ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بڕیار وایە سەرەتای مانگی دابێتەوە، پرۆژەی سازنگە و مشتوماڵكردنی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەكان ڕابگەیێنرێت، كە تایبەتە بە پاراستنی بەڵگەنامە مێژووییەكان.
عیرفان عوسمان، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی بووژانەوەی كەلەپووری كورد، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ڕێكخراوەكەمان بە هاوكاری و پاڵپشتی ڕێكخراوە ئەڵمانیەکەی گێردە هینكڵ و پەیمانگەی بەرلین بۆ تەكنیك و ئابووری و، بە هەوڵ و ماندوبوونی دڵسۆزان لە ئەندامانی ڕێكخراو و بەڕێوەبەرایەتیی گشت شوێنەوار و كەلەپووری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارو كەلەپوور و مۆزەخانەی سلێمانی پرۆژەی (سازنگە و مشتوماڵكردنی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەكان) رادەگەیێنین.
بەڕێوەبەری ئەم رێكخراوە لە قسەكانی ئاماژەی بەوە دا كە ئامانج لەم پرۆژەیە كۆكردنەوە و چاككردن و پاراستنی ئەو دەستنووسانەیە لە فەوتان و لەناوچوون بە شێوەیەكی ئەكادیمی زانستی ستانداردی جیهانی بە سەرپەرشتی كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا.
عیرفان عوسمان، گوتیشی: ” پشت بە خوای گەورە و پاشان كەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە بە شێوەیەكی فەرمی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حكوومەت و لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێتەوە.
لە بەشێكی قسەكانی عیرفان عوسمان، دەڵێت: ” ئەم پسپۆڕیە، زۆر دەگمەنە لە ناوچەكەماندا ئەو رێكخراو و دامەزراوانەی كە لەم بوارەدا كار دەكەن زۆر كەمن و لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن، بەداخەوە كە تاكو ئێستا نەتوانراوە وەك پێویست ئاوڕ لەم بوارە بدرێتەوە و بوودجەی پێویست تەرخان بكرێت بۆ پرۆژەی لەم جۆرە بۆ كۆكردنەوە و پاراستن و پارێزگاری لە دەستنووسە مێژووییە بەنرخەكانی كورد كە باس لە مێژووی سەدان ساڵی كورد دەكات لە ناوچەكەدا لەسەرجەم بوارەكانی زانست و هونەر و جوگرافیا و مێژوو و زمانەوانی زانستە ئاینیەكانی وەک شەریعەت و لێكدانەوەی ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان لە دیدی زانا و مەولانا و عەلامەكانی كورد كە گۆشكراون بە هزری نەتەوایەتی و پێكەوەژیان لە دێرزەمانەوە.