كورد لە میونشن

د.نەزاکەت حسێن

بەشداریی هەر ئیڤێنت و کۆنفرانسێک بەتایبەتی نێودەوڵەتی پێوەر و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە؛ دەبێت بە پێوەرێک لە پێوەرەکان شایستەیتت تێدا بێت بۆ چوونە ناو ئەو بۆنە و چالاکیانە. کۆنفرانسی میوشن MSC کۆنفرانسێکە لە سەر پرسە گرنگی ستراتیژیەکان و ئاڵنگاریەکانی بەردەم ئاسایش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبەسترێت، لەپرسی ئاسایشی مرۆڤایەتی، بەرەنگاربوونەوە داکۆکیی ئەورووپی و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان و داماڵینی چەک و ئاڵنگاریە جیهانییەکان. بەشداریی ئەم کۆنفرانسەش بە گشتی بۆ ئەو وڵات و سەرۆکانەیە کە لە سیاسەتداڕشتن و بڕیاردان و هاوکێشەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی ناوچەییەکانی خۆیان ڕۆڵیان هەیە، یان ئومێدی ڕۆڵیان لێ دەکرێت. کۆنفرانسی ئەم ساڵی ٢٠٢٢، بە بەشداریی سەرۆکی ٣٠ وڵات پتر و ١٠٠ سەرۆکوەزیران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە گرنگەکانی وەک UN، NئTO، EU سەرباری گفتوگۆی تۆپیکە نەریتییەکانی پێشووی کۆنفرانسەکانی تر لە داکۆکی و رووبەڕووبوونەوەی نەریتی سیاسەتی ئاسایش، هەنگاوی نا بەرەو پرسیارەکانی پێداویستیی ئەمڕۆی جیهانی وەک گۆڕانکاری و ڕیکخستنی تەکنەلۆجیا، ئاسایسی مرۆڤایەتی و سەقامگیری و ئاڵنگاری و گرفتە گڵۆباڵیەکانی وەک نەخۆشییە بێدەرمانە بڵاوەکان کە بە جیهاندا بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، پارێزگاری لە دیموکراسییەت و هەندێک ئاڵنگاریە ناوچەییەکانی وەک بەهێزکردنی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان، ئەو زیادبوونی دڵەڕاوکێ لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و بارودۆخی ئەو ناوچانەی زۆرتر شوێنی ململانێ و زۆنی کێشەکانن و مەترسین بۆ جیهان، دواڕۆژی کۆنفرانسەکەش تایبەت کرا بەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە ئەرکیەتی و چۆن بتوانێت ڕووبەڕووی ئەم ناکۆکی و ئاڵنگاریانە ببێتەوە. سروشتی ئەم کۆنفرانسەش وایە کە جگە لە بابەتە سەرەکییەکان و قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانس، بواری دایەلۆگ و کۆبوونەوە لە دەوری مێزی گفتوگۆ و کارلێککردن و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکدی، تاکو پێکەوە گفتوگۆی پرسە جیهانییەکان بکەنە هەمووان بەڕێژەی زۆر بێت یان کەم، بوونەتە بەشێک لێی بەتایبەتی ئاڵنگارییە جیهانییەکان.
ئەگەر سەیری ئەم بەشدارییە بکەین جگە لەوەی پێمان دەڵێت کە ئیتر جیهان دەبێت بە یەکەوە نەخشە دانێن، سەردەمی هاریکاری و پێکەوەکارکردنە نەک بەتەنها سەرکردایەتیی جیهان لەلایەن وڵاتێک یان چەند وڵاتێکەوە بەرنامە بۆ جیهان و چارەسەری کیشەکان دابنێن، بەڵکو دەبێت بەهەمووان ڕووبەڕووی کێشەکانی سەردەم ببینەوە، بەتایبەتی کیشەی ئاسایش و تەکنەلۆجیاو گۆڕانی کەشوهەوا و پەتا جیهانییەکان و تیرۆریزم. دەبێت سوود لە عەقڵی هەمووان ببینرێت واتە ئیتر جیهان بە هەماهەنگی و هاریکاری دەچێت بەڕێوە نەک بەجیا. چونکە ئیتر کێشەکان کێشەی گەورەی هەمووانن. هەر ئەوەشە کە بینیمان تۆپیکی بابەتەکانی ئەم کۆنفرانسە جیاواز بوو لە کۆنفرانسەکانی پێشوو لە هەندێک بابەت کە بۆی زیاد کرابوو بەتایبەتی ڕێکخستنی تەکنەلۆجیا و پەتا و نەخۆشییە کوشندە جیهانییەکان.
ئەمە بەڵگە بوو لەوەی کە ئیتر گرفت و ئاڵنگارییەکان جیهانین بۆیە پێویست بە ڕا و بۆچوون و پێشنیاری هەموو جیهانە بۆ چارەسەر و بەرەنگاری. لێرەوە بڕوانینە پێگەی کورد و بەشداریی دوو سەرکردەی کورد، ئەو عەقڵیەتە دیزاینەی کوردی گەیاندە ئەم ئاستە، لەکاتێکدا نە وڵاتی؛ نە خاوەن ناسنامەیەکی دیاریکراویشی، لە ماوەی ٣٠ ساڵێکدا هەزارن لەمپەر دروست کراوە لەبەر دەمت، جگە لە قەیرانە ناوخۆیی و ململانێکان و هەڕەشە ئەقلیمی و مەرکەزییەکان کە بە هەر هەنگاوێکت خەو لەچاویان دەتۆرێت و مەلەف و کای کۆنی سەدان ساڵت بۆ هەڵدەدەنەوە.
بەم هەموو زریان و باران و ڕەشەبایە کەشتیەک ئاسان نەبوو بگەیەنرێتە کەناری ئارامی، بیگەیەنیتە ئاستێک کە تۆ ئێستا لە پرسە نێودەوڵەتی و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژ ونەخشەکێشانەوە بۆ جیهان و ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە جیهانییەکان بەشدار دەكرێیت و، ڕەگەزێکی کاریگەری.
لەناو جەرگەی ناوچەیەکی گەرم بە ناکۆکی و پر لە ئاگر و نائارام و شوێنی یەکلاکردنەوە و پاكانەحساباتی هێزە ڕکابەر و ناکۆکەکان و بەشێکی لە دەوڵەتێک کە ١٠٠ ساڵە نەیتوانیوە نە دەوڵەت بێت نە سەقامگیری بەرهەم بهینێت. تاکە شتێک ڕۆڵی تێدا دەبینێت هێز و داپڵۆسین و کوشتن و بڕین و سەرکوتکردن

