پێکهاتەکان داوا دەکەن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

عێراق لە ژێر بەرپرسیارێتی بەندی حەوتەمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەردەهێنرێت و دۆسیەی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی کوێت و سزاداراییەکانی کە سەروی ٥٢ ملیار دۆلار بوو، بە تەواوی دادەخات. دکتور فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەو مەبەستە رۆژی دووشەم گەیشتە نیۆیۆرک.

حکوومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ناوی عێراق لە بەندی حەوتەمی بڕیارنامەی ٦٧٨ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بهێنێتە دەرەوە کە لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا سەپابوو. ئەمەش دوای ئەوەی رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوێت و ئەو وڵاتەی داگیر کرد.
دکتور فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەکە لەبارەی خستنەڕووی راپۆرتێکی کۆمیتەی سزاکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ئەمەریکای کردووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ میدیاکان ئاماژەی داوە، گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەو ئامانجەیە لە بارەی دوایین کارەکانی کۆمیتەی پێوەندیدار بە یەکلاکردنەوەی قەرزەکان بکۆڵێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێکیش پێشکەش دەکات.
بەگوێرەی مێدڵست نیوز، حکوومەتی عێراق لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دوایین قستی سزاکانی بە کوێت دا کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
حکوومەتی عێراق ئەو پارەیەی لە رێی کۆمیتەی سزاکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدایە کوێت کە بەگوێرەی بڕیارنامەیەک یەکلایی کرابووەوە.لەو کاتەوە هەموو ساڵێک عێراق بە ملیاران دۆلاری داوەتە کوێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای سەرهەڵدانی داعش و پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەو قەیرانە نوێیە داراییەی هاتە کایەوە حکوومەتی عێراق تا ساڵی ٢٠١٨ هیچ بڕە قەرزێکی نەگەڕاندەوە و لە ٢٠١٨ەوە دەستی بە گەڕاندنەوەی چوارقیستی کۆتایی قەرزەکە کرد.
بڕیارەکە کاتی خۆی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەکە دەرچووبوو و ئێستاش هەمان ئەنجوومەن بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە دەدات بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ راپۆرتەکان بکات و ئەگەر هیچ کەم وکورتییەکی نەبێت ئەوا دۆسیەکە دادەخرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتریش باسی لەوە کردبوو لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا عێراق تەواوی بەڵێنەکانی خۆی بەرانبەر ئەو بەندە یاساییەی رێکخراوەکە و بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سزادانی عێراق جێبەجێ کردووە و تەواوی مافە داراییەکانی کوێتی گەڕاندووەتەوە و هیچ بڕە قەرزێکی لەسەر نەماوە.
ئەو ئاماژەی داوە بڕی ئەو سزایەی بەسەر عێراقدا سەپێنرابوو ٥٢ ملیار دۆلار بوو و بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو قەرزانە عێراق لە ژێر بەندی حەوتەم دەهێنرێتە دەرەوە و دەچێتە ژێر بەندی شەشەم و بەهۆیەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ کوێت بەشێوەیەکی ئاسایی درێژە پێ دەدات.
لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی رێکخراوەکە، بڕیارە ئەو کۆمیتە تایبەتییەش هەڵبوەشێتەوە کە تایبەت بوو بە پرسی سزاکان. کۆمیتەکە ٥٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بەسەر عێراقدا سەپاندوو و ئەوەش کۆی ئەو زیان و زەرەرانە بوو کە عێراق لە ماوەی داگیرکردنی کوێت بەو وڵاتەی گەیاندبوو.
لە هاوینی ساڵی ١٩٩٠ سوپای عێراق هێرشی کردە سەر کوێت و ئەو وڵاتەی داگیر کرد و وەک بەشێک لە خاکی عێراقی هەژمار کرد. دوای هێرشەکە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دەرکردنی چەند بڕیارنامەیەک داوای لە عێراق کرد بکشێتەوە بەڵام رژێمی ئەو کاتی عێراق داواکارییەکەی رەت کردەوە. دەرەنجامی ئەو سەرپێچییە ئەوە بوو لە کۆتایی هەمان ساڵ ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی لە دژی عێراق پێکهێنا و بە هێرشێکی چڕ و پڕ پاشەکشەی بە سوپای عێراق کرد و دووبارە کوێتی ئازاد کرد.
دەرەنجامەکانی ئەو رووداوە بە قازانجی هەرێمی کوردستان بوو چونکە راپەڕینی هەرێمی کوردستان لە پێنجی ئاداری ساڵی ١٩٩١ی بەدەواوە بوو و هەر ئەو راپەڕینەش وایکرد قەوارەیب هەرێمی کوردستان دروست ببێت و هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوە یاساییەکانی خۆیەوە. لە رووی داراییەوە هێرشی رژێمی بەعس بۆ سەر کوێت زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاند چونکە جگە لەو بڕە سزایەی ئاماژەی پێ کراوە، گەمارۆیەکی قورسی ئابووری خرایە سەر عێراق کە بۆ ماوەیەکی زۆر عێراق تەنیا دەیتوانی بەرانبەر بە خۆراک نەوتەکەی بفرۆشێت و بەهۆیەوە ژێرخانی ئابووری عێراق داڕما.

ھەواڵی زیاتر