رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینزاکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان شانازی بەو پێکەوەژیانە دەکەن کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و دەڵێن، لە ھەرێمی کوردستان ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکاندا ناکرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بە لێشاو ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. ئەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە دنیای دەرەوە دەنگی داوەتەوە و پێگەی ھەرێمی کوردستانی بەھێزتر کردووە، وەکو خۆیان دەڵێن، پارتی لە خەمی ئێمەدایە زۆرجار لە بەش و بەرکەوتەی خۆی داوەتە ئێمە، بۆیە ھەتا پارتی و سەرۆک بارزانی مابن مافی ئێمە وەکو پێکھاتەکان پارێزراو دەبێت.

ھەرێمی کوردستان بە مەڵبەندی پێکەوەژیان ناسراوە، ھەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەک بۆ عێراق و ھەموو جیھان بۆ پێکەوەژیان، ڕۆژبەڕۆژیش ئەو پێکەوەژیانە زیاتر دەبێت، سەدان ساڵە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکاندا نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراقدا بەردەوام ھەڕەشە لە پێکھاتەکان دەکرێت، دەردەکرێن، دەڕفێنرێن و دەکوژرێن، ھەر ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆریان ڕوو لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
مەسیحییەکانی عێراق خەریکە لەو وڵاتە بێھیوا دەبن و ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، تا ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەسیان لێ کەم بووەتەوە، ئەوەی ماویشە، زۆرینەی لە ھەرێمی کوردستان حەواونەتەوە و داڵدە دراون، ناوچە کریستیانەکان لە دەشتی نەینەوا بریتین لە شارۆچکەکانی تلکێف و حەمدانییە، کە بەھۆی ھاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کریستیانی دەشتی نەینەوا ئاوارە بوونە و تا ئێستا تەنیا چەند ھەزارێکیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەڕوونی مافی پێکھاتەکانی تێدا پارێزراوە، وەک لە ماددەی شەشی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، گەلی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە کورد، تورکمان، عەرەب، کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن و ھاووڵاتییانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکھاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی دانراون.
ھەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان و ئازادی ئایینیدا نموونەیە و سەلمێنەری ئەوەیە پێکەوەژیان و ڕێزلێنان لە یەکدی مەحال نییە، سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بە کردار پێکەوەژیانیان فەراھەم کردوو.
سەرۆک بارزانی ھەمیشە لە بارەی پێکھاتەکانەوە ڕایگەیاندووە، دەبێ پێکھاتەکان ھەمیشە ڕۆڵی کارایان لە حکوومەت و پەرلەماندا ھەبێت، چونکە لە ھەموو شۆڕشەکانی گەلی کورددا ڕۆڵیان ھەبووە.
لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد، ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە، لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە، لە سێکتەرە جیاوازەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخسێندراوە کە گوزارشت لە مافەکانیان بکەن، پێکھاتەکان، دەڵێن، سەرۆک بارزانی سیمبولی پارێزگاری بووە لە ھەموو قۆناغەکان لە مافی پێکھاتەکان، کابینەی نۆیەمیش ئەو دەرفەتەی زیاتر کردووە.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ٤١%ی پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای ھەولێرن، ٤٠% لە پارێزگای دھۆک و ١٩% لە پارێزگای سلێمانین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش بێت خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆلارە.
لە دێر زەمانەوە ھەتا ئێستا ئەوەی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی شانازی پێوە دەکەن ئەو کولتووری پێکەوەژیانەیە کە لە نێوان ئاین و پێکھاتە جیاوازەکاندا ھەیە، لە دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت کار بۆ ئەوە دەکرێت دەرفەتی زیاتر بۆ پێکھاتەکان برەخسێت کە لە دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەماندا کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بکەن.
ھەر چەندە لەسەر داواکاری سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی سەرۆک بارزانی ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دانرابوون، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئەو مافەیان لێ وەرگیرایەوە، بە پێداگری سەرۆک بارزانی پێنج کورسی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گەڕایەوە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەت دوو وەزارەتیان پێدراوە، لە سێکتەری خوێندنیشدا خوێند بە زمانی خۆیانە، بەپێی یاسای ژمارە ٥ کە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە مافەکانیان پارێزراوە.
لە ھەرێمی کوردستان مزگەوت، دێر و نزارگە لە یەکدیەوە نزیکن و پێکھاتەکان ڕێز لە بیر و باوەڕی یەکدی دەگرن. حاجی مەحموود، مامۆستای ئایینی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زۆر کەس و لایەن ھەتا تیرۆریستانی داعش زۆر ھەوڵیان دا ئەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە تێک بدەن، بەڵام نەک نەیان توانی، بەڵکو ئەو پێکەوەژیانە لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر بووە و کاتێک ئێزدییەکان و مەسیحییەکان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، موسڵمانەکان دەرگای ماڵەکانیان بۆ کردەوە، ئێستاش لەو گوند و ئاوایانەی کە مەسیحی و موسڵمان پێکەوە دەژین بەردەوام ھاوکاری یەکدی دەکەن و لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەکدی دانە.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری دھۆک ھەن، ئەو ئاوارانەی کە لەنێو کەمپەکان دەژین ٢٠٨١٤ خێزان دەبن، لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥٠٠٠ خێزان دەبن، لەگەڵ ٨٥ ھەزار پەنابەر، کە کۆی گشتی ٣٧٥ ھەزار کەس لە ئاوارە و پەنابەر دەبن، ئێستا ھەر پێنج سێکتەری ژیان لە نێو کەمپەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات، وەکو ھەڵگرتنی پاشماوەی ئاوارەکان، دابینکردنی ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە ھەموو ئەو سێکتەرانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بەڕێوەدەبردرێن، حکوومەتی ھەرێم بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زۆر باش توانیویەتی خزمەتی ئاوارە و پەنابەران بکات، ئاوارە و پەنابەرانیش وەکو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکەی سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکان و بە ئازادانە لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین و دێن و دەچن.
پێشتر ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت بوو، لە ھەرێمی کوردستان ڕەوشی پێکھاتەکان زۆر باشە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام پشتگیری لە مافەکانیان دەکات، ھەبوونیان لە کایەکانی حکوومەت گرنگە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بەردەوام پشتگری لە پێکھاتەکان دەکات، لە کابینەی نۆیەمیش ڕەنگی داوەتەوە، وەزارەتێک ھەیە بەناوی کاروباری پێکھاتەکان، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە لە بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئەدیانەکان، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دیار و بەرچاوە، ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان کردووە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، ئەو دەستەڵاتەی کە لە عێراق ھەیە غەدر لە پێکھاتەکان دەکات، زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان نادات، پێویست دەکات لە عێراقیش گرنگی بە پێکەوەژیان بدرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، گوتیشی: ئەو شاندانەی کە لە دەرەوە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن زۆر گرنگی بەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەدەن، لە ھەمان کاتدا سەردانی ئێمەش دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی پێکھاتەکان بن، ئەوان لەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ڕازین، بەتایبەتی لە ئێستادا لە کابینەی نۆیەم وەزارەتێک ھەیە بۆ کاروباری پێکھاتەکان.