ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
زۆرجار مرۆڤ نیشانەکانی ناو جەستەی پشتگوێ دەخات، بەڵام یەکێک لە ڕێگە هەرە سادە و گرنگەکان بۆ ناسینەوەی باری تەندروستیمان، تێبینی کردنی ڕەنگی میزە. پزیشکان دەڵێن میز تەنیا پاشەڕۆیەکی شل نییە، بەڵکو “گەیەنەری نامەیەکە” کە هەواڵی ژوورەوەی جەستەی پێیە. گۆڕانی ڕەنگی میز دەکرێت هۆکارەکەی سادە بێت وەک خواردنی جۆرە میوەیەک، یان ئاماژەیەکی مەترسیدار بێت بۆ نەخۆشییەکی درێژخایەن.
ڕەنگی ئاسایی و هۆکارەکانی گۆڕانکاری
بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان، ڕەنگی میزی کەسی تەندروست لەنێوان (زەردی کاڵ بۆ ڕەنگی ئاویدایە). کاتێک ئەم ڕەنگە دەگۆڕێت، دەکرێت دەرئەنجامی کەمخواردنەوەی ئاو، جۆری خۆراک، بەکارهێنانی دەرمان یان هەبوونی گرفتێکی تەندروستی بێت.
د. یادگار عەبدولجەبار شوانی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و چاندنی گورچیلە، لەبارەی ئەم دیاردەیەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: “تەنیا بە گۆڕانی ڕەنگی میز ناتوانین بە ڕێژەی سەدا سەد نەