رۆژنامەی ھەولێر

هاوکاریی دارایی سەرۆکی حکوومەت بەسەر ڕزگاربووانی دەستی داعش دابەشکرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھاوکاری دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدی، کە ٣٥٩٠ کەس دەبن دابەشکرا، ئەم ھاوکارییە مووچەی مانگەکانی ١ و ٢ی ئەمساڵی سەرجەم ئەو ڕزگاربووانە دەگرێتەوە کە لەژێر دەستی داعش ڕزگارکراون.

چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی ٥ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ بەسەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی ئەنجام دا و بە ھیمەتی پێشمەرگە و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی توانرا سەنتەری قەزای شنگال لە تیرۆریستانی داعش پاک بکرێتەوە و ئازاد بکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا ئۆپەڕاسیۆنی پێشمەرگە توانیی ناحیەی سنونێ و چیای شنگال لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ ئازاد بکرێت، بەوەش توانرا ئەو ئابلۆقەیەی خرابووە سەر خەڵکی شنگال بشکێندرێت.
زیاتر لە ساڵێکە ئەو ھاوکاری داراییە مانگانەی سەرۆکی حکوومەت بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدی دابەشدەکرێت، ھەروەھا لە ھەر دوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی ھاوکاری ئەو ڕزگاربووانە دەکرێت، بەگوتەی بەرپرسان لە داھاتوودا شتی باشتر پێشکەش بەو ڕزگاربووانە دەکرێت.
ئیمان عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ٣٥٩٠ کەس لە ھەردوو ڕەگەز لەم ھاوکاریە داراییەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان سوودمەند دەبن، پرۆسەی دابەشکردنەکە لەڕێگەی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی “لالش”ـەوە بەڕێوەدەچێت و وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ پاڵپشتیی دارایی ئەو چینە ھەژمار دەکرێت.
ئەم ھاوکارییانە وەک بەشێک لە پشتیوانییە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمە بۆ باشترکردنی بژێویی ڕزگاربووانی ئێزدی، ئامانج لە دابینکردنی ئەم تەرخانکراوە داراییە، کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی خێزانەکان و دابینکردنی پێداویستییە ژیارییەکانی ئەو کەسانەیە کە لە کارەساتەکاندا زیانمەند بوون.
لەلایەکی دیکەوە عیسمەت ڕەجەب، نوێنەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای مووسڵ لە کاتی دابەشکردنی ھاوکارییەکە، ئاشکرای کرد: ھەوڵەکانی ئێمە لەگەڵ ئیدارەی مووسڵ بۆ دابینکردنی پارچە زەوی بۆ ڕزگار بووان لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ شنگال و دەوروبەری بەردەوامە، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت و خەڵک بگەڕێتەوە و دەستی ئاوەدانی بگاتە شارەکە و دەوروبەری.