نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هاوكاريى كولتووريى ئه‌ڵمانيا ده‌كات 

هه‌ر له‌ په‌راوێزى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/2/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ خاتوو كلاوديا ڕۆت، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانى بۆ كاروبارى كولتوور و ميديا، باسيان له‌ بايه‌خ و گرنگيى كولتوور وه‌ك پردێكى په‌يوه‌ندى كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر چالاكييه‌ كولتوورييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌م بواره‌دا.

خاتوو ڕۆت، وێڕاى باسكردنى پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى به‌رنامه‌ى حكوومه‌تى ئه‌ڵمانيا له‌ بوارى كولتووردا، ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكارى له‌ بواره‌ جياكانى كولتووردا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌ پرۆژه‌يه‌كى هاوبه‌شى ئه‌ڵمانى ـ فه‌ره‌نسى له‌ قه‌ڵاى هه‌ولێر كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ پشتگيرييه‌كانى حكوومه‌تى ئه‌ڵمانيا و خاتوو ڕۆت وه‌ك دۆستێكى گه‌لى كوردستان، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عيراق و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

ھەواڵی زیاتر