یاسین قادر بەرزنجی
ناوەڕاستی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆی ڕۆژنامەنووس کاک نازم دڵبەند و چەند هاوڕێیەکی تری ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکەوە، کاکە (جەلال بەیار)ی ئازیزم ناسی، ئیدی وەک دوو ئەکتەر ئاگامان لە یەکتر بوو، لە سەردانەکانیدا بۆ سلێمانی بەیەکتر شاد دەبووینەوە و هەمیشە بەوپەڕی شیکی و ڕێکپۆشییەوە و لەگەڵ زەردەخەنە و قسە خۆشەکانیدا دەبووە گوڵی مەجلیس.
بە هەمان شێوە، منیش کە دەچوومە هەولێر، لەگەڵ بەیاردا یەکترمان دەبینی و لە گەڕەکە دێرینەکەی (عارەبان) و شەقامی مزەفەریە و کۆمەڵی هونەر و وێژە و لە هۆڵی گەل و میدیایش، ڕازی هاوڕێیانەمان بەیەک دەگەیاند و، گەلێک ئێوارەش دەچوینە لەیالی ئەربیل و لە کۆڕی یاراندا، کە هونەرمەند و نووسەران بوون، ساتی شیرینمان دەبردە سەر.
جەلال بەیار ئەکتەرێکی دەگمەن و بە ئەزموون بوو، خاوەنی مێژوویەکی پڕاو پڕ لە جوانی و ئەفراندن بوو، یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی نمایشە شا نۆییەکانی وەکو:
چڵپاو، مارەیی، هەبوو نەبوو، مەسەلەی شارێک، محەمەد و سێوێ، قەڵای دمدم، وەلی دێوانە و، زۆری تر بوو.
هەرچۆن دەنگ و سیما گەشەکەی کاراکتەری نێو دراما تەلەڤیزیۆنییەکانی وەکو:
تاپۆ هەقی چییە ،نەورۆزێکی تر، گەردەلوولی بە سەرکەوتوویی بەرجەستە کرد.
بەیار کەسێکی دڵپاک و لەخۆبردوویی و دوور لە ڕق و کینە بوو، هەموو تەمەنی بەخشییە هونەرەکەی، چەندین جار لە مامۆستایانی دەرهێنەر تەلعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان و فەرهاد شەریف و هاوڕێ ئەکتەرەکانی دیکەیم بیستووە کە چەندە کەسێکی ملتەزیم و خاوەن خەسڵەتی بەرزی هونەرمەندانە بووە.
یادت بەخێر براکەی هەولێرم ، یادت بەخێر گوڵە جوانە بۆنخۆشەکەی ئێخەی شانۆی هەولێر و کوردستان، هەمیشە لای ئێمەی هاوڕێیانت یاد و یادگارت بە زیندوویی دەمێنێتەوە بەیار گیان.

