ئـــافرەتانی کورد تا چ ڕادەیەک توانیویانە گرینگی بە ئیرادە و تواناکانی خۆیان بدەن ؟

بە دڵنیاییەوە ئەگەر باس لە ئیرادە و متمانە بە خۆبوون بکەین گەلێک پێناسەی جیاواز لە خۆی دەگرێت هەر تاکێک لە لایەن خۆیەوە دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی بکات، کە تەعبیر لە خودی خۆی بکات،بوونی ئیرادە و متمانە بوون بە خود دەتوانین بڵێن،کرانەوەی دەروازەیەکە بۆ سەركەوتن.

بوونی ئیرادە لە لایەن هەرتاکێک لە ئێمە هەنگاوەكانی سەركەوتنمان نیشان دەدات،واتە سەركەوتن دەكەین بە بنەماو پێوەرەكانی ژیانمان. ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە یاخود سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، بێگومان ئەوە دەبینین کە زۆربەی ئەوکەسانەی کە سەرکەوتنێکی سەرسوڕ‌هێنەریان بە دەستهێناوە بوون بەخاوەنی ئەوەی شتەی کە ئاواتە خوازی بوون،بەڵام کە تێبینی بکەین بە ڕوونی ئەوە بەدی دەکەین کە خاوەن ئیرادەی پۆڵاین بوون.
بوون بە (داهێنەر،بەرهەم هێن،زانا و فەیلەسوف،توێژەر و لێکۆڵەری بە تواناو سەرکردە و ڕابەری گەل و نەتەوە ) کە ئێستا مێژوو باسیان دەکات و شانازیان پێوە دەکات سوود لەو لێهاتوویەی ئەوان وەردەگرێت، بەڵام ئەوان متمانەیان بەخۆیان و کەسایەتی و ھەوڵدانەکانی خۆیان هەبووە تا دواجار گەشتوون بە و ئامانجانە کە وویستوویانە.
ئافرەتانی کورد خاوەن ئیرادەن بڕوایان بە توانای خۆیان هەیە
ئافرەتانی کورد هەمیشە شان بەشانی پیاوان لە کۆمەڵگای کوردیدا توانیویانە ئەو ئامانجانە بپێکن کە ووستوویانە،ئیرادەو متمانە بە خۆبوونیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر گەشە دەسێنێت،ئەو بابەتانەی کە پێشتر لە لایەن کۆمەڵگاو کلتووردا قەدەغەکراو بوون لە ئێستادا ئەم حالەتە نەماوە،خانمانیش هەموو ئەو کارانە دەکەن کە تەنها لە لای پیاوان ڕێگە پێدراو بوون،بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئێستا خانمان توانیویانە ئە لاسەنگیە نە هێڵن،کە ئەمەش لەڕێگای سەرکەوتنی ئافرەتی کردەوەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا،ئەو هەوڵ و ئیرادە زۆرەی کە خانمان لە خودی خۆیاندا گلیان دابۆوە توانیان نیشانی بدەن کە دەتوانن چی بکەن و چی بەرهەم بهێنن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا.
بوون بە خاوەن بڕیار و ڕۆڵی کارا دەگێڕن، تەنانەت وایان لە کۆمەڵگا کرد دەبێت قبوڵی هەموو ئەو گۆڕانکاریانە بکەن کە ئافرەتانیش هەرچیەکیان مەبەست بێت بەو ئیرادەو متمانەیەی کە هەیانە بە خودی خۆیان دەتوانن بەدەستی بهێنن،کۆمەڵگە لە و بیرو باوەڕە چەق بەستووەی پێشتر دەربهێنن. لە ئستادا ئافرەتانی کورد لە هەموو بوارەكانی ژیاندا کە لە کۆمەڵگادا هەیە دەتوانن کاربکەن و شوێن پەنجەی سەرکەوتنیشیان دیار بێت بەبێ شێواندنی ئاکارە پیرۆزەکانی کۆمەڵگا. بێگومان بۆتە پڕکەرەوەی هەموو ئەو کەم و کوڕیانەی کە پێشتر بە زەقی دیاربوون.
بۆ نموونە كاری )پزیشكی و ئەندازیاری و سەرکردایەتی کردن و بەڕێوەبردن و پۆلیس و شوفێری و دوکانداری و بزنس و بازرگانی زۆر بواری تر(… کە کۆمەڵگا پێویستی زۆری پێیانە، كە پێشتر بە دەگمەن لەو بوارانەدا ئافرەتان دەبینران کە ئەمەش بە هۆی داخراوی کۆمەڵگابوو لە ئاست پێشکەوتنەکان یان بەهۆی کلتورو داب و نەریتەکان بوون بوونە ڕێگر لەبەردەم گەشەسەندن کە جیهان بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو ئافرەتانەی کە ئێستا لە بوارێکی گرنگدا کاردەکەن كۆمەڵگا دەستی نەگرتوون و هێزی پێ نە داون بەڵكو توانا و وزەی خۆیان هەبووە كە وای كردووە ئەو كار و پیشانەی كە نەخوازراو بوون ئێستا خوازراو بن، چونكە ئەو گەشەسەندنەی کە هەیە و کراوە بۆ پڕکردنەوی پێداویستیەکان و جوانكردن و پێشخستنی كۆمەڵگا بووە نەك شێواندنی.
ئافرەتانی کورد لە ڕابردووەوە بە بەڵگە ئەوەیان سەلماندووە كە بوونیان هەیە و گرنگن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا .ئەو ئیرادەیەی کە هەر خودی ئافرەت توانیوویەتی باوەڕ بە توانا و لێهاتوویی و گەشبینی خۆی بهێنێت کە ئەو ئامانجانەی لە بیرو هزریدا دروست بووە بە ئەنجامی بگەیەنێت، خەون و ئاواتەکانی بهێنێتە دی . کەواتە ئەوانەی ئیرادەیان هەیە بڕوایان بە خۆیان هەیە تەنها سوودیان بۆ خۆیان نیە، بەڵکو سوودیان بۆ تەواوی مرۆڤایەتی هەیە، چونکە بەرھەم و داھێنانەکانیان ڕۆژانە لە لایەن مرۆڤایەتیەوە سوودی لێوەردەگیرێت.

ھەواڵی زیاتر