رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە: 25%ی کارەکان تەواو بووە و لەسەر ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێم 8 کیلۆمەتری دیکە بۆ ڕێگاکە زیاد دەکرێت

کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەولێر-کۆیە بەردەوامییان هەیە و تاوەکو ئێستا 25%ی پڕۆژەکە تەواو کراوە. هاوکات بڕیار دراوە هەشت کیلۆمەتری دیکە بۆ پڕۆژەکە زیاد بکرێت تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگاتە نێو شاری کۆیە.
سەرەتا درێژیی پڕۆژەکە 34 کیلۆمەتر بووە، بەڵام دوای ڕەزامەندی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەشت کیلۆمەتری نوێی بۆ زیاد کراوە. بەمەش ڕێگاکە دەگاتە نێو شاری کۆیە و بە شەقامی 60 مەتریی شارەکەوە دەبەسترێتەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەشت کیلۆمەترە زیادەیە، بڕی 117 ملیار دیناری دیکە تەرخان کراوە، بەمەش کۆی گشتیی بودجەی پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە گەیشتووەتە 677 ملیار دینار.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ڕێکەوتی 10ی 10ی 2024 بەردی بناغەی بۆ دانراوە و لە ئێستادا کارکردن تێیدا خێراتر کراوە.