رۆژنامەی ھەولێر

٥٣١ درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای ھەولێر کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوێرەی ئامارەکان، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ـی شوباتەوە، ھەرێمی کوردستان بە ٦٧٠ درۆن و مووشەک ھێرشی کراوەتە سەر. چاودێران و ڕۆژنامەنووسان، دەڵێن، بۆ پاراستنی ئەو ڕەوشە، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پیشەیانە کار بکەن، لە پێناو پاراستنی ئەمنیەتی کوردستان و گیانی ھاووڵاتییان.

پارێزگای ھەولێر، تا ئێستا ٥٣١ درۆن و مووشەک ئاراستە کراون، پارێزگای سلێمانی، ١١٠ درۆن و مووشەکی بۆ چووە، پارێزگای دھۆک، ٢٦ درۆن و مووشەک، ئەوەی تایبەتیش بێت بە پارێزگای ھەڵەبجەوە ٣ درۆن ئاراستەی شارەکە کراون، ھەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی ھێرشەکان لە ٢٨ی شوباتەوە تا ئێستا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٤ کەسیش بریندار بوونە. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای ھەولێر شەھید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر شەھید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە ھەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەھید بوون، ھەروەھا ١٢ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە ھەولێر گیانی لەدەستدا، ژمارەیەک پێشمەرگە و ھاووڵاتییش بریندار بوونە.
سەرکردایەتی کوردستان دووپات لەوە دەکاتەوە کوردستان نابێتە لایەنێکی شەڕ، ھەروەھا کوردستان نابێتە بنکەیەک بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ھەرچەندە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاکان لە عێراق لە بەرچاو نەگیراوە، بەڵام ئەرکی حکوومەتی عێراقە سەرچاوەکانی وزە و نەوت لە ھەموو عێراق بە کوردستانەوە بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگر بێت لە بەردەم گرووپە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی یاسا کە لە بەرژەوەندی ئابووری گەلانی عێراق دەدەن.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشە قێزەونەکانی میلیشیا تیرۆریستییەکان بۆ سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکان لە ھەولێر دەکەم.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستدرێژییە بەئەنقەستانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن و بە ھەموو شێوەیەک قبووڵنەکراون.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بە ڕاشکاوی داوا لە حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەکات ڕێکاری خێرا، یەکلاکەرەوە و کرداری بەرانبەر ئەو گرووپە چەکدار و میلیشیا لەیاسادەرچووانە بگرێتەبەر، بۆیە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵییە ھەموو ڕێگەیەک بەکاربھێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم ھێرشە تیرۆریستییانە و ڕاپێچکردنی ئەنجامدەرانیان بۆ بەردەم دادگە.
ئێحسان ئامێدی، بەرپرسی ناوەندی خانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھیوادارین کوردستان پارێزراو بێت، ڕاستە بارودۆخەکە دژوارە، شەڕێکی سەخت و جیھانی لە ناوچەکە ھەیە، کوردستان کەوتووتە ناوەندی ئەم شەڕە، بەڵام ئەرکی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیران و میدیاکاران ئەوەیە ئارامی وڵات و خەڵکی خۆیان بپارێزن، ھۆشیار بن، نەک ھەر ڕووداوێک دروست بوو قەلەباڵغی دروست بکەن و وێنەیەک بڵاو بکەنەوە کە ھەموو شتێکی تێدا بێت و زانیاری بە لایەنی بەرامبەر بدەن، بۆیە ھەتا دەتوانین ڕووماڵی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان درۆن، یان مووشەک بێت خۆمان بە دوور بگرین و بارودۆخی خەڵک تێک نەدەین، لایەنی پەیوەندیدار ھەیە ئەوان زیاتر کاری خۆیان دەزانن و لە کاتی پێویست باسی دەکەن و دەڵێن، ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بۆردومان دەکرێن، بێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو شەڕە.
لەو بارودۆخەی ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ئەرکی ھاووڵاتییان ئەوەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ھاوکار بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. زکری حەتەم، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێویسە ھەموومان بەرگری لە وڵاتی خۆمان بکەین، ڕێگەکانی بەرگریش زۆرن، بە دڵسۆزی کار بکەین، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی خۆمان بپارێزین، نەک کارێک بکەین زیان بە وڵاتەکەمان بگات، ئەوەی دیکە کە لە ھەمووی گرنگتر دەبێت ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بکەین و ئەوان زیاتر لە ھەموو کەس و لایەنێک دەزانن بە کاری خۆیان ھەستن و وڵات بپارێزن.
شایانی باسە زیاتر لە مانگێکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو شەڕێکی دژوار، سەرەڕای ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە، بەڵام لە زیانی گیانی و ماددی بێبەش نەبووە و ڕۆژانە بە درۆن و مووشەک بۆردومان دەکرێت.