ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئەمشەو لە چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ دوو یاریی دەكرێن، سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی میوانداریی ئارسێناڵی ئینگلیزی دەكات، لە لایەكی دیكەیشەوە ریال مەدرید لە یارییەكی قورس رووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە، زۆرترین كاردانەوەكانیش لەبارەی یارییەكانی دیكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ باس دەكرێن و زۆرترین چاوەكانیش لەسەر رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا و ئاتڵێتیكۆ مەدریدە كە لە ماوەی 3 رۆژ دووجار رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، سەرجەم یارییەكانیش لە كاتژمێر 10:00ـی شەو دەكرێن.
مایكل ئۆلیڤەر یاریی ریال مەدرید بەڕێوە دەبات
بۆ یارییەكەی ئەمشەوی ریال مەدرید لە نێو یاریگەی بێرنابیۆ بەرامبەر بایرن میونشن، فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا) پێش ئەم یارییە ناوی ناوبژیوانی یارییەکەی بڵاوکردەوە و مایل ئۆلیڤەری ئینگلیزی وەکو ناوبژیوانی ئەو یارییە گرنگ و چارەنوسازە دیاریکراوە. ئەو ناوبژیوانە یەکەمجاری نیە ناوبژیوانی بۆ یارییەکی ریاڵ مەدرید بکات و پێشتریش چوارجاری دیکە، ناوبژیوانی یارییەکانی ئەو یانەیەی کردووە.
ئامارەکانی مایکل ئۆلیڤەر لەگەڵ ریاڵ مەدرید
2017/2018: قۆناغی چارەکی کۆتایی، یوڤێنتوس 3-1 ریاڵ مەدرید.
2022/2023: فاینەڵی سوپەری ئەوروپا، ریاڵ مەدرید 2-0 ئێنتراخت فرانکفۆرت.
2023/2024: قۆناغی کۆمەڵەکان، ریاڵ مەدرید 2-0 سپۆرتینگ براگا.
2025/2026: قۆناغی یەکەم، ئۆلێمپیاكۆس 3-4 ریاڵ مەدرید.
مایکل ئۆلیڤەر پێشتر 92 جار لە چامپیۆنزلیگ وەکو ناوبژیوانی یارییەکان دیاریکراوە و لەو یارییانە 7 جار کارتی سوور و 118 کارتی زەردەی بەرووی یاریزانان بەرز کردووەتەوە. هەروەها ئەو راهێنەرە ئینگلیزیە 17 جار یاری یانە ئیسپانیەکانی لە چامپیۆنزلیگ بەڕێوەبردووە.
عوسمان دێمبێلێ: یاریی داهاتوومان لە چامپیۆنزلیگ زۆر قورسە
دوای ئەوەی لە دوایین یاری پاریس سانجێرمان بە سەرکردایەتی عوسمان دێمبلی، لە گەڕی 27 خولی فەڕەنسا، توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یاریگای خۆی لە تولۆز بباتەوە، دێمبلی لەو یارییە توانی دووانە تۆمار بکات و دوای یارییەکەش خاوەنی خەڵاتی باڵۆن دۆر گووتی: هەموو ئامانجیانە ئەم وەرزە پارێزگاری لە ناسناوی چامپیۆنزلیگ و پێنجەم ناسناوی لەسەریەکی خولی نێوخۆیی بكەین.
لەمبارەیەوە دێمبێلێ رایگەیاند دڵخۆشە كە سەركەوتنیان تۆمار كرد لە كاتێكدا یارییەکی زۆر قورس بوو و یاریزانانی بەرامبەر فشارێکی زۆریان دروست کرد، بەڵام خۆشبەختانە لە کۆتاییدا توانیمان سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە.
دێمبێلی دەشڵێت: هەمیشە دوای گەڕانەوە لە یارییە نێودەوڵەتیەکان یارییەکان قورس دەبن، ئێمەش پێشبینی ئەو دۆخەمان دەکرد و لە کۆتاییدا بە هەوڵ و ماندووبونی یاریزانان و راهێنەران توانیمان، سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنین.
لەبارەی یارییەكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول، عوسمان دێمبێلی رایگگەیاند یاری داهاتوویان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوولە و زۆر قورسە.
دێمبێلی دەشڵێت: لە ئێستاوە هەموو سەرنجمان لەسەر ئەو یارییە دەبێت، یارییەکی قورس دەبێت و دەمانەوێت براوەی یارییەکە بین، ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوەیە ئەم وەرزە، پارێزگاری لە ناسناوی چامپیۆنزلیگ بکەین، دەمانەوێت بۆ پێنجەم وەرزی لەسەر یەک ناسناوی خولی وڵاتەکەمان ببەینەوە.
فلیك زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێ دا
هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا لەبارەی یارییەكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید رایگەیاند بە تەواوەتی بۆ ئەو یارییە ئامادەن، دەشڵێت: ئەركمان قورسە، چونكە ئاتڵێتیكۆ دەیەوێت یاریی تۆڵە لە دژی ئێمە بكات.
هانزی فلیک گوتیشی: لە یاریی رابردوو لە لالیگا بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ یاریمان کرد کە بە یاریزانێک کەمتر یارییەکەیان تەواو کرد، توانیان بەرگرییەکی زۆر باش بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئێمە کۆنترۆڵی یاریمان کرد، هەرچەندە درەنگ کەوت بەڵام دواجار توانیمان سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بێنین.
