رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی: هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەولێر قبوڵنەکراون و دەبێت بەغدا هەنگاوی دەستبەجێ بنێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێر دەکات؛ مەسرور بارزانی هێرشەکان بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە ناو دەبات و داوا لە بەغدا دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە ڕێگریکردن لەو هێرشانە و سزادانی تاوانباران جێبەجێ بکات.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی میلیشیا تیرۆریستەکانی بۆ سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێر کرد.

سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند: “ئەم کارە دەستدرێژیکارانە ئەنقەستانە، هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی.” جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراون.

مەسرور بارزانی داوایەکی ڕاشکاوی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵیی بەغدا کرد بۆ ئەوەی هەنگاوی دەستبەجێ، یەکلاکەرەوە و بەرجەستە دژی ئەو گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووانە بنێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵییە هەموو تواناکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستییانە و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگا، تاوەکو ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت.