زمان و فاشیزم

چەند سەرنجێک لە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکدا

ئەگەر بەشێوەیەکی سادە پێناسەی فاشیزم بکەین، دەبینین فاشیزم جگە لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دی هیچی دیکە نییە. فاشیزم؛ نکۆڵیکردن و سڕینەوەیە لەسەر چەند ئاستێکی جیا و مەرج نییە هەموو سڕینەوەیەکی فاشیزم فیزیکی بێت، دەشێ فۆڕم و شێوازی دیکەی سڕینەوە وەربگرێت. یەکێک لە لقەکانی فاشیزم، نکۆڵیکردنی نەتەوەییە، واتە کاتێک کەسێک سەر بە نەتەوەیەکی دیارکراو بێت و کەسی بەرامبەر (سەردەست/دەسەڵاتدار) بیەوێت لە ڕووی نەتەوەییەوە بیسڕێتەوە. نموونەش کردەی تەعریبکردنە لە عێراقدا. لقێکی دیکەی فاشیزم سڕینەوەی زمانە، یان زەوتکردنی زمانە، کە ئەمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕۆژئاواش لەسەردەمی دەسەڵاتی باڵای حکومەتی ئەسەددا بەردەوام بوو. نموونەی دیاری ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتنی مامۆستایەکە، تەنها لەبەر ئەوەی وانەی کوردی گوتووەتەوە بڕیاری بەندکردنی دراوە.

