رۆژنامەی ھەولێر

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە لەسەر کڕینی ئامێرێکی قەستەرەی دڵ بۆ مێرگەسۆر

بەپێی نووسراوێک کە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژوی لەسەر کردووە و رەزامەندی دراوە لەسەر کڕینی ئامێرێکی قەستەرەی دڵ بۆ مێرگەسۆر بە گوژمەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار.

ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە تەنیا بۆ دانیشتووانی مێرگەسۆر نابێت، بەڵکو دانیشتووانی ئاکرێ، شێلادزێ و ناوچەکانی دەوروبەریشیان دەتوانن بۆ چارەسەر سوود لەم ئامێرە وەربگرن.
کامەران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، لەوبارەیەوە، ڕایگەیاندووە؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ یەکەمجار رەزامەندی لەسەر دابینکردنی ئامێرێکی تایبەت بە قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی مێرگەسۆر درا.”
دەشڵیت؛ پێشتر لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەنیا یەک ئامێری قەستەرەی دڵ هەبوو، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ژمارەی ئامێرەکان دەبێتە دوو دانە.”
ئاماژە بەوەش دەکات، دابینکردنی ئەم ئامێرە پێویستییەکی هەنووکەیی بوو، چونکە نەخۆشانی سنووری مێرگەسۆر پێویستیان بە نزیکەی دوو کاتژمێر گەشتکردن هەبوو تا دەگەیشتنە نەخۆشخانەی سۆران، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکرد.