خدر مەنتک
پەیوەندیی نێوان ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و سەقامگیریی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک کە لێک جیاکردنەوەیان ئەستەمە. تاران عێراق وەک قەڵغانێکی پارێزەر دەبینێت و ئامادە نییە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پێگە ستراتیژییە ببێت کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەدەستی هێناوە. فشارەکانی قائانی بۆ سەرکردە سیاسییەکان و هۆشدارییەکانی دەربارەی دەرکردنی سەرکردەی میلیشیاگکان لە حکومەت، نیشانەی ئەوەن کە ئێران ئامادەیە تا کۆتایی بەرگری لە هەژموونی خۆی بکات.
هەر بۆیە، عەلی زەیدی پێویستی بە جۆرێک لە دیپلۆماسیی پارادۆکس (Paradoxical Diplomacy) هەیە. دەبێت لە لایەکەوە واشنتن قایل بکات کە خەریکی چاکسازیی دامەزراوەییە و ڕێگری لە قاچاخکردنی دۆلار دەکات، و لە لایەکی دیکەشەوە تاران دڵنیا بکاتەوە کە حکوومەتەکەی نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران. ئەم یارییە لەسەر پەتی تەل، پێویستی بە وردکارییەکی زۆر و پشتیوانییەکی ناوخۆیی بەهێز هەیە کە زەیدی لە ئێستادا وەک “کاندیدی تەوافوق” ڕەنگە دەستی پێی نەگات.
سیناریۆکانی ئایندە
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعە ئاڵۆزە، سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی حکوومەتەکەی زەیدی چاوەڕوان دەکرێت:
١- سیناریۆی هاوسەنگیی سارد: ڕەنگە زەیدی بتوانێت لە ڕێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆوە گەرەنتیی هەندێک چاکسازیی شکڵیی بداتە واشنتن لە بەرانبەر بەردەوامیی لێشاوی دۆلار، بێ ئەوەی دەست بۆ پێگەی ڕاستەقینەی میلیشیا چەکدارەکان ببات. ئەمەش چارەسەرێکی کاتییە و تەنیا قەیرانەکە دوادەخات.
٢- سیناریۆی بەریەککەوتنی جەمسەرەکان: ئەگەر ئیدارەی ترامپ لەسەر مەرجەکانی سوور بێت و دەستی بگرێت بەسەر داهاتی نەوتدا، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی خنکێنەر دەبێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان و ڕەنگە وێرانبوونی بونیادی حکوومەت پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە ساڵێک.
٣- سیناریۆی ڕێککەوتنی گەورە (The Grand Bargain): ئەوەش ئەوەیە کە واشنتن و تاران لەسەر دۆسیەی عێراق بگەنە لێکتێگەیشتنێکی نوێ دوای ململانێکانی دوایی، کە تێیدا عێراق وەک ناوچەیەکی بێلایەن بمێنێتەوە. ئەمە گونجاوترین سیناریۆیە بۆ زەیدی، بەڵام جێبەجێکردنی لە کاتی ئیدارەیەکی وەک ئیدارەی ترامپدا کارێکی زۆر ئەستەمە.
دەرەنجام
ئێستا عەلی زەیدی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ یان دەبێت وەک پیاوی دەوڵەت هەوڵی گێڕانەوەی سەروەریی دارایی و سەربازی بدات، یان وەک بەڕێوەبەری تەنگژەکان لە ناو بازنەی ململانێی واشنتن و تاراندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی هاوکێشەکان بە ئاڕاستەیەکی نادیاردا دەگۆڕێن. ئێستا سەقامگیریی ڕاستەقینە لە عێراقدا بەندە بەوەی کە بڕیاری سیاسی چەندە دەتوانێت خۆی لە پاشکۆیەتیی جەمسەرەکان ڕزگار بکات و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخاتە سەرووی هەموو ئیعتبارێکەوە. بەبێ ئەمە، هەر حکوومەتێک بێت تەنیا بەڕێوەبەرێکی کاتیی قەیرانەکان دەبێت و ناتوانێت ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت.

