ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی هەولێر بە تێچوویەكی كەم و پێكهاتەیەكی تاڕادەیەك هەرزان هاتووەتە نێو ركابەرییەكی سەختی بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەكانی عێراقی ئەم وەرزە، لە دوایین یاریش بە دوو گۆڵی بێوەڵام شكستی بە یانەی قاسم هێنا و هەنگاوێكی دیكە لە ركابەریكردنی نازناوەكە نزیك بووەوە.
گرانبەهاترین پێكهاتەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی باسم قاسم، بەهۆی كێشە دارایی و كارگیرییەكە دوایەمین یانەی خولەكە بوو كە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەم وەرزە دەستپێكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی مانگێكی سەرەتای خولەكە پێشەنگی گرتبوو، بەڵام بەهۆی بەهێزی ركابەرەكانی كە خەرجییەكی زۆریان كردووە لوتكەی لەدەستدا، بەڵام هێشتا لە ركابەریكردنی نازناوەكە بەردەوامە.
هەولێر لە نێو لیستی گرانبەهاترین یانەكانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق خەرجییەكانی زۆر لە یانەكانی گەرمە، زاخۆ، زەورا، قوە جەوییە و شورتە كردووە و نرخی پێكهاتەكەشی بە تەواوەتی لەگەڵ تەڵەبە و دهۆك نزیكە.
پێكهاتەی هەولێر لە بۆرسەی یاریزانان بایی 5 ملیۆن و 50 هەزار یۆرۆیە، لە كاتێكدا گەرمە بایی نزیكەی 8 ملیۆن یۆرۆ یاریزانی گواستووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەولێر لە ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق 3 پلە لە پێش یانەی گەرمەیە كە دەوڵەمەنترین یانەی خولەكەیە، جگە لەوەش هەولێر لە قۆناغی یەكەم لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شكستی بە پێكهاتە گرانبەهایەكەی گەرمە هێنا.
یانەی گەرمە لوتكەی گرانبەهاترین پێكهاتەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە، لە پلەی دووەمیش یانەی زەورا دێت كە پێكهاتەكەی بایی 7 ملیۆن و 70 هەزار یۆرۆیە.
یانەی زاخۆ پێكهاتەكەی بایی 7 ملیۆن و 45 هەزار یۆرۆیە، یانەكانی قوە جەوییە و شورتە لە ریزبەندی چوارەم و پێنجەمی گرانبەهاترین پێكهاتەی خولەكە دێن كە هەر یەكەیان بایی 7 ملیۆن یۆرۆ یاریزانیان گواستووەتەوە.
هەرزارنترین پیشەگەری هەولێر لوتكەی گۆڵكارانی گرتووە
شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ لە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد و گرێبەستەكەی لەگەڵ قەڵاونتارە بۆ یەك وەرزە لە هاوینی ئەمساڵ دەبێتە یاریزانێكی ئازاد و بڕی گرێبەستەكەشی لەگەڵ یانەی هەولێر 255 ملیۆن دینارە بە زمانی بازار دەكاتە حەڤدە دەفتەر دۆلارە (170000$)، لەگەڵ ئەوەشدا شێرزۆد گرانبەهاترین یاریزانی هەولێر نییە، نرخی هێرشبەرە پیشەگەرەكانی گەرمە، زاخۆ، شورتە، جەوییە، زەورا و دهۆك لە نرخی شێرزۆد زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا شێرزۆد بە 22 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ پێش ئەوەی لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكات لە خولی نایابی هۆنگ كۆنگ لەگەڵ یانەی كیچی لە كۆی 52 یاری، 23 گۆڵ و 8 ئەسیستی كرد بوو، لە نێوان ساڵانی 2022 تــا 2023 یاریی بۆ پێرسپۆلیس و پەیكانی ئێرانیش كردووە.
شێرزۆد كاتێك هاتە هەولێر ئاستی گەیشتە لوتكە، ئێستا ئەو یاریزانە چەندان ئۆفەری پێگەیشتووە، بەتایبەتی یانەی گەرمە بە گرێبەستێكی گرانبەها بۆ گواستنەوەی هاتووەتە سەرهێڵ. لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی وەسڵی ئیماراتیش داوای هێرشبەرە ئۆزبەكستانییەكەی هەولێر دەكات، بەڵام شێرزۆد هەموو دەرگای گفتووگۆی بەڕووی هەموو یانەكان داخستووە و بڕیاری داوە تا دوای مۆندیال چارەنووسی خۆی یەكلایی نەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو یاریزانە ئێستا لە لایەن فابیۆ كاناڤارۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆزبەكستان بانگهێشتی مۆندیالی 2026 كراوە.
دهۆك لە دۆخێكی خراپ دایە
یانەی دهۆك كە ئەم وەرزە بە ئاستێكی خراپ تێپەڕ دەبێت و هێشتا وەرزەكە تەواو نەبووە 3 راهێنەری گۆڕیوە و لە دوایین یاری بەرامبەر قوە جەوییە لە نێو یاریگەی خۆی دۆڕا.
دهۆك وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی كەنداو و جامی عێراقیشی بردەوە، بەڵام ئەم وەرزە لە كۆی 29 یاری، تەنیا 10 بردنەوەی هەیە و 12 شكست و 7 یەكسانبوونی هەیە و بە كۆكردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی دێت و بە ئەگەرێكی زۆر بلیتی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتی دەرەوە لەدەستداوە.
پێكهاتەی نەورۆز بایی چەندە؟
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی لە نێو 20 یانە بەشداربووەكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە ریزبەندی حەڤدەیەمین گرانبەهاترین پێكهاتەی خولەكە دێت كە نرخەكەی بایی 3 ملیۆن و 13 هەزار یۆرۆیە، پێكهاتەی نەورۆز تەنیا لە یانەكانی نەفتی میسان، ئەمانەی بەغدا و قاسم گرانترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەورۆزی كوردان لە ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق پلەی نۆیەمی ریزبەندی گرتووە و لە كۆی 29 یاری، 13 بردنەوە، 3 بەرامبەربوون و 13 شكستی هەیە و 42 خاڵی كۆكردووەتەوە.
هەولێر لەبەردەم هەفتەیەكی چارەنووسسازدایە
هەولێر لەم وەرزە لە كۆی 29 یاری، 17 بردنەوەی تۆمار كردووە، 8 یەكسان و چوار شكستی هەیە، 41 گۆڵی كردووە و 23 گۆڵی لێكراوە و بە كۆكردنەوەی 59 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت، بە جیاوازی یەك خاڵ لە یانەی شورتەی دووەم دوورە.
هەولێر دوێنێ گەشتی بەغدای كردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی دوو یاریی لوتكە لەگەڵ دوو یانەی گەورەی شاری بەغدا، رۆژی پێنجشەممە رووبەڕووی قوە جەوییە دەبێتەوە، هەر لەو شارە دەمێنێتەوە و پاشان بەرامبەر تەڵەبە یاری دەكات، دواتر هەولێر گەشتەكەی تەواو دەكات و دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی كەرخ دەكات.

