حەسەن حەمەد ئاندێکی
لە جیهانی ئەمڕۆدا، کێشە ژینگەییەکان بوونەتە یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی مرۆڤایەتی. گۆڕانی کەشوهەوا، پیسداگەڕانی هەوا و ئاوی، بڕینی دارستانەکان و زیادبوونی زبڵ و پاشماوەکان هەموویان کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ هەیە. بۆیە جیهان پێویستی بە ڕۆژێک هەبوو کە خەڵک هۆشیار بکاتەوە لەسەر پاراستنی زەوی و ژینگە. بەم مەبەستەش هەموو ساڵ لە ٢٢ـی نیسان ڕۆژی زەوی (Earth Day) دادەنرێت.
یەکەم جار ئەم ڕۆژە لە ساڵی 1970 لە (United States) دەستی پێکرد، کاتێک سیناتۆری ئەمریکایی (Gaylord Nelson) بانگەوازی کرد بۆ ڕێکخستنی چالاکییەک بۆ پاراستنی ژینگە. لەو کاتەدا زۆر وڵات تێگەیشتن کە پیسداگەڕانی ژینگە و بەکارهێنانی زۆری سەرچاوە سروشتییەکان دەتوانێت زیانێکی گەورە لە ژیان بدات. بەم هۆیەوە ملیۆنان خەڵک لەو ڕۆژەدا بەشدارییان کرد لە خۆپیشاندان و چالاکییە ژینگەییەکان.
لە دوای ئەوە، ڕۆژی زەوی بوو بە ڕۆژێکی جیهانی و ئێستا لە زیاتر لە 190 وڵات یادی دەکرێتەوە. لە هەر وڵاتێکدا چالاکییە جیاوازەکان ئەنجام دەدرێت، وەک چاندنی دار، پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان، ئەنجامدانی سیمینار و وانەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر گرنگی پاراستنی زەوی. یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی رۆژی زەوی، زیادکردنی هۆشیاریی خەڵکە لەسەر کێشە ژینگەییەکان. زۆر جار مرۆڤ بەبێ بیرکردنەوە سەرچاوە سروشتییەکان بەکار دهێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە. بۆ نموونە بڕینی زۆری دارستانەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەوای پاک و هەڵکشانی گەرمای زەوی. هەروەها فڕێدانی زبڵ و ماددە کیمیاییەکان بۆ ناو دەریا و ڕووبارەکان دەبێتە هۆی پیسداگەڕانی ئاوی و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە گیانلەبەرانی ئاوی.
لە ڕاستیدا، پاراستنی ژینگە تەنها کارێکی حکومەتان نییە، بەڵکو هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت. بۆ نموونە، خەڵک دەتوانن بەکارهێنانی پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراو کەم بکەنەوە، زبڵەکان بە شێوەی دروست دابەش بکەن، دار بچێنن و هەروەها وزە بە شێوەیەکی بەکەڵک بەکار بهێنن. ئەم هەنگاوە سادانە دەتوانن کاریگەرییەکی باش لەسەر پاراستنی ژینگە هەبێت.
هەروەها ڕۆژی زەوی هانمان دەدات بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک و نوێ وەک وزەی خۆر و با. ئەم جۆرە وزانە کەمتر زیان بە ژینگە دەگەیەنن و دەتوانن ببنە هۆی کەمبوونەوەی پیسداگەڕانی هەوا. لە زۆر وڵاتدا ئێستا هەوڵ دەدرێت بۆ گەشەپێدانی ئەم جۆرە وزانە بۆ پاراستنی ژینگە و داهاتووی مرۆڤایەتی. دەتوانین بڵێین رۆژی زەوی تەنها ڕۆژێکی یادکردنەوە نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ هەمووان بۆ ئەوەی بزانن کە زەوی ماڵی هاوبەشی هەموومانە. ئەگەر ئێمە ژینگە پارێزین، ئەوا داهاتووی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست دەکەین. بەڵام ئەگەر بەردەوام بین لە پیسداگەڕان و بەفیڕۆدانى سەرچاوە سروشتییەکان، ئەوا داهاتووی زەوی دەتوانێت تووشی مەترسی بێت. گرنگە کە هەموومان لە هەر شوێنێکدا بین، هەوڵ بدەین ژینگە پارێزین و بەشداری بکەین لە پاراستنی زەوی. چونکە زەوی تەنها شوێنی ژیانی مرۆڤە و پاراستنی ئەوەش پاراستنی ژیانی خۆمانە.
سەرچاوەی بیانی:
www.earthday.org
www.un.org
www.nationalgeographic.com

