پێشڕەو تەها حەسەن*
خوێندنی سەرهێڵ، بە سێکوچکەی دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و، مامۆستایانی ماندوویەتینەناس و، بەخێوکەرانی خەمخۆر، ئامانجەکەی خۆی زۆر باش دەپێکێت.
لەمەڕ ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی هاتووەتە پێشمان، وەزارەتی پەروەردە باشترین بژاردەی گوڵبژێر کردیە، ئەویش “خوێندن بە ڕێگەی سەرهێڵ بخوێندرێت”، بۆیە بە پێویست و بە باشی دەزانین ئەو سێکوچکەیە بە پێی توانای خۆیانەوە، بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان هەڵبستن، چونکە ئەگەر ئەو سێی شادەمارە سێکوچکەیە، لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا نەبن، ئەو جۆرە خوێندنەی بە ناوی (سەرهێڵ) کاریگەریی نەرێنی بە دوای خۆیدا بەجێ دەهێڵت.
کوچکەی یەکەم/ کارگێڕیی قوتابخانە و ئالنگارییەکان:
1. دەستەی کارگێڕی قوتابخانە، بەوپەڕی سەرچاوەی توانای مرۆیییانەوە، هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنە سەر یەک، بۆ ئەوەی کەمترین کەموکووڕیی تەکنیکییان هەبێت.
2. بەشی تەکنیکی لە قوتابخانە، بەردەوام هاوکاری و ڕاهێنانی خێرا بە مامۆستایان بکات، چونکە سەرکەوتنی خوێندنی سەرهێڵ، پەیوەست کراوە بە سەرچاوەی مرۆیی واتە مامۆستاوە، لە بەکارهێنانی کەرستە و ئامرازی سەردەمیانەی وەک (پلاتفۆرمی ئی _ وانە).
3. بەڕێوەبەران، مامۆستایان و رێنماییکارانی پەروەردە، ڕووبەرووی ئەو ئالنگارییە ببنەوە، بۆ ئەوەی بەوپەڕی کۆششی خۆیانەوە، بە ئاراستەیەکی ئەرێنیی و لۆژیکییەوە، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن لەو دۆخە نەخوزراوەدا.
4. سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، زۆر بە ڕژدی و بە چڕییەوە، بە شێوەیەکی ئەرێنی، پەروەردەیی، لۆژیکی، چاودێری و هەڵسەنگاندنی قوتابیان و مامۆستایان بکەن.
5. بەڕێوەبەرەکان و ڕێنماییکارانی پەروەردە، بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە، لە جێبەجێکردنی خوێندنی ئۆنلایندا، پاڵپشتی و هاوکاریی خۆیان بۆ بۆ دایبابان و قوتابیان دەرببڕن.
6. بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، لە بری دەربڕینی وشەی نەرێنی، وەک سزادان، بەدواداچونی چڕ و مەرجی سەخت، هەوڵ بدەن بە دەربڕینی وشەی ئەرێنی، بە هاندان و دەستخۆشی لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیاندا بجووڵێنەوە.
7. بەڕێوەبەرەکان، پاداشتی هاندان و ماددی لە بەرانبەر کۆی وانەی خوێندراوی وانەکانی هەفتانە، بۆ ئەو مامۆستایانە ببەخشن، ئەگەر جوان و دروست، ئەرکی خۆیان لە ئاست قوتابیاندا بەجێ گەیاندبێت.
8. کارگێڕی قوتابخانەکان، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی قوتابیان، لە ڕووی سۆشیالمیدیاوە، وێنە و ڤیدیۆی جوان و سەرنجڕاکێش لە دیمەنەکانی خۆیان دابنێن.
کوچکەی دووەم/ مامۆستایان، چۆن بە باشترین شێوە خۆیان بۆ وانەوتنەوە ئامادە بکەن:
1. مامۆستایان، بە شێوەیەکی لۆژیکی و ئەرێنییەوە، متمانەیان بە سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنی سەرهێڵ هەبێت، چونکە ئەگەر مامۆستایان، متمانەیان بە پرۆسەی (خوێندنی سەرهێڵ) نەبێت، ناتوانین ئامانجی بژاردەی خوێندنی سەرهێڵ بپێکین.
2. پاتریی لاپتۆپ پڕ بێت و، مامۆستایان بە شەحنی پڕەوە، بچنە نێو خوێندنی سەرهێڵ.
3. مامۆستایان، چۆن لە ناوەندەکانی خوێندن، پلانی ڕووبەڕووی خوێندنیان لە ناو پۆلدا هەبووە، بەو شێوازەش زیاتر دەتوانن پلانێک بۆ وانەی سەرهێڵ دابنێن، واتا پلانەکە لەگەڵ کەشوهەوای (سەرهێڵ) بگونجێت.
4. مامۆستایان، پێویستە خەوتنی شەوانەیان ڕێک بخەنەوە؛ دیارە لەبەر پشوو، رەوتی خەوی هەندێکمان لە خەت لای داوە.
5. مامۆستایان، زۆر گرنگە خواردنی بەیانیان بخۆن، چونکە ئەگەر وزەی پێ نەبێت، مامۆستا وەک پێویست ناتوانێ لە (خوێندنی سەرهێڵ)ـدا ئامادە ببێت.
6. مامۆستا، زۆر گرنگە ڕەچاوی دۆخی دەروونیی قوتابیان بکات، چونکە ڕەنگە هەموو قوتابییەک (لە خوێندنی سەرهێڵ)ـدا بە دڵی مامۆستا نەبێت، بۆیە وا باشە مامۆستایان بە ڕەچاوگرتنی (جیاوازیی تاکایەتیی قوتابیان) مامەڵەیەکی دروستی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی لەگەڵ قوتابیاندا بکەن.
7. مامۆستایان، پێویستە ڕەچاوی جیاوازی لە نێوان (خوێندن ڕووبەڕووی ناو پۆل و خوێندنی نێو سەرهێڵ) بکەن، واتا کاتێکی دیاریکراوی خۆتان زۆر بە جوانی دابەش بکەن، وەک گەیاندنی وانە، بەشداریکردن بە قوتابیان، پێدانی ئەرکێکی ئاسان و پێویست.
8. مامۆستایان، چۆن ڕووبەڕوو لە ناوەندەکانی خوێندن لە بەرانبەر قوتابیان، بە هەموو ڕوویەکەوە، زۆر باش خۆتان ئامادە دەکرد، هەر بەو شێوەیەش زۆر بە جوانی، خۆتان ئامادە تر بکەن؛ وەک: لە ژینگەیەکی ئارام و ڕووناکدا وانەی خۆتان بڵێنەوە، بزانن لە کێندەرێ تۆنی دەنگی خۆتان بەرز و نزم دەکەنەوە، ڕەچاوی جلوبەرگ و فەیسی خۆتان بکەن.
9. مامۆستایان، زۆر گرنگە ڕەچاوی کورتکردنەوەی بابەتەکان بکەن، چونکە توانا و هۆشی سەرنجی قوتابی لە (سەرهێڵ) و شاشە زۆر کەمترە لە هی ناو پۆلدا، بۆیە واباشە وانەکان درێژ نەبن؛ واتە وا باشترە بابەتەکان بەپێی جۆری وانەکە، کەم بکرێنەوە.
10. گفتوگۆی خوێندنی سەر هێڵ، نابێ تەنیا ناردنی ڤیدیۆ بێت، وا گونجاوە کاتێک هەبێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ (Live) تاکوو قوتابی هەست و درک بکات، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە پۆلی وەڵامدانەوە و ورووژێنەر.
11. فیدباک (Feed-back)ـی بەردەوام: گرنگە مامۆستا بەردەوام سەرنجی خۆی لەسەر ئاستی قوتابی بنێرێتەوە بۆ خێزان کاتێک قوتابی دەزانێت کارەکەی بینراوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، ئەوەشیان دەبێتە هاندەری سەرەکی بۆ بەردەوامیان.
کوچکەی سێیەم/ بە دڵنیاییەوە بەخێوکەرانیش، لە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەدا ڕۆڵیان هەیە؛ بۆیە پێویستە بەو شێوەیەی خوارەوە هاوکاری کارگێڕی قوتابخانە بن:
1. ڕێکخستنی خەو: چەند ڕۆژێکە لەبەر پشووی جەژنەکان و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەرۆکی گرتووین، هەندێک قوتابی، خەو و خۆراس (خواردن)ـی تێک چووە، بۆیە واباشە، بە قسەی خۆش و جوان، خەویان ڕێک بخەینەوە.
2. دۆخی دەروونی و سەلامەتیی قوتابی لەبەرچاو بگرین، بەخێوکەران، بە رێگەی گفتوگۆی ئەرێنیینەوە، بە قوتابییە خۆشەویستەکان بڵێن: واجوانترە، ڕێز لە ڕێنمایی و یاساکانی مامۆستایان بگرین؛ وەک: لە کاتی خۆتان ئامادە ببن، پشێوی لە نێو خوێندنی سەرهێڵدا دروست مەکەن، لە کاتی خوێندندا خواردن مەخۆن، بەبێ پرس قسە مەکەن و، دەست هەڵببڕن؛ بە پێی کاتی دیاریکراوی خۆتان بەشداری بکەن.
3. بەخێوکەران، لەو ڕۆژانەدا، هەتا پێتان دەکرێت، لای قوتابیدا باسی هەواڵی نەرێنی و ناخۆش مەکەن؛ مەڵێن هێشتا جەنگ و شەڕ کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو پێیان بڵێن: خۆشبەختانە ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.
4. بەخێوکەرانی خۆشەویست، لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەوڵ بدەن زۆر بە کەمی سەیری هەواڵەکانی سیاسییەکان بکەن، وا باشە، بە پێی تەمەنی منداڵە قوتابییەکەتاندا سەیری فیلم یان درامایەک بکەن.
5. بەخێوکەرانی خۆشەویست، وەک هاوشێوەی مامۆستایان، لە بەرانبەر ڕەخساندنی خوێندنی سەرهێڵ، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، واتە دەتوانن ژینگەیەکی ئارام و جێگیر بۆ قوتابیانی خۆشەویست بڕەخسێنن.
6. ئامادەسازی و ڕەخساندنی زەمینەیەکی دەروونی و ژینگەیی، زۆر گرنگە پێش هەموو شتێک، پێویستە لە ماڵەوە گۆشەیەکی تایبەت و هێمن بۆ خوێندنی قوتابی دەستەبەر بکرێت، واتە خوێندن دوور لە جێگەی خەو یان شوێنی ژاوەژاو بێت، بۆ ئەوەی تەرکیز و کۆبیریان بمێنێت.
7. ڕۆڵی هاوبەشی خێزان؛ خێزان پێویستە وەک “هاوکار” ڕۆڵ ببینن لە هاندانی قوتابی و دڵنیایی لەوەی ئەرکەکانیان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەن، واتە کەمتەرخەمی نەکرێت.
لە کۆتاییدا، بە پەشتبەستن بە خودای مەزن و دلۆڤان، بە هاوکاریی خەمخۆرانی پەروەردە و فێرکردن، ئەو باردۆخە نەخوازراوەش، وەک ڕووداوەکانی ڕۆژانی هەینێ تێدەپەڕێنین.
* ڕێنماییکاری پەروەردەیی

