بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران، کە ئەمڕۆ چورشەممە 23ی2ی2022 بڵاو کراوەتەوە، توانیویانە چوار کەس، بە بڕێک ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
لە راگەیاندراوەکەی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆراندا هاتووە: “دواى وەرگرتنى زانیارى و بەدواداچوون، هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران، بە هاوبەشیى لەگەڵ بنکەى ئاسایشى بازگەکانى سۆران و هەماهەنگیى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى ناوشار، بەپێى ماددەى 25ی “مخدرات”، توانرا چوار کەسى بەکارهێنەر و فرۆشیارى ماددە هۆشبەرەکان، بە بڕى 125 گرام ماددەی هۆشبەرى جۆرى (شیشە و حەشیش) و کەلوپەلى بەکارهێنان دەستگیر بکرێن”.
ئاماژەش بەوە کراوە، لە کاتى دەستگیرکردنیان، تۆمەتباران بە چەک هەوڵى ڕووبەڕووبوونەوەى هێزەکانى ئاسایشیان داوە، بەڵام خۆشبەختانە، هێزەکانمان بە لێهاتوویى توانییان ڕووبەڕوویان ببنەوە و هەر چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەکەکانیان لە جۆری کلاشینکۆف، 3 سێ دانە ڕومانە و دەمانچەیەکدا بگرن”.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددە 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون.