رۆژنامەی ھەولێر

“مرۆڤایەتی؛ ڕەهەندێکی گرنگی ژیان”

فەزیلە شۆرش
خۆشبەختانە کورد خاوەنی ڕێبازی بارزانییە، کە کۆڵەکەی نیشتمان و ڕەگەزێکی سەرەکیی سەقامگیرییە لە کوردستان. ئەم ڕێبازە ئاشتییانە ڕێگری لە هەر جۆرە توندوتیژییەک دەکات، بەتایبەتی لە کاتی ململانێ و شەڕدا.
لە سایەی سەرکردایەتیی سەرکردە و مەرجەعی کورد، سەرۆک بارزانی، ئاسۆی کوردستان گەشاوەیە و پێگەی کوردستان و مافی تاکەکان پارێزراون. لەم ڕێبازە پیرۆزەدا، مرۆڤایەتی یەکێکە لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکانی هەموو پانتاییەکانی ژیان، بەتایبەتی لە هەڵومەرجی ناجێگیر و سەختدا. لە سۆنگەی مرۆڤایەتییەوە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە هەوڵی لەناوبردنی ئەوانی تر بدات بۆ بەرژەوەندیی خۆی؛ بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکە بە هەستێکی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە، شکۆ و ژیانی هەر تاکێکی نەتەوەکەی بپارێزێت.
هەرگیز مێژوو کردەوەی چاک و خراپ لەبیر ناکات. نەوە لە دوای نەوە بە سەربەرزی باس لە کارە چاکەکان دەکرێت، لە بەرامبەریشدا کارە خراپەکان دەبنە پەڵەیەکی ڕەش.
بێگومان سەبارەت بە ڕووداوی نامرۆڤانە و دڵتەزێنی شەهیدبوونی یەکێک لە ئافرەتە پێشمەرگەکان (غەزاڵ)، سەر بە کۆمەڵە، لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر کەمپی سوورداش کە بە سەختی بریندار بوو؛ بەداخەوە چەند نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی ڕەتیان کردەوە چارەسەری بکەن. ئەم کارەساتە پێمان دەڵێت کە لە لایەن هەندێک لایەن و کەسایەتییەوە، بێڕێزی بەرامبەر سیمبولی خۆڕاگری (پێشمەرگە) دەکرێت کە کڕۆکی نەتەوەن. ئەم ڕەفتارە بێگومان هاندەرێکە بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانە؛ ئەم کارە قێزەونە پێشێلکردنێکی ڕوونی سەروەریی پێشمەرگە و ئافرەتانە.
ئەمەش خۆی لە خۆیدا خیانەتە و دوورییە لە غیرەت و شوناسی کوردایەتی. لە دابونەریتی کوردەواریدا ئافرەتان پارێزراون و ڕێزی تایبەتییان هەیە، بۆیە هیچ کات هیچ بیانوویەک قابیلی قبووڵ نییە بۆ بێڕێزیکردن بەرامبەر پێشمەرگە و ئافرەت. وەرنەگرتنی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردن، لە تاوانە گەورەکان هەژمار دەکرێت. بێگومان ئەم هەڵوێستەی ئەو لایەن و کەسایەتییانە بەرامبەر کچە پێشمەرگەیەک، دەرئەنجامی مەلەکردنیانە لەنێو گێژاو و گەردەلوولی خیانەتدا. ئەوان بەردەوامن لە خیانەتکردن لە نەتەوە و نیشتمان و بوونەتە کۆیلەی داگیرکەران و ناحەزانی کورد، لە هەمان کاتدا قەیرانی جیاجیا بۆ کوردستان دروست دەکەن کە زیانمەندی سەرەکی تێیدا خودی کوردە.