رۆژنامەی ھەولێر

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە كارەبا كەمبووەتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێت كە لەسەر هێڵێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەڕانەوەی كارەبا بۆ دۆخی ئاسایی.

وەزارەتی كارەبا ئەمشەو سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە “دوای ئەوەی بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکی، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 12:40 کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبای هەرێم ڕووی دا، تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لە ماوەی 3 کاتژمێردا چارەسەری کێشەکەیان کرد”.

هەروەها بڵاوی كردەوە “دواتر بەهۆکاری کەمبوونەوەی هەناردەی غاز لە كێڵگەی کۆڕمۆڕ بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە”.

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا “لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵین تاوەکو هەرچی زووە چارەسەری گرفتەکە بکەین”.