رۆژنامەی ھەولێر

ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی و چەند پەیڤێک

شێرکۆ حەبیب
لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی کە لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨یەکەم ژمارەی دەرچوو، دەبێ سەرەتا ئاماژە بە هەوڵ و کۆششی شازادە مقداد مەدحەت بەردخان و خانەوادەکەی بکەین، کە توانیان لەو بارودۆخەی ئەو سەردەمە بۆ یەکەم جار رۆژنامەیەک بە زوبانی کوردی بەچاپ بگەیەنن و بڵاوی بکەنەوە، ئەمە وەنەبێت لە خاکی زێدی باب و باپیرانیان بوو بێت، بەڵکو لە وڵاتی دەربەدەڕی لەساتێک لە خاکەکەی خۆی وشەی کوردی قەدەغەکراو بوو، هەروەها دەبێ ئاماژەی بەرۆڵی وڵاتی میسر بکەین کە باوەشی بۆ بەدرخانیەکان کردەوە و توانیان بە ئازادی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە مێژوودا لە چاپخانەی (دار الهلال) لە قاهیرە چاپ بکەن، کە لەو سەردەمانە کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤار لە میسر دەردەچوون. بۆیە کورد بە گشتی و رۆژنامەوانان قەرزاری خانەوادەی بەردخان و وڵاتی میسرن.

جێگای شانازییە کەوا کورد ئەو رۆژە وەک مێژوویەکی پرشنگدار لە مێژووی میللەتی کورد یاد دەکاتەوە، کە توانرا وشەی کوردی و زاراوەی کوردستان ئاشنا بکات بە جیهان و کوردیش وەک میللەتێکی ماف خوراو بە دونیا بناسێنێت، هەڵبەتە یادکرنەوەی رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنیا بۆنەیەک یا ئاهەنگێک نییە بۆ باسکردنی رابڕدوو، بەڵکو بایەخدانە بۆ ئایندەیەکی گەش و پەند وەرگرتن لەو رابڕدووە پرشنگدارە بۆ بایەخدان بە ئازادی رادەربڕین و ڕۆڵی لە رۆژنامە و راگەیاندن لە بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، هەروەها دەرفەتێکە بۆ یاد کردنەوە و ڕێزلێنان لەو مرۆڤە مەزنانەی بەردی بناغەی ئەو بوارەیان دانا، لەو تێروانین و بۆ چوونانە کەوا لەو باوەرە دابوون ڕۆژنامەگەری دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری. و ناساندنی زولم و زۆرداری لە لایەک هەروەها ناساندنی کەلتور و رۆشنبیری میللەتێکی پارچە پارچە کراو لەسەر زێدی خۆی، کە بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکەر وای دەخواست، هەروەها وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ نەوەی ئیستا کە هەوڵەکان چەند قورس و زەحمەت بوو لە دەرەوەی وڵاتی خۆت هەوڵەکان چر بکەیتەوە بۆ ئەوەی دەنگی میللەتەکەت بگەیەنیت بە جیهان لە ساتێکدا کەوا ئامرازەکانی پەیوەندی و بەچاپگەیاندن وەک ئەمرۆی سەردەمی تەکنەلۆجیا و عەولەمە نەبوو، هەروەها نەوە نوێیەکان دەتوانن ئیلهام لە بەهاکانی کاری ڕۆشنبیری و میدیایی وەربگرن و بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی و داهێنانەوە درێژە بە گەشتەکە بدەن.
ئەمرۆ لە ساڵیادی ١٢٨ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەداخەوە وا خەریکە هەندێ لایەن بە ناوی ئازادی رادەربڕین شیرازەی کەلتور و دابونەریەتی میللەتەکەمان بە ئەقارێکی دیکە دا دەبەن کە دوورە لە بنەماکانی بورای کاری رۆژنامەگەری، ئەوەی گرنگە لە کاری رۆژنامەگەری راستگۆیی و بوێری و ئاسودەیی ویژدان، بەڵام بەداخەوە هەندێ دەزگاکانی راگەیاندن ئەو خەسڵەتانەیان لە دەست داوە، ئەمەش هۆکاری تێک چوونی شیرازەی کۆمەڵگا و پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگا خستۆتە ژێر پرسیار، کە هۆکارە بۆ دوو بەرەکی و لێکترازانی پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگا، کە تەنیا ئەمە خزمەتی نەیارانی میللەت و دۆزە رەواکەی دەکات، کورد دەڵێ (ئەوی سمێڵی سوور بوو هەمزە ئاغا نییە)، واتە ئەوەی دوو وشەی نووسی و یا دوو وشەی گوت رۆژنامەنووس و راگەیاندکار نییە.
گرنگە لەم یادە پیرۆزە ئەو دەزگایانەی پێشێلکردنی بنەماکانی کاری رۆژنامەگەرییان کردووە پێداچوونەوە بە کارەکانیان بکەن و بتوانن لە ئاست پێویست بن لە خزمەتی کردنی میللەت، و پێویستە ئەو خیتابە دژایەتی بگۆرن بە یەکریزی و تەبایی، و لێرە گرنگە ئەو دەزگایانە خولی راهێنان و رۆشنبیری بۆ ستافەکانیان بکەنەوە، هەروەها گرنگە سەندیکای رۆژنامەنووسان زیاتر بایەخ بەو لایەنە بدات، کە ئەمرۆ یادی ٢٨ سالەی دامەزراندیەتی، و تاکە سەندیکایە ئەندامی فیدراسێۆنی نێودەولەتی رۆژنامەنووسانە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەندامە لەو رێکخراوە جیهانیە کە سەندیکایەکی بێ دەولەتە، کە بەندە رۆلی سەرەکی هەبوو لە وەرگرتنی.
هیوای زیاتر پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ رۆژنامە نووسان و زیاتر داکۆکی لە مافی میللەتێکی ماف خوراو لەسەر بنەما دروستەکانی کاری رۆژنامەوانی.