رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت؛ بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4/7، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوندی زەرگەزەوی، ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی هەردوو شەهید مووسا ئەنوەر و موژدە ئەسعەد بوو کە ئەمڕۆ لەئەنجامی هێرشێکی درۆنی ئێراندا شەهید بوون.
سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهیدەکە گەیاند.
سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ؛ جارێکی دیکەش بێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە، سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە ئەمە چەندین جارە بەبێ هۆ و پاساو ، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها لە پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین.سوپاسی پشوودرێژی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم شەڕ و گرژی و ناخۆشییە کۆتایی بێت و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی
دێرینی خۆی بگات.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا کە بە داخەوە حکومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە.