دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوسەر، ڕاشیگەیاند، کە ئەرکی بەخێوکردن و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ژیانی هەردوو منداڵەکەیان دەگرێتە ئەستۆ و دەیانخاتە نێو پڕۆژەی “ئازیزان”.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای خێرخوازی بارزانی
بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، شەوی رابردوو دەستی غەدر و ستەم گەیشتە ناو جەرگەی خێزانێکی سڤیل و بێتاوان لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە پارێزگای هەولێر. لە ئەنجامی هێرشێکی ناڕەوای درۆنی، هەردوو هاوسەر (شەهید موسا و شەهید موژدە) لەنێو ماڵی خۆیاندا شەهید کران و دوو منداڵی چاوگەش بە ناوەکانی (مەلین و دلین) لە سۆزی باوک و میهری دایک بێبەش کران.
ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم کردەوەیە، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی هەردوو شەهید و خزم و دۆستانیان دەکەین. خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و لە خودای گەورە داواکارین سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بڕیاری دەزگا سەبارەت بە پاشەڕۆژی منداڵەکان:
وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی، لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ جگەرگۆشەکانی شەهیدان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیاری دا:
– وەرگرتنی مەلین و دلین لە پڕۆژەی ئازیزان: هەردوو منداڵەکانی (شەهید موسا و شەهید موژدە) بەناوەکانی (مەلین و دلین) بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەخرێنە ژێر چەتری پڕۆژەی “ئازیزان”ی دەزگاکەمان.
– دابینکردنی کەفالەت : دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڵێنی کەفالەتکردنی تەواوی ژیان و بژێوییان دەدات.
– پاڵپشتی پەروەردەیی و تەندروستی: تەواوی پێداویستییەکانی خوێندن و چاودێری تەندروستییان لە ئەستۆ دەگیرێت تا ئەو تەمەنەی دەگەنە قۆناغی پشت بەخۆبەستن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە وەک سێبەرێکی میهرەبان بۆ ئازیزان و لێقەوماوان دەمێنێتەوە و رێگە نادات منداڵانی ئەم نیشتمانە لە دوای لەدەستدانی کەسوکاریان، هەست بە تەنیایی و بێدەرەتانی بکەن.

