ڕائیب جادر – ههولێر
ڕۆژی ١٦/٤/١٩٨٧، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، شێخ وەسان و بالیسانی کیمیاباران کرد، بەو ھۆیەوە ٢٦٤ ھاووڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاووڵاتی دیکەش بریندار بوون. کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی، دەڵێن، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە و داوا دەکەین قەرەبوومان بکاتەوە.
ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت، ھەزاران منداڵی کورد لەژێر سایەی ئەو مێژووە تاڵەدا گەورە بوون، نەوەی نوێ پێویستی بە بیرھێنانەوە ھەیە، پێویستی بە ئەرشیفکردنی بەڵگەکان ھەیە، پێویستی بە بەردەوامبوونی داخوازی دادپەروەری و پاککردنەوەی خاکی کوردستان ھەیە.
ئازاری نیسان تەنیا مەرگ نەبوو، دەستپێکی پڕۆسەیەک بوو کە سەرەنجام لە ئەنفالدا گەیشتە لووتکە، خۆشناوەتی دەستپێک بوو، جینۆسایدی گەلێک کە بە ھەڵەبجە و ئەنفالەکان بەردەوامی ھەبوو.
کیمیابارانکردنی خۆشناوەتی بە چەند قۆناغێک بوو، بەڵام یەکەمجار ڕۆژی ١٦/٤/ ١٩٨٧ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیەک شێخ وەسان و بالیسانی کیمیاباران کرد، کە بەو ھۆیەوە ٢٦٤ ھاووڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاووڵاتی دیکە بریندار بوون، کە تا ئێستا ھەندێک لە بریندارەکان بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن، ھەروەھا ٥٧ کەسیش لە سنووری بالیسان ئەنفالکراون.
کەسوکاری شەھیدان، دەڵێن، لە کاتی کیمیابارانکردنی بالیسان ئەشکەوتەکان ببوونە ماڵی ئێمە و خۆمان لەو ئەشکەوتانە حەشاردابوو، لە کاتی ھاتنی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس دەچووینە ناو ئەو ئەشکەوتانە، بەھۆی زۆری کاریگەری چەکی کیمیاوی لەسەر ڕێگاکان بە دەیان شەھید و بریندار دەبینران، ٣١/٧/١٩٨٨ جارێکی دیکە ڕژێمی بەعس کیمیای لە بالیسان دا ئەمجارەش چەندین ھاووڵاتی دیکە شەھید و بریندار بوون.
پاشماوەی کەسوکاری شەھیدان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە بەرامبەر بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی تا ئێستا ئازارەکانمان کەمنەبوونەتەوە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی قەرەبوو بکاتەوە، داواش لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین بەرکەوتووان ئەوانەی کە پێویستیان بە چارەسەرە، چارەسەر بکرێن کە ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ ھاووڵاتی لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی ئاسەواری ئەو چەکە لە نێو جەستەیاندا ماوە.
شایانی باسە شارەدێی بالیسان لە ساڵی ١٩٩٨ بووەتە شارەدێ و سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوەیە و ٣٠ کم لەو شارۆچکەیەوە دوورە.