بێت، پارچەیەک هەرێمێک سەقامگیری بەرهەم بهێنێت لەتەنیشتدا، ئاسایش بەرهەم بهێنێت خۆی هەزارجار بریندارە بەڵام ڕووبەڕوو تێکشێنەری هێزێکی مەترسیداری جیهانیی وەک داعش و تیرۆرزم دەبێتەوە.
سەرباری هەموو قەیرانەکان کەمئەزموونییەکان لەبەرهەمهێنان و فرۆشتن و بەربەستەكان بۆی دروست دەکرێت، دەبێتە هێزێکی بەرهەمهێنەری گازی سروشتی کە وڵاتان گرەوی لەسەر دەکەن و بووەتە داینەمۆی خوێندنەوەی دەوڵەتان بۆی و، پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان. لە داڕشتنەوەی سیاسەت و نەخشەی سیاسیی ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشكدار دەكرێیت، ئەمانە دەستکەوتێکی گەورەن و تا گەیشتووەتە ئەوەی حکوومەتێکی مەرکەزیی وەک عێراق چاوی بەمە هەڵنایەت و لەگەڵ نوقمبوونی خۆی لە نەبوونی سەروەرەیی یاسا و سەروەریی وڵات و وێرانیی وڵات و زاڵبوونی دەسەڵاتی میلیشیا بەسەر وڵاتدا، نەبوونی هیچ سیمایەکی مۆدێرن و ئاوەدانکردنەوە لە تێکڕای ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستیدا گەشەی ئەم هەرێمە و ئەو ئاستە پێشکەوتنەی پێ قووت ناچێت.
ئەمەش مانای ئەوە نییە کە کەموکووڕی نییە لەم هەرێمەدا، بەڵکو هاووڵاتیانی هەرێم زیاتر لەوەی هەیە پێویستە خزمەت بکرێن ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت و، قەرەبووی ئەو هەموو ئازار و قوربانییەیان بۆ بکرێتەوە کە لە پێناو گەیشتنی بە ئەمڕۆی ئەم هەرێم و دەستکەوتانە داویانە.
گەشەی ئابووریی هەرێم لەم ئاستەدا ئەبێت ئاستی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی خۆشگوزەرانیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زیاد کات و لە قەلەقیی نەبوونی قووت و مووچە رزگاریان کات. تاکو هاووڵاتیان ببنە پشتیوانی زیاتری حکوومەت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و پاراستنی ئەم دەستکەوتانە

ھەواڵی زیاتر