کۆنفڕانسی میونشن بەھێزی پێگەی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستانی لە ئاستی نێودەوڵەتی نیشاندا

رۆژی ھەینی، ٥٨ـەمین کۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن بە بەشداری سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت، ٣٥ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و ٨٠ وەزیر و زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامی باڵای وڵاتان دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو. بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، بەشداری شاندی ھەرێم لە کۆنفڕانسی میونشن نیشانەی بەھێزی پێگەی دیپلۆماسیەتی ھەرێمی کوردستانە.

لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ سەرۆک و شاندی دیپلۆماسی و ئەمنی و پەرلەمانتارانی وڵاتانی بەشدار ئەنجام دا.
کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە لەنێوان ئەندامانی ناتۆ دەستی پێکرد و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، دەرگای بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان کردەوە تا پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی جیھان بە چڕی و وردی و رەخنەگەرانە بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کۆنفڕانسەکە ساڵانە بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتری جیھانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە جیھانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە، تا بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەھێزتر دروست بکەن، ھەرچەندە کۆنفڕانسەکە شوێنی راوێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانە لە سەر بابەتە ئەمنییەکان و ھیچ بڕیارێکی تێدا دەرناکرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاسایش ناودەبرێت، واتە گرنگی میونشن بۆ ئاسایش وەک گرنگیی داڤۆسە بۆ ئابووری.
د. ئازاد محەمەد، چاودێری سیاسی، بۆ ھەولێر دەڵێت:” ئەو کۆنفڕانسە کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، کۆنفڕانسێکی زۆر گرنگە، بەشداریکردنی بەرپرسانی ئەمنی لە ئاستی وەزیر و سەرۆکوەزیران و تا سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسی دامودەزگاکانی ئەمنی تێدا بەشداری دەکەن، بەشداری شاندی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دیداری گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و وەزیر و بەرپرسانی وڵاتان ئەنجامداوە، لە ھەموو ئەو دیدارانەدا باس لە رۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کراوە و رێزێکی زۆری لێ دەگرن کە قوربانیەکی زۆری داوە، بەڵام مەترسی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی گرووپەچەکدارەکان لە ئارادایە، پێویستە ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە بنبڕبکرێت، رۆڵی ھەرێمی کوردستانیش بە گشتی بە رۆڵێکی گرنگ دەزانن”.
رەشید ساڵح، مامۆستای زانکۆ لە دھۆک، بۆ ھەولێر دیارکرد:” بەشداری کورد لەو کۆنفڕانسە ئەوەیە کە کورد رۆڵی کارای ھەیە لە ئاسایشی جیهانی، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەو رۆڵە وای کردووە کە لە ھەر شوێنێکی جیهان گۆنگرەیەک، یان کۆنفڕانسێک بەو ناوە ببەسترێت، سەرکردایەتی کورد تێدا بەشدار بێت، چونکە کوردستان توانی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت، کە مەترسی لەسەر ھەموو جیھان ھەبوو، بۆیە کۆنفڕانسی میونشن کە ساڵانە دەکرێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلی کوردستان کە سەرکردایەتی کورد لەو کۆنفڕانسەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیھان کۆدەبێتەوە و دیداری گرنگیان دەبێت، ئەوە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەتوانن پشتگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەست بهێنن، بۆیە پێشوازیکردن لە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت، لەلایەن رێکخەرانی کۆنفرانسەکە و بەرپرسانی وڵاتان نیشانەی پێگەی دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گرنگە، ھەر لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەڵەتی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات”.

ھەواڵی زیاتر