رۆژنامەی ھەولێر

دابان وەهاب سواره‌ لە دیدارێکدا؛ ئەو شێوەکارەی جیهانی تابلۆ دەکاتە مەڵبەندی پاراستنی ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی

دیمانه‌ – سه‌هه‌ند كۆیی

لە نێو کایە هزرییەکاندا، زۆرجار ‘پەیڤ’ و ‘ڕەنگ’ ئاوێتەی یەک دەبن؛ لێرەدا مانا سنووری کۆتایی وشە دەبڕێت و لە جیهانی شێوەکاریدا ڕەهەندێکی نوێ دەبەخشێت. ئەم یەکگرتنە دەبێتە پردێک بۆ بینینی ئەو پەیامە شاراوەیەی کە تەنها بە سیحری ڕەنگ دەنووسرێتەوە. لێرەدا هونەر تەنها جوانکاری نییە، بەڵکو دەنگێکی نوێیە بۆ ئەو واتایانەی کە لە پشت پەردەی خامۆشییەوە چاوەڕێی ژیانەوە دەکەن. میوانی ئەم دیدارەمان، خاتوو ‘دابان وەهاب سوارە’یە؛ شێوەکارێکی شاری کۆیە و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بەشی کوردییە کە توانیویەتی شارەزایی لە زمانناسییدا بخاتە خزمەت هونەرەکەیەوە. لای ئەو، هەر نەخشێک، گێڕانەوەی ئەو ڕازە پەنهانانەیە کە لە ئەدەبدا چنراون. ئەم گفتوگۆیە، گەشتێکە بەناو ئەو کاروانەدا کە هێڵ و نەخشی کردووەتە پەیامهێنی ناخ و لە ڕێگەی ‘ڕستەسازیی بینراو’ەوە، شکۆی وشە وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی بە نەوەی نوێ دەناسێنێت.

وەک دەرچوویەکی بەشی زمانی کوردی، چۆن بوو لە جیهانی وشەوە بەرەو دنیای ڕەنگ و وێنەکێشان هەنگاوت نا؟
ڕاستییەکەی، ئاخاوتن و وێنەکێشان دوو ڕووی یەک دراون؛ زمان بە وشە وێنە دەکێشێت و شێوەکاریش بە ڕەنگ گوزارشت لە دەربڕینێکی بێدەنگ دەکات. من لەناو دێڕی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا فێری ناسینی هەستەکان بووم، بەڵام تێگەیشتم وشەکان هەندێک جار سنووردارن و ناتوانن ئەو هەموو ڕەنگەی ناو خەیاڵم دەرببڕن. بۆیە گەڕامەوە بۆ لای خولیا دێرینەکەم کە شێوەکارییە. ئەم کارە بۆ من وەک دۆزینەوەی ئامرازێکی نوێی پەیوەندی بوو کە پێویستی بە وەرگێڕان نییە؛ کاتێک تابلۆیەک دەکێشم، وا دەزانم هەموو ئەو مانایانەی لە ئەدەبیاتدا خوێندوومەتەوە، لێرەدا بە شێوەیەکی بینراو بەرجەستە دەبن. ئەم گۆڕانکارییە لە ‘وشه‌وه‌’وە بۆ ‘ڕەنگ’ گەشتێکی ڕۆحی بوو کە وای لێکردم زیاتر لە خودی خۆم تێبگەم.

ئایا وێنەکێشان لای تۆ تەنها خولیا و بەهرەیە، یان پڕۆژەیەکە بۆ گەیشتن بە ڕەسەنایەتی و شوناسی کەسی؟
هونەر لای من لە ئاستی ئارەزوویەکی سادە تێپەڕیوە و وەک بەرپرسیارییەتییەکی مەعریفی مامەڵەی لەگەڵ دەکەم. هەر بەرهەمێکی شێوەکاری، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ڕەهەندە پەنهانەکانی خود. لەناو جەنجاڵییەکانی ژیاندا، مرۆڤ پێویستی بە پەناگەیەک هەیە تا ڕەسەنایەتیی تێدا بپارێزێت؛ وێنەکێشان ئەو مەڵبەندەیە. کاتێک لەبەردەم کەرەستەکانمدا دەوەستم، هەموو ناونیشانەکان لەبیر دەکەم و تەنها دەبمە مرۆڤێک کە دەیەوێت بە ڕەنگ مانا بە بوون ببخشێت. ئەمە گەڕانێکی بەردەوامە؛ هەر کارێکی تەواوکراو، هەنگاوێکە بەرەو نزیکبوونەوە لە ناسنامەی ڕاستەقینەم. بۆیە دەتوانم بڵێم هونەر بووەتە شوناسی سەرەکیم.