بێگومان ئەگەر بە دیاریکراوی باس لە دۆخی زمانی کوردی بکەین و بۆنەیەکی وەکو رۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ قسەکردن لە دۆخی زمانی کوردی بقۆزینەوە دەبینین دۆخی زمانی کوردی و کوردبوون لە باکوری کوردستان گەلێک مەترسیدارترە و فاشیزم بە هەموو سیماکانییەوە ئامادەیی هەیە. بۆ سەلماندنی ئەمە پێویست بە نموونە دەکات. موسا عەنتەر؛ رۆژنامەوان و سیاسەتمەداری کورد لە بیرەوەرییەکانیدا چیرۆکێکی واقیعی سەبارەت بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی دەگێڕێتەوە، ئەوەی بیرم مابێت چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە کە رۆژێک جووتیارێک لە گوندێکی نزیکی ماردینەوە بە بارێک دارەوە دێت بۆ ماردین تا بارەدارەکەی بفرۆشێت و چەند لیرەیەک بۆ منداڵەکانی بباتەوە. ئەم جوتیارە ئاگاداری ئەوە نییە کە بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی دراوە و هەر کەسێک بە زمانی کوردی قسە بکات بە بڕی شەش لیرە سزا دەدرێت. ئەم جوتیارە لەبەر ئەوەی هیچ زمانێکی دیکە جگە لە زمانی دایکی (کە کوردییە) نازانێت بۆیە لەکاتی فرۆشتنی بارەدارەکەدا بە چوار لیرە کەشف دەبێت و لەلایەن مەئمورانی چاودێرەوە بە بڕی شەش لیرە سزا دەدرێت. وەک دەبینین جووتیارەکە دوای ئەوەی بارێک داریشی فرۆشتووە کەچی دوو لیرە زەرەری کردووە. موسا عەنتەر هەر لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئیدی کوردەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان مانیان لە قسەکردن گرت، ئەمەش لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی بوو. یەکەمیان بۆ ئەوەی سزا نەدرێن. دووەمیش لەبەر ئەوەی هیچ زمانێکی دیکەیان نەدەزانی. عەنتەر لە درێژەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەناچاری بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان کوردەکان ناچارکران زمانی بێگانە (تورکی) فێربن، ئەمە بێجگە لەوەی کردەی (بەتورکیکردن)یش دەستی پێ کرد و ناوی تورکی بۆ زۆربەی ناوچە کوردییەکان درا و چیدی ناوە کوردییەکانیان نەما.
لە رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” بەختیار عەلی-دا بە وردی ئاماژە بەوە دراوە کە زمانی کوردی و کوردزمانان لە باکووری کوردستان چەندە لەژێر ستەمدا بوون و بە کوردیئاخاڤتن چەندە جێگەی تانە بووە و هەتا زۆرجار وەکو نەخۆشییەکی کوشندە سەیر کراوە. نووسەر لە رۆمانەکە چیرۆکی زمانی کوردی و چەرمەسەرییەکانی بە وردەکارییەکی بێوێنەوە دەنووسێتەوە، کە زیادەڕەوی ناکەین کە رۆمانەکە وەکو مانیفێستی زمانی کوردی سەیر بکەین، کە چۆن قەقنەسئاسا لەنێو خۆڵەمێشی خۆیدا جارێکی دیکە ئەگەری هەستانەوە و زیندووبوونەوەی هەبووە و هەیە.
ڕەنگە هیچ زمانێک هێندەی زمانی کوردی دژایەتی نەکرابێت و دووژمنیشی نەبووبێت، چونکە بەشێک لە دوژمنانی کوردی وەها بیریان کردووەتەوە و دەکەنەوە بەبێ لەناوبردنی زمانەکەی نەتەوەی کورد لەناوناچێت. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، کە ئێستا کورد خۆی خەریکی لەناوبردنی زمانەکەی خۆیەتی، یان دەتوانم بڵێم خزمەتی زمانەکەی خۆی ناکات. یان بەشێکی دیکەی لە هاوڵاتییەکانی بە نووسەرەکانیشییەوە زیادە لە پێویست سەختگیرن سەبارەت بە زمانەکە و ئەوەش دیسان ئەگەری گەشەکردن و بەرەوپێشبردنی وشک کردووە. بە وردبوونەوە و سەرنجدان لە دۆخی ئێستای زمانی کوردی دەبینین بە دوو شێوە زمانی کوردی دژایەتی دەکرێت:
یەکەم: ئەو کەسانەی بەناوی خۆشەویستی زمانەوە و پاراستنی دروستی زمان و ئەساڵەتی زمانەوە، جۆرێک لە بیرکردنەوە یەکدیدگاییان بەرامبەر زمان بەرهەمهێناوە، کە زیادەڕەوی نییە بڵێین جۆرێک لە فاشیزمی زمانی لە خۆیاندا پەروەردە دەکەن، کە ڕێگرن لە گەشەی زمانەکە و کردنەوەی پەنجەرەی نوێ بەڕوویدا. هەروەها هەستێکی زیادەڕەوانەی شانازیکردنیان بە زمانەکەیانەوە هەیە کە بەشێکی ئەم هەستە بێبنەمایە.
دووەم: ئەو کەسانەن کە زمانی کوردی بە سووک سەیر دەکەن و پەنا بۆ زمانی دیکە دەبەن. هەستی شانازیکردنیان بە زمانەکەیانەوە نییە، هەتا هەندێکجار وەکو شێوەزار لە زمانی کوردی دەڕوانن و پێیانوایە لە سەرەمەرگدایە، بۆیە پێیانوایە کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی دروست بە زمانی کوردی گوزارشت لە خەم ئازار و مێژووی مرۆڤەکان بکرێت.
بێگومان هەردوو بۆچوونەکەی سەرەوە سەبارەت بە ڕوانین لە زمانی کوردی گەلێک هەڵەیە. هەم زیادەڕەویکردن بە شانازیکردن بە زمانی کوردییەوە و هەم سووک سەیرکردنیشی هەڵەی کوشندەیە. ئەوەی زمانی کوردی تا هەنووکە هێشتۆتەوە ئەوەیە کە ئەم زمانە هیچی لە زمانانی دیکە کەمتر نییە، بەڵام ڕووبەری بەکاربردنی لە ڕووبەرێکی بچووکدا بووە، بەو پێیەی گەلێکی تاڕادەیەک بچووک بەکاری هێناوە و هاوکات زمانی تەکنەلۆژیا و زانست نەبووە، دەنا لە هەموو ئاستە ئەدەبی و هونەری و مەعریفییەکانی دیکەدا، ئەگەرچی بێکەموکوڕیی نییە، بەڵام ئیمکانی بەکارهێنان و گەشەکردنی تێدایە وەکو هەر زمانێکی دیکە. هاوکات لە ئاستە زانستی و تەکنەلۆژییەکەشدا زمانی کوردی داخراو نییە و ئەگەری گەشەی زۆری تێدایە. بەڵام دەشێ ئاسۆکانی وەکو ئاسۆی ئەو زمانانەی دیکە، کە بەرهەمێنەری زانست و تەکنەلۆژیان و لەوێوە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان لە دایک دەبن فراوان نەبێت. بەڵام زمانی کوردی زمانێکی بێ ئاسۆ نییە و ئەگەری گەشەکردنی بەڕوودا دانەخراوە.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە و بە مەبەستی پەرەپێدانی زمانی دایک دانراوە و سەرەتای ئەم ڕۆژە بۆ وڵاتی بەنگلادیش دەگەڕێتەوە، کاتێک ساڵی 1952 ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی داکای پایتەخت، کە لە ڕێپێوانێکدا داوایان کرد زمانی بەنگالی وەک زمانی دایک پەرەی پێ بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پاکستانییەوە کوژران. خودی ئەم قوربانیانە بوونە هێمانی بەرخۆدان و قوربانی بۆ پاراستنی زمانی دایک و لەو رۆژەوە ساڵانە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەم بۆنەیە دەقۆزرێتەوە بۆ پاراستنی زمانی دایک و گەشەپێدانی، کە رۆژی 21 ی شوباتی هەموو ساڵێکە. دەشێت ئێمەش ئەم بۆنەیە بکەینە هەلێک بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی و بەکارهێنانی بە دروستی و فێرکردنی نەوەکانمان بە باشترین شێوە کە توانای بەکارهێنانی زمانەکەیان هەبێت، چونکە زمانی کوردی گەشە ناکات تا لە خەمیدا نەبیت و بە دروستی بەکار نەهێنین و پێی نەنووسین. ئەوەشی زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە دوور بکەویتەوە لە تەقدیسکردنی زمانەکەمان و بەهێزکردنی هەستی فاشیزمی بەرامبەر زمانانی دیکە. بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەستی فاشیستی بەرامبەر بە زمانانی دیکە لە خۆماندا بکوژین و هاوکات خزمەتی زمانەکەمان بکەین و لە خەمیدا بین. بە دروستی بنووسین و بە دروستی لەنێویدا بیربکەینەوە و بیکەینە کەرەستەیەک بۆ گەشەی مەعریفی.

ھەواڵی زیاتر