یاسین قادر بەرزنجی
ناسینی ڕەوانشاد سمکۆ ناکام دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٢؛ ئەو دەمەی پێکەوە ئەندامی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی بووین؛ کاک سمکۆ لەو کاتەدا خۆشنووس و خاوەنی هەندێ کورتەنووسین و بەرهەمی پڕمانای کاریکاتێری بوو؛ لە بڵاوکراوەی سەردیواری (هێ واو) یان هونەر و وێژەی کۆمەڵدا بەرهەمی پڕ سەلیقەی دەنەخشاند.
هەمیشە دۆستی کتێب و خوێندنەوە بوو، ساڵی ١٩٧٣ کە تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی دامەزرا، یەکێک بوو لە کۆڵەکە پتەوەکانی و دیارترین نووسەری بەرهەمەکانی، شانۆگەریی (چەخماخە)ی سمکۆ و پێشڕەو مژدەبەخش بوو، بە دوایدا درامای (لانەوازان)ـەکەی سەرنجی بینەرێکی زۆری ڕاکێشا. ساڵی ١٩٧٥ی دوای نسکۆی شۆڕش شانۆگەریی (ڕەجەب و پیاوخۆران)ـەکەی ناکام ورە و هیوای دەکردەوە بە بەر گیانی بێئومێدی جەماوەری بینەردا .
ئەم نووسەرە کارامەیەمان بە شانۆ و ستایلی دیکەوە دەبووەوە میوانی ئاشناوڕۆشنایانی؛ دوای ئامادەکردنی (پاڵتۆکەی گۆگۆڵ)، ڕوو لە دنیا و ئەفسوونی کورتەچیرۆک بوو؛ ساڵی هەشتا، (گوڵە مێخەک)ـەکەی ئەدمۆن سەبری و ساڵی ٨٣، (مرۆڤ و شار)ەکەی عەزیز نەسینی ئامادە کرد و بوونە دوو شاکارە نمایشی ئەو دەمە.
ساڵی ١٩٩٣ دوا کاری بە شانۆ سپێردرا کە (گوڵعومەر) بوو.
سمکۆ لە نووسینی شانۆی منداڵانیشدا هەر نەخشی هێناوە و (بەیتی ڕێزانکێ) و (گورگی بێشە و هەرد)ەکەی بوونە وەرچەرخانی ئەو جۆرە شانۆ پڕ لە جوانییە.
دەبێ ئەو ڕاستییە بڵێین هەردوو گەورە دەرهێنەر، ئەحمەد سالار و عوسمان چێوار ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لەسەرکەوتنی کارەکانی سمکۆی داهێنەردا؛ هاوکات ئەکتەری بەشداری نمایشەکانی، کە دەستەیەک بوون لە باشترین هونەرمەندانی کورد، دیسانەوە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە درەوشانەوەی کاراکتەرەکانی ئەو نووسەرە خاوەن خەسڵەتە تایبەتە.
یادت بەخێر کاک سمکۆی سەعید ناکام، ناوە گەورەکەی نووسەرانی شانۆمان، ناکامی بە ئاکام نەگەیشتوو، هەمیشە یادت بەخێر.

