رۆژنامەی ھەولێر

كورد جەنگاوەری ئازادییە نەك پارە!

‎هاودەنگ فارووق
بەدرێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی كورد، كەمترین خاڵی ڕەش دەدۆزرێتەوە، ڕەنگە خەباتی كورد پاكترین خەباتی ڕزگاریخوازی بێت لەنێو گەلانی ناوچەكەدا. گەلی كورد لەگەرمەی شۆڕشدا، ئەوەندەی بەهاكانی پاراستووە، نیو ئەوەندە و كەمتریش پەلی نەكوتاوە بۆ بابەتە هاوچەرخە باوەكانی نێو شۆڕشەكانی دەوروبەر.
بۆ نموونە: بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد، هەرگیز بیری لەوەی نەكردووەتەوە پەل بكوتێت بەرەو تیرۆر و ڕفاندن، وەك ئەوەی لە شۆڕشی گەلانی ناوچەكە دەبینرێت. كورد هەرگیز فڕۆكەیەكی نەڕفاندووە، بۆرییەكی نەوتی نەتەقاندۆتەوە، بارمتەیەكی بیانی نەڕفاندووە، سەودا و مامەڵەی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكاندا، زۆر زۆر بەدەگمەن بووە، ئەوەش لەڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەها كۆمەڵایەتییانەی كە تاكو ئێستاش لەناو كورددا باون و، هەندێ هێڵی سور كە كۆمەڵگەی كوردی بۆ هەر تاكێكی دیاریكردووە. لە گەرمەی شەڕی تۆقێنەری تیرۆریستانی داعشیشدا، ئەگەرچی كورد بووە سەنگەری یەكەمی بەرگریكردن لە شارستانیەتی هاوچەرخ، بەڵام قەت نەچووە نێو سەوداو مامەڵەی دەزگا هەواڵگرییەكان، بەڵكو هەر تاكێكی كورد كە توانای بەرگری هەبوو، ئەگەر پێشمەرگەش نەبووبێت، چەكی هەڵگرتوو ڕۆشتە سەنگەرەكانی بەرگری.
خەڵكی كوردستان بەگشتی، بە بازرگان و دوكاندار و سەرۆك هۆز و خەڵكی سادەشەوە، بەوپەڕی پەرۆشییەوە پیتاكیان كۆكردەوەو، خۆراک و پێداویستیی ژیانیان دەگەیاندە هێزە كوردییەكان لە سەنگەری بەرگریدا، لەوەدا كوردان درێخییان نەكرد. هەر وڵات و لایەنێكی نێودەوڵەتیش كە هاوكاری كوردی كردبێت لەو جەنگە جیهانییەدا، بێگومان سەرەتا هاوكاری خۆیی كردووە چونكە، شەپۆلی داعش مەترسی لەسەر ڕۆژئاواش دروستكردبوو، وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی مەترسییەكە نەگاتە لای خۆیان، لێرە هاوكاری نەك تەنها كورد، بەڵكو هاوكاری هێزە عێراقییەكان و، ئەو هێزانەی دیكەیشیان كرد كە بەرەنگاری داعش بوونەوە. ئەوەی كورد بەرانبەر داعش كردی، زیاتر لە سۆنگەی بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردی و غیرەتی نەتەوەیی بوو، نەك لە سۆنگەی سەوداو مامەڵەی هەواڵگری. ڕەفتارەكەی كورد، پتر فەرهەنگی بوو نەك سیاسی، چونكە بە پێوەرە سیاسییەكان، كورد زەرەرمەندبوو، بێ هیچ مەرجێك بەشداری شەڕی داعشی كرد و، هەموو تاكێكی كورد دژی ئەو مەترسییە بەشداری كرد. كورد بە حوكمی هاوپەیمانی زەرورەت لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان لە ئامانجێكی دیاریكراودا هەماهەنگ بووە، كورد بەخوێن و لەسەر زەوی، بەگیرفانی خۆی ئیدارەی جەنگەكەی كرد، تاكو ئەوەبوو هاوپەیمانییەك دروستبوو، ئەركەكان دابەشكران، لەو سۆنگەیەشەوە، پێشمەرگەی كوردیش وەكو هەر جەنگاوەرێكی دی ، بڕێک هاوكاری دارایی كرا، ئایا سەرباز هەیە لە تەواوی سوپاكانی دنیادا، بەبێ مووچە ئەركی سەربازی ڕاپەڕێنێت؟ بێگومان نییە و ناشبێت، ئەی ئایا كاتێک دەوڵەتێك مووچە دەدات بە سەربازەكانی سوپاكەی خۆی، دەكرێت بڵێ: سەربازەكان بە پارە شەڕم بۆ دەكەن؟.
كاتێک دوو هێز یان زیاتر ئەركەكان دابەش دەكەن، یەك بەرە و یەك دوژمن كۆیان دەكاتەوە، دەكرێت لایەنێكیان بڵێت: تۆ بە پارە جەنگت كردووە؟ لەكاتێكدا ئەویش خۆی بۆ پاراستنی ئەو ژیان و سەروەتە شەڕی كردووە كە پێكییەوە ناوە. واتە ئەنجامەكە هەر یەكە و، چ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. بۆیە لەبری فۆكەس خستنە سەر مووچەیەك كە وەك هاوكاری دراوەتە هێزە كوردییەكان، هەقە هەموو ژیرێك لەخۆی بپرسێت: ئەگەر كورد ئیستی بە داعش نەكردایە چی ڕووی دەدا؟ ئەگەر كورد داعشی نەشكاندایە، چۆن ژیانی لەناوچەكە و لە ئەورووپاش تێكدەدا، ئەوسا مێژوو دەگۆڕا، نەك تەنها ستایلی ژیانی ڕۆژئاوا. باشە ئەو هاوكارییەی بەحوكمی هاوپەیمانێتی و دوژمنی هاوبەش دراوەتە كورد گەورەترە، یان سەركەوتنی داعش و تێكدانی ستایلی ژیانی ڕۆژئاوا.
بۆیە بەكورتی دەڵێین: كورد جەنگاوەری ئازادییە. قەت بۆ پارە و دەستكەوتنی پارە شۆڕشی خۆی بەكارنەهێناوە. مێژووی هاوچەرخ شاهیدە قەت كورد بارمتەی نەگرتووەو لەبەرانبەر ئازادكردنیدا داوای پارە بكات، وەك ئەوەی شۆڕشی گەلانی ناوچەكە كردوویانە.