فەرهاد قادر ئۆمەر
لە هەگبەو فەرهەنگی کوردواریدا، وێڕای ئەوەی ماڵ چواردیوار وبنمێچکێكی هەیە، ئەو مەملەکەتە بچووکەیە کە مرۆڤ تێیدا فێری بوون دەبێت. کاتێ خێزانێکی گەنج، بەهۆی گوشاری بژێوی و گرانیی کرێوە، بڕیاری (کۆچی پێچەوانە) بەرەو ماڵی باوک دەدەن، ئەوان جگە لە کەلوپەلەکانیان، بەشێك لە شکۆ و سەربەخۆیی خۆیان لە نێو کارتۆنەکاندا دەپێچنەوە و لە گۆشەیەکی کۆگای ماڵی باوکدا جێی دەهێڵن. هەموو گەڕانەوەیەك بۆ دواوە، جۆرێکە لە تێکشکان. پیاوێك کە ڕاهاتبوو کلیلی ماڵی خۆی لە گیرفان بێت، کاتێ دەگەڕێتەوە ژێر سێبەری باوکی، هەست دەکات باڵای کورت بۆتەوە. ئەو لەتکە نانەی کە باوك دەیخاتە سەر سفرەکە، ئەگەرچی بە دڵسۆزییە، بەڵام بۆ کوڕەکەی چێژی نەتوانین ودەست وپێ سپیەتی دەدات. لەوێدا، پیاو لە کۆڵەکەی ماڵەوە دەبێتەوە بە کوڕە گەورەکەی باوکی، بڕیاری بەڕێوەبردن وپەروەردەی منداڵەکەی لەدەست دەردەچێت، ئەمەش گەورەترین پاشەکشەی دەروونییە کە مرۆڤ لە ناوەڕاستی تەمەنیدا پێیدا تێپەڕێت. ژن لەم گەڕانەوەیەدا، قوربانییە بێدەنگەکەیە. ئەو کە ساڵانێك هەوڵی داوە ڕەنگی پەردەکان و تامی چێشتەکان بە ئارەزووی خۆی بێت، ئێستا چێشتخانەکە چیتر مەملەکەتی ئەو نییە، ئەوێ دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێکی سارد لەگەڵ خەسوو و خوشکی مێرد. هەر دەستکاریکردنێکی خوێی چێشتەکە، وەک یاخیبوون لە دەسەڵاتی دایکی مێرد دەبینرێت. ژن لەوێدا وەك میوانێکی هەمیشەیی دەژی، کە نە مافی هەیە بێزار بێت و نە دەشتوانێت بە تەواوی دڵخۆش بێت. قورسترین غوربەت، غوربەتی ژنێکە کە لە ماڵی خەزووریدا، بە دوای گۆشەیەکدا دەگەڕێت بۆ چەند ساتێك تەنهایی، بەڵام تەنانەت دیوارەکانیش گوێیان لێ گرتووە. لەم ماڵە قەرەباڵغانەدا، منداڵ دەبێتە تەپڵی نێوان دوو دار. دایك و باوك دەیانەوێت بە شێوازێک پەروەردەی بکەن، باپیرە و نەنکیش بە میهرەبانییەکی زیاد لە پێویست یاساکان دەشکێنن. منداڵ فێر دەبێت چۆن یاری بە هەستەکان بکات و لە نێوان دوو جەمسەری دەسەڵاتدا، ئەو کەسایەتییە سەربەخۆیەی کە پێویستە بۆ داهاتوو، لەدەست دەدات.. ڕەنگە لەڕووی ماییەوە پاشەکەوتێك هەبێ، بەڵام بە نرخی تەمەنە، ئەو پارەیەی کە مانگانە بۆ کرێی خانوو دەدرا و ئێستا پاشەکەوت دەکرێت، لە ڕاستیدا بای لێ دەبڕێت، چونکە ئەو ئارامییەی کە لە دەست دەچێت، بە هیچ گەنجینەیەک ناکڕدرێتەوە. ماڵی جیا، ئەگەرچی بچووك و هەژارانەش بێت، قەڵای ئازادییە. باوەشی باوك هەمیشە گەرمە، بەڵام بۆ پیاو و ژنێکی خاوەن خێزان، ئەو گەرمییە زۆرجار دەبێتە هۆی سووتانی پەیوەندییەکان. پێش ئەوەی بارگەتان بپێچنەوە، بیر لەوە بکەنەوە: ئایا دیوارەکانی ماڵی باوکتان ئەوەندە ئەستوورن کە بتوانن هاواری خنکاو و لێکتێنەگەیشتنی دوو خێزان لە نێوان خۆیاندا بشارنەوە..؟
وەک دەڵێن: ئەو ماڵەی دوو کلیلی هەبێت، دەرگاکەی هەرگیز بە ڕووی بەختەوەریدا ناکرێتەوە، چونکە کلیل لە دەستی دایك و باوکدایە، ژن و مێرد لەو ماڵی گەورە، تەنها وەك ڕێبوار وان.. بۆیە بەر لەوەی بڕیار بدەن بگەڕێنەوە، ئەم وتەیەی شارەزایان لەبەرچاو بگرن کە دەڵێن: (ماڵ ئەو شوێنەیە کە دەتوانیت تێیدا خۆت بیت، نەك ئەوەی کە ئەوانی تر دەیانەوێت بیت). ئەگەرچی بارودۆخی ئابووری سەختە، بەڵام لە یادمان بێت: (ماڵ بە ژن ئاوەدانە و بە پیاو توندوتۆڵە)، ئەگەر ژن لەو ماڵەدا هەستی بە خاوەندارێتی نەکرد، و ئەگەر پیاو هەستی بە بڕیاردەر نەکرد، ئەوا ئەو بینایە تەنها پارچە بەردێکە و هیچی تر. ڕاستیان فەرمووە پێشینان کە دەڵێن: نانی وشکی سەر سفرەی خۆت، کە بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆت و ئارامیی دڵی هاوسەرەکەت بێت، پیرۆزترو گەورەترە لەو خوانە ڕازاوەیەی کە دەبێت بۆ هەموو لقێکی میوەکەی، سوپاسی منەتباری بکەیت.