فلیك دەشڵێت: یاریکردن لەنێو یاریگەی ئاتڵێتیكۆ ئاسان نییە چونکە هەموو تیپێک هەست بە فشار دەکات لەم کەش و هەواویە، بۆیە زۆر دڵخۆشم بەم سێ خاڵەی بردمانەوە، بەتەواوی نازانم لامین یامال بۆچی وابوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو سۆزێکی زۆری بۆ یارییەکە هەبوو، هەموو شتێکی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم بکات، ئەم هەوڵدانە زۆر نایاب و سەرنجراکێشە، ئەو هەمیشە ئامادەیە لەدۆخێکی باشدایە.
فلیك گوتیشی: لە لالیگا هەموومان دەزانین هەشت یاری ماوە پێموانیە هیچ شتێک یەکلایی بوووبێتەوە دەبێت ئامادەبین بۆ جەنگان تاکۆتایی، دڵخۆشم بە ئاستی راشفۆرد ئەمڕۆ کوالێتی خۆی نیشاندا لەهێرشی یەک بەرامبەر یەک ئەو زۆر باشە، دڵصۆشم بەو گۆڵەی تۆماری کرد.
راهێنەرە ئەڵمانییەكە جەختی لەوە كردەوە بۆ یارییەكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید سێ رۆژیان بۆ ئامادەكاری هەبووە و بەباشی خۆیان بۆ یارییەكە ئامادە كردووە و گوتی: هەموولایەك ئاگادار دەكەینەوە ئێمە لە ئێستاوە بۆ ئەم جەنگە ئامادەین.
سیمیۆنی: بارسێلۆنا شایستەی شكست نەبوو
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتڵێتیكۆ مەدرید پێش یارییەكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا رایگەیاند سەرلەنوێ تیپەكەی بۆ رووبەڕبوونەوەی ركابەرە كەتەلۆنییەكە ئامادە كردووەتەوە، دەشڵێت: لە یاریی رابردوو لە لالیگا لە نیوەی یەکەم هەردوولا چانسیان هەبوو، ئێمە بەباشی فشارمان کرد، توانیمان یاری دروستبکەین و تۆپ ناردن و یاری گۆڕینمان هەبوو، نیکۆ لەم حاڵەتە شایستەی کارتی زەردی دووەم بوو، لە نیوەی دووەم یارییەکە جیاوازبوو ئێمە بە یاریزانێک کەمتر یاریمان کرد، پێموایە بەباشترین شێوە بەرگریمان کرد، راستە نەمانتوانی بەو شێوەیە هێرش ببەین کە دەمانویست، ئەوان لە کۆتایی گۆڵیان کرد لەکاتێکدا ئێمە دەمانتوانی یارییەکە بە یەکسانبوون تەواو بکەین.
سیمیۆنی لەبارەی حاڵەتەكەی مارتن رایگەیاند ناوبژیوان بریارەیەکەی گۆڕی، ئەوان هەڵەیان کرد وەک چۆن زۆرجار ئێمە وەک راهێنەر هەڵەدەکەین، پێشووتر ئەمە روویداوە وەک ئەو رووداوانەی بەرامبەر بێتس و رایۆ ڤایکانۆ، بیر لە چارەگی کۆتایی ناکەمەوە لە یاریگاکەیان، تەنیا بیر لەو بەرپرسیارییەتی دەکەمەوە کە لە یارییەكە دێتەپێش، دەبێت باشتر لەیاری قۆناخی پێشکۆتایی جامی شا دەرکەوین، چونکە ئەوکات لەیاری گەڕانەوە نەمانتوانی هیچ بکەین تەنیا هەلێکی لوکمان و سۆرلۆت هەبوو، پێویستە ئەمە لەبیر بکەین و زیاتر خۆمان ماندوو بکەین، چونکە رووبەرووبوونەوەی بارسێلۆنا لە یاری چارەگی کۆتایی چامپیۆنزلیگ جیاوازە لە یارییەكانی دیكە.
ماسكيرانۆ: شانازییەكی گەورە بە تیپەكەم دەكەم
خاڤیێر ماسکێرانۆ راهێنەری ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر میامی دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر ئۆستن لە گەڕی شەشەمی خولی ئەمریکا، رایگەیاند، بانگهێشتکردنی 11 یاریزانی یانەکەی بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی جێگەی شانازیە و نابێتە بیانۆ بۆ ئەو ئەنجامانە، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانیان دەبێت.
لەمبارەیەوە ماسكیرانۆ گوتی: بۆ من، جێگەی شانازی و گەورەییە کە 11 یاریزانمان پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانەوە دەکەن، چ ئەوانەی لە یانەکە و لەسەر دەستی خۆمان پێگەیشتوون، چ ئەوانەی لە دەرەوە هێناومانن، من دەزانم یاریکردن بۆ وڵاتەکەت چ واتایەکی هەیە، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە نابێتە بیانوو.
ماسكیرانۆ گوتیشی: بێگومان دابڕان و یاریكردنی یاریزانەكانمان بۆ هەڵبژاردەكانیان رەنگە کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانمان بۆ یارییەکە هەبێت، چونکە کاتێکی کەممان پێکەوە هەبووە، لەم یارییەش بە ڕوونی دیار بوو بۆیە یارییەکەمان بە باشی دەست پێ نەکرد. ئەمەش شتێکی ئاساییە و زۆرجار روودەدات، بەڵام هیوادارم جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە و لە یارییەکانی داهاتوو، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین سێ خاڵ بەدەست بهێنین.