ستایلی کاره‌کانت زیاتر به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌چن و چ په‌یامێک هه‌ڵده‌گرن؟
هەوڵ دەدەم کارەکانم ئاوێتەیەک بن لە واقیع و خەیاڵ، بەڵام هەمیشە ڕەهەندە مرۆیی و سۆزدارییەکان تێیدا باڵادەستن. چەمکی “مرۆڤ” و “جوانی” کڕۆکی پەیامەکانمن؛ دەمەوێت بینەر لە ڕێگەی بەرهەمەکانمەوە ئەو هێمنی و قووڵاییە بدۆزێتەوە کە لە جەنجاڵی بژێویی ڕۆژانەدا لێی بێبەشە؛ ئەمەش بەو پێیەی بەرهەمەکانم گوزارشت لەو خەم و هیوا و خەونانە دەکەن کە لە ناخی هەموو تاکێکدا نیشتوون. من نامەوێت کارەکانم تەنها ڕواڵەتێک بن بۆ بینینی چاو، بەڵکو دەمەوێت تابلۆکانم بە “دڵ” هەستیان پێ بکرێت. هەر ڕەنگ و هێڵێک لای من گوزارشتە لە مانا و فەلسەفەیەک، ئەویش پاراستنی ئەو بڕوایەیە کە دەڵێت: هێشتا جوانی لەم جیهانەدا ماوە.

سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی ئیلهامت چییه‌ و چۆن ده‌ست به‌ کێشانی تابلۆیه‌ک ده‌که‌یت؟
ئیلهام لای من لە وردەکارییە سادەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆرجار دیمەنێکی ئاسایی لە شەقام، یان نیگایەکی پڕ لە مانای کەسێکی نەناسراو، دەبێتە هەوێنی تابلۆیەکی گەورە. هەروەها پاشخانە ئەدەبییەکەم کاریگەرییەکی زۆری هەیە؛ هەندێک جار شیعرێکی کوردی دەبێتە وێنەیەک لە مێشکمدا و تا نەیکێشم ئارام ناگرم. سەرەتای کارەکانم بە ئاوێتەیەک لە “دوودڵی و پەرۆشی” دەست پێ دەکات؛ سەرەتا بە کێشانی هێڵکارییەکی سادە و خێرا دەستپێشخەری دەکەم، پاشان ڕەنگەکان دێن و چیرۆکەکە تەواو دەکەن. بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە ئیلهام تەنها چاوەڕێکردن نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای جوانیدا لەناو ئەو شتانەی کە خەڵک بە سادەیی لێیان دەڕوانێت.

