رۆژنامەی ھەولێر

منداڵان لە ڤلۆگی خێزانیدا؛یادگارییەکی شیرین یان داهاتوویەکی دزراو؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئەم ڕۆژانە، دیواری ماڵەوە چیتر ناتوانێ نهێنی و ئارامشی خێزان بپارێزێ. بەهۆی گەشەی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی دیاردەی “ڤلۆگی خێزانی” (Family Vlogging)، وردترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، لە چرکەساتی لەدایکبوونی منداڵەوە تا کێشە خێزانییەکان بوونەتە ناوەرۆکێکی گشتی کە هەزاران و ملیۆنان بینەر سەیری دەکەن.

ئەمڕۆ زۆرێک لە خێزانەکان سۆشیال‌میدیا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات بەکار دەهێنن کە ئەو خێزانانە وەک (ماڵەکانی بەردەم کامێرا) ناو دەبرێن، کاتێک تایبەتمەندی دەبێتە کاڵا و لە ڕێگەی “ڤلۆگی خێزانی” و سۆشیال‌میدیاوە، وردترین وردەکاریی ژیانی ڕۆژانە دەبێتە ناوەرۆکێکی گشتی. ئەوەی وەک گێڕانەوەی یادگارییەک دەست پێ دەکات، زۆرجار دەبێتە بازرگانییەک کە تێیدا ژووری دانیشتن و چێشتخانە دەگۆڕدرێن و دەکرێنە ستۆدیۆی وێنەگرتن.
لەم بابەتەدا گەرمترین خاڵی مشتومڕ پرسی مافی منداڵانە کە قوربانی یەکەمی دۆخەکەن کاتێک دایک و باوک چرکەساتی گریان، نەخۆشی یان خواردنی منداڵەکانیان بۆ هەزاران بینەر بڵاو دەکەنەوە، منداڵەکەش هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانی نییە. پسپۆڕانی دەروونی هۆشداری دەدەن کە ئەم “مێژووە دیجیتاڵییە” لە داهاتوودا دەبێتە بارگرانی و لەدەستدانی متمانەبەخۆبوون بۆ منداڵەکە.
جگە لە لایەنی دەروونی، مەترسییە ئەمنییەکانی وەک دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەی منداڵان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەن. هەرچەندە هەندێک ئەم دیاردەیە بە ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەبینن، بەڵام سنووری نێوان “سوودی گشتی” و “بەکارهێنانی خێزان بۆ داهات” زۆر تەسک بووەتەوە.
لە کۆتاییدا، بەرپرسیاریەتیی دایک و باوکانە کە هاوسەنگییەک لە نێوان دەرکەوتنی دیجیتاڵی و پاراستنی شکۆی خێزان لە جیهانی ڕاستەقینەدا دروست بکەن.