رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی پێشکەوتوو.

بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات.

ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره‌، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/22