە)ی ناوە درەوشاوەکەی هونەری کورد.