ئایا تابلۆکانت وەک “شیعرێکی ڕەنگین” دەبینیت کە ڕەنگ تێیدا جێگەی وشەی گرتبێتەوە؟
بە دڵنیاییەوە، ئاشنابوونم بەم بوارە دیدگایەکی فراوانتری پێ بەخشیم بۆ بینینی گەردوون. شیعر فێری کردم کە هەموو شتێک ڕووکار نییە، بەڵکو لە پشتی هەر دیمەنێکەوە مانایەک حەشار دراوە. من کاتێک کارێکی هونەری دەخوڵقێنم، زۆرجار وەک ئەوە وایە خەریکی نووسینی قەسیدەیەک بم، بەڵام لە جیاتی پیت و وشە، سێبەر و ڕووناکی بەکاردێنم. بۆ نموونە، ئەو گوزارشت و میتافۆرانەی هەن، هەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی سوڕیالی یان واقیعی لەناو کارەکانمدا نەخشەیان بکێشم. ئەم زمانە دەوڵەمەندە بە وێنەی شیعری و منیش وەک وێنەکێشێک، ئەو خەیاڵانە لە قووڵایی هزرەوە بەرەو کەناری بینین دەهێنم و دەیانکەمە گوزارشتێکی بەرجەستە. دەتوانم بڵێم تابلۆکانم “شیعری ڕەنگینن”؛ ئەگەر شاعیرێک بە وشە باسی ئازاری نیشتمان یان جوانیی ژن بکات، من بە تێکەڵکردنی ڕەنگی گەرم و سارد ئەو پەیامە دەگەیەنم.
چۆن توانیوتە نیشانە زمانەوانییەکان: (وەک ناو، کردار و هاوەڵناو)، بکەیتە بنەمایەک بۆ دابەشکردنی سێبەر و ڕووناکی لە کارەکانتدا؟
بەڵێ، ئەمە وردترین تایبەتمەندییە کە کارەکانی منی پێ دەناسرێتەوە. لە زمانی کوردیدا وشە گەلێکمان هەن کە بە مێژوو و سۆز “بارگاوین”؛ منیش لە تابلۆکانمدا ڕەنگەکان بە هەمان گەردوون و مانا بەکاردێنم. لای من ڕەنگی “تۆخ و قووڵ” وەک (کردار) وایە، چونکە جووڵە و وزە بە فەزای کارەکە دەبەخشێت. ڕەنگە “کاڵ و ئارامەکانیش” وەک: (هاوەڵناو)، دەبینم کە سیفەت و کەشوهەوای تابلۆکە دیاری دەکەن. کاتێک دەست دەدەمە فڵچە، تەنها وێنەیەک ناخوڵقێنم، بەڵکو “ڕستەسازییەکی بینراو” بنیاد دەنێم. هەوڵ دەدەم ئەو پەیوەندییە لۆژیکییەی لە ڕێزمانی زماندا هەیە، بیگوازمەوە بۆ نێوان سێبەر و ڕووناکی، تا بینەر تەنها ڕەنگ نەبینێت، بەڵکو مانا بخوێنێتەوە.

ئایا تابلۆکانت جۆرێکن لە دووبارە نووسینەوەی مێژوو بە زمانی سەردەم؟
مێژوو و ئەدەبیات بۆ من تەنها ڕابردوو نین، بەڵکو کانییەکە بۆ ئیلهامی بەردەوام. کاتێک باسی شاعیرێکی وەک حاجی قادری کۆیی یان هەر سیمایەکی تری کولتووری دەکەین، من لە خەیاڵمدا وەک تابلۆیەکی زیندوو دەیانبینم. ئامانجی من ئەوەیە ئەو ڕەسەنایەتییەی لە دەقە کلاسیکەکاندا هەیە، لە قاڵبێکی مۆدێرندا بە نەوەی نوێ بناسێنم. نامەوێت بەرهەمەکانم تەنها “دیمەن” بن، بەڵکو دەمەوێت ببنە “ناسنامە”. بۆ نموونە، کاتێک وێنەی ژنێکی کورد یان دیمەنێکی سروشت دەکێشم، هەوڵ دەدەم ئەو ڕۆحە شیعرییەی تێبکەم کە لە دەقەکانی نالی و مەحویـدا هەستی پێ دەکرێت. ئەمە جۆرێکە لە “دیپلۆماسیی کولتووری”؛ گواستنەوەی شکۆی وشە بۆ سەر ڕووبەری ڕەنگ، تا جیهان لە ڕێگەی دیدەوە، مێژوو و جوانیی ئێمە بناسێت.

چۆن توانیوتە هاوسەنگی لە نێوان ڕەهەندی جوانکاریی ڕەنگ و ڕەهەندی بابەتیی ئازارە کۆمەڵایەتییەکاندا بخوڵقێنیت؟
ئەمە گەورەترین ململانێیە؛ کە بتوانیت ئازارێکی قورس لە ڕێگەی ڕەنگێکی نەرمەوە بەرجەستە بکەیت بەبێ ئەوەی جوانییەکەی بریندار بێت. لای من، هونەر شاردنەوەی ڕاستییەکان نییە، بەڵکو دۆزینەوەی گۆشەیەکی جوانە لەناو قووڵایی خەمەکاندا. من پەنا بۆ “نیشانەسازی” (سیمبۆلیزم) دەبەم؛ بۆ نموونە، لەبری وێناکردنی ڕاستەوخۆی جەنجاڵی، سێبەرێکی شەکەت یان ڕووناکییەکی کز بەکاردێنم. ئەم هاوسەنگییە وا دەکات تابلۆکە تەنیا گێڕانەوەی گرفتەکان نەبێت، بەڵکو ببێتە هیوایەک بۆ چارەسەر و تێڕامان لە ناسکییەکانی مرۆڤ لە سەختترین کاتەکاندا.
لە سەردەمی باڵادەستیی تەکنەلۆژیادا، چۆن پارێزگاری لە “ڕۆحی فڵچە” و ڕەسەنایەتیی کەرەستە خامەکان دەکەیت لە بەرانبەر ساردیی شاشە دیجیتاڵییەکاندا؟
تەکنەلۆژیا هەرچەندە پێش بکەوێت، ناتوانێت ئەو پەیوەندییە ئۆنتۆلۆژییە بپچڕێنێت کە لە نێوان جووڵەی دەستی هونەرمەند و تایبەتمەندییە بونیادییەکانی قوماشەکەدا هەیە؛ لێرەدا ‘ڕووبەری تابلۆکە’ تەنیا کەرەستەیەک نییە، بەڵکو هاوبەشێکی کارایە لە پڕۆسەی بەرجەستەکردنی مانادا. بۆ من، بۆنی ڕەنگ و هەستکردن بە جووڵەی فڵچە، بەشێکن لە پڕۆسەی خوڵقاندن کە لە جیهانی دیجیتاڵیدا بوونیان نییە. پارێزگاریکردن لەم فۆرمە کلاسیکییە، جۆرێکە لە بەرگریکردن لە ‘هەستە ئۆرگانییەکان’. من تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی یاریدەدەر دەبینم، بەڵام بۆ من تابلۆی ڕاستەقینە ئەو کارەیە کە تێیدا هەناسەی مرۆڤ و لەرزینی دەستەکان بە ڕوونی هەستی پێ بکرێت.

لە کایەی شێوەکاریدا، گەورەترین ئەو ئاسته‌نگانه‌ چین کە ڕووبەڕووی تۆ و هونه‌رمه‌ندانی تر دەبنەوە؟
گەورەترین ئاستەنگ، نەبوونی ناوەندی شیاو و پشتگیریی مادی و مەعنەوییە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا وەک پێویست بایەخ بە هونەری شێوەکاری نادرێت و وەک کەرەستەیەکی مەعریفی سەیر ناکرێت. زۆرجار هونەرمەند ناچار دەبێت لەسەر حسابی بژێوی خۆی، کەرەستە گرانبەهاکانی وێنەکێشان دابین بکات. هەروەها نەبوونی بازاڕێکی هونەریی کارا کە تێیدا تابلۆ وەک بەرهەمێکی بەهاکێش و مەعنەوی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وای کردووە زۆرێک لە بەهرەمەندەکان سارد ببنەوە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، عەشق بۆ ئەم بوارە وای کردووە کە بەردەوام بین و ڕێگە نەدەین ڕەنگەکان لەناو ژیانماندا بمرن.

وەک کۆتا پرسیار؛ کاتێک تابلۆ لە ڕەهەندی تەنها بینین دەردەچێت و دەبێتە “هەڵگری پەیام”، ئەرکی مەعریفی و مێژوویی ئێوە لەم پڕۆسەیەدا چییە؟
هونەر بەرپرسیارییەتییەکی مێژووییە؛ کاتێک فڵچە دەگریتە دەست، تۆ تەنها وێنە ناکێشیت، بەڵکو پارچەیەک لە ناسنامە و هەستی نەتەوەیەک تۆمار دەکەیت. ئەرکی من ئەوەیە جوانی وەک بەهایەکی باڵا بپارێزم و ڕێگە نەدەم کارەکانم لە ڕووکەشدا بمێننەوە، بەڵکو ببنە کەرەستەیەک بۆ تێڕامانی مرۆیی. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئێوە و ستافی بەڕێزی ڕۆژنامەی هەولێر هەیە؛ بۆ ئەو دیدە ورد و زانستییەی کە بایەخ بە کایە هونەری و کولتوورییەکان دەدەن. ماندووبوونی ئێوە لە خزمەتکردن بە کاروانی ڕۆشنبیری و ناساندنی توانستەکان، جێگەی بایەخێکی زۆرە. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.