رۆژنامەی ھەولێر

شیننامەیەک بۆ مەرگی کاروان مومتاز حەیدەری

هەندێک هەواڵ هەن وەک هەورەبرووسکە لە ئاسمانی ساماڵ دەدەن و زەوی لەژێر پێی مرۆڤەکاندا دەلەرزێنن. کۆچی دواییی کاکە”کاروان”، کوڕە تاقانەکەی مامۆستا “مومتاز حەیدەری”، لەو کارەساتە جەرگبڕانە بوو، کە سنووری تەنها ماڵێکی تێپەڕاند و بوو بە خەمێکی گشتی. ئەم مەرگە لە ناکاوە هەموو لایەکی تووشی شۆک و تاسان کرد. سیاسییەکان لە لووتکەی دەسەڵاتەوە، ڕۆشنبیران لە ناو جەرگەی وشە و کتێبەوە، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لە سەنگەری گەیاندنی ڕاستییەکانەوە، هەموو پێکەوە لەبەردەم ئەم کۆستەدا غەمناک بوون.
خەڵکی ئاسایی و عەوامیش، بە بیستنی ئەم هەواڵە، دڵیان بوو بە ئاو و خەمی باوکێکی جەرگسووتاویان خستە سەر شانی خۆیان. مامۆستا مومتاز حەیدەری، تەمەنێکی درێژی لە خزمەتی فەرهەنگ، مێژوو و ئەرشیفی ئەم نەتەوەیەدا بەخت کردووە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی خوایی دایە. ئەو زاتەی هەمیشە وەک قەڵایەکی خۆڕاگر لەبەردەم ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا وەستاوە. کاتێک کاروان کۆچی کرد، مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لاپەڕەیەکی کۆنی بۆ هەڵدراوەتەوە و یەکسەر مەرگی “هیوا”ی کوڕی گۆرانی شاعیرمان بیرکەوتەوە. ئەو کاتەی گۆران بە کوڵ بۆ جگەرگۆشەکەی دەگریا. ئێستا مامۆستا مومتازیش لە هەمان ئەو مەقامەدا وەستاوە کە گۆران تێیدا وەستا بوو.

هەمان ئەو سووتانەی گۆران، ئەمڕۆ لە ناو سنگ و دەروونی مامۆستا مومتازدا کڵپە دەسێنێت. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە خەمی لەدەستدانی ڕۆڵە، پیر و گەنج، شاعیر و نووسەر ناناسێت؛ هەمووان لەبەردەم شکۆ و قورسیی مەرگی گەنجدا وەک یەک دەستەوستان دەمێننەوە. وشەی “تاقانە” قورساییەکی بێ ئەندازەی هەیە. تاقانە واتە هەموو خەونەکان لە ناو یەک جەستەدا کۆکراونەتەوە. کاتێک کاروان ماڵئاوایی دەکات، زنجیرەیەک لە هیوا و ئاوات دەپچڕێن. خەڵکی کوردستان، لە هەر شوێن و پێگەیەک بن، بە قووڵی هەستیان بەو “بەتاڵاییە” گەورەیە کرد کە لە ژیانی مامۆستا مومتازدا دروست بوو. هەموو ماڵێک، هەموو دایک و باوکێک، کاتێک هەواڵەکەیان بیست، کاروانیان وەک کوڕی خۆیان چاو لێ کرد. ئەسرینی چاوی سیاسییەکان و دڵتەنگیی قووڵی ڕۆشنبیران نیشانەی ئەوە بوو کە کاروان خۆشەویستی ناو هەموو کۆڕ و مەجلیسەکان بووە. ئێستا ماڵی مامۆستا مومتاز، کە هەمیشە مەڵبەندی گفتوگۆی گەرمی ڕۆشنبیری و مێژوویی بوو، تەمێکی ڕەشی بێدەنگی دایگرتووە.. لەم ساتە سەختەدا، هەموو گەل لە دەوری خەمەکەی مامۆستا مومتاز کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بڵێن: تۆ بێ هاوخەم نیت و خەمی تۆ خەمی هەموومانە.

لە یەزدانی مەزن داواکارین، کاروانی گەنج و تاقانە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبوریی و ئارامییەکی بێپایان بڕێژێت بەسەر دڵی پڕ لە برینی مامۆستا مومتاز و دایکی بەسۆزی و بنەماڵەکەیاندا. ئەم کۆستە گەورەیە برینێکە مەگەر هەر لوتفی خودایی بتوانێت مەرهەمی بۆ بنێرێت. ماڵئاوا کاکەکاروان.. ماڵئاوا ئەی ئەو گەنجەی بە ڕۆیشتنت، هەولێرت لە سنگتدا خستە گریان.

ئێمەش لێرەوە ئەو شیعرەی گۆرانی شاعیر کە بۆ مەرگی هیوای کوڕی نووسیوە، پێشکەشی مامۆستا مومتاز حەیدەری دەکەینەوە: