رۆژنامەی ھەولێر

بە هەڵمەتێکی فراوانی چاندنی نەمام پێشوازی لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.4.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستانەوە و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاندنی نەمام لە گەڕەکی سەربەستی ( 32ـی پارک ) دەستیپێکرد.

لەهەڵمەتەکەدا، کە بەڕێوەبەرانی شارەوانیەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەشداربوون، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە کرد و ستایشی هەوڵەکانی تیمی شارەوانی کرد بۆ خزمەتکردنی ژینگەی هەولێری پایتەخت. هاوکات جەختی لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژیی “پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر” و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناو سەنتەری شار، بە ئامانجی پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە و جوانترکردنی سیمای شارستانیی پایتەخت.

جێگەی باسە، دوای جێگیربوونی بارودۆخی کەشوهەوا، سێ نەمامگەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەستیان بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری کردووە. لە پلانی ئەمساڵدا واچاوەڕوان دەكرێت ( 100 هەزار ) نەمامی جۆراوجۆر و ( 56 هەزار ) گوڵی وەک (هیرۆپس، قەدیفە، ناندینا، شمشار و گوڵەباخ ) بچێندرێن، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لە ماوەی ڕابردووشدا نەمامەکانی (وەک: سیسەم، ئەلبیزیا، پێ حوشتر، برخت، دەدۆنیا، واشنتۆنیا، فڵچە بوتڵ و ئەکاسیا) كە لە نەمامگە ناوخۆییەکان بەرهەم هێنراون و بەتەواوی لەگەڵ ژینگەی هەولێردا دەگونجێن چێندراون. هەروەها بڕیارە ئەمساڵ “نەمامگەی نموونەیی 4” لەسەر شەقامی 120 مەتری بکرێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی سەوزکردنی هەولێر و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان لەو شارەدا.