ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی ڕووسیا وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو و ڕاشیگەیاند ڕووسیا بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
هەروەها ڕوانگەی وڵاتەكەی لەبارەی گۆڕانكاریی و ڕووداوەكانی ناوچەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا كە ڕووسیا خوازیارە بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت، لای خۆیەوە سەرۆك بارزانیش جەختی لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كردەوە. هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لە ڕێگەی دانوساندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن. هەورەها هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕوون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوونە.
لەبارەی پرسی پارێزگای كەركووك سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە، ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لە ڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت.

