رۆژنامەی ھەولێر

باشترین کات بۆ خەتەنەکردن هەفتەی یەکەمی تەمەنە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

خەتەنەکردن یەکێکە لەو نەشتەرگەرییە سادە و باوانەی لە جیهاندا بۆ منداڵانی کوڕ دەکرێت، کە بریتییە لە لادانی ئەو پێستەی سەری ئەندامی نێرینە (چووک)ی داپۆشیوە. هەرچەندە ئەم پرۆسەیە زۆرجار ڕەهەندی ئایینی و کولتووریی هەیە، بەڵام لە ڕووی پزیشکییەوە سوود و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. بۆ تیشکخستنە سەر کات و شێوازی گونجاو، د. نەجات عەبدولقادر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان چەند زانیاری و ڕێنماییەکی گرنگ بۆ دایکان و باوکان دەخاتە ڕوو.

کەی باشترین کاتە بۆ خەتەنەکردن؟
د. نەجات عەبدولقادر ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە لە ئەنجامدانی خەتەنە دانەمێنن و دەڵێت: “باشترین کات بۆ خەتەنەکردن هەفتەی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەیە، یان لانی کەم لە ناو مانگی یەکەمدا ئەنجام بدرێت.” سەبارەت بە هۆکارەکەشی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم تەمەنەدا منداڵ کەمتر هەست بە ئازار دەکات و چاکبوونەوەی برینەکەش خێراترە.

سوودە پزیشکییەکانی خەتەنەکردن
بەپێی گوتەی ئەم پسپۆڕە و بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی (AAP)، خەتەنەکردن چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە:
• کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز.
• پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (وەک ئایدز) لە کاتی هەڵکشانی تەمەندا.
• کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ئەندامی نێرینە.
ئەو حاڵەتانەی کە نابێت تێیدا خەتەنە ئەنجام بدرێت
د. نەجات ڕوونی دەکاتەوە کە هەندێک بارودۆخی تەندروستی هەن پێویستە خەتەنەکردن تێیاندا دوا بخرێت یان بە وریاییەوە بڕیاری لێ بدرێت، وەک:
1. کەمکێشیی منداڵ یان لەدایکبوونی پێشوەختە (ناکاو).
2. بوونی نەخۆشییەک کە پێویستی بە چاودێریی چڕ بێت.
3. بچوکیی نائاسایی ئەندامی نێرینە.
4. هەبوونی کێشەی زگماکی لە کونی میزدا (کونی میز لە خوارەوە یان سەرەوە بێت).
5. قەڵەویی زۆری منداڵ، چونکە دەبێتە هۆی چوونی ئەندامەکە بۆ ژێر پێست.
ماکەکان و مەترسییەکانی دوای نەشتەرگەری
هەرچەندە نەشتەرگەرییەکی سادەیە، بەڵام وەک هەر دەستێوەردانێکی پزیشکی بێ ماک نییە. د. نەجات ئاماژە بە چەند ئەگەرێک دەکات:
• خوێنبەربوون کە ڕەنگە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە بێت.
• ئەستووربوون و هەوکردنی شوێنی برینەکە.
• تەسکبوونەوەی کونی میز لە هەندێک حاڵەتدا.

ئەگەر خەتەنەکردن دوا بخرێت چی ڕوودەدات؟
دواخستنی خەتەنە بۆ تەمەنی گەورەتر چەند گرفتێک دروست دەکات، لەوانە زیادبوونی هەستی ئازار کە زۆرجار پێویستی بە سڕکردنی گشتی (بێهۆشکردن) دەبێت، هەروەها ئەگەری خوێنبەربوون و کەمخوێنی لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا زیاتر دەبێت.

ڕێنمایی بۆ دایکان و باوکان
سەبارەت بەو منداڵانەی خەتەنە نەکراون، دکتۆر جەخت دەکاتەوە کە نابێت پێستی پێشەوەی ئەندامەکە بە زۆر پاڵ بنرێتە دواوە، تەنها پاکڕاگرتنی شوێنەکە بەسە. هەروەها ئەگەر دایکان و باوکان هەستیان کرد شێوەی خەتەنەکە وەک چاوەڕوانی ئەوان نییە یان پێستی زیادەی پێوە ماوە، پێویستە پێش هەموو هەنگاوێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی زانستی.
لە کۆتاییدا، جەخت دەکاتەوە کە گفتوگۆی ڕاشکاو لەگەڵ پزیشکی منداڵان باشترین ڕێگەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم نەشتەرگەرییە و دڵنیابوونەوە لە گەشەی تەندروستی منداڵەکەتان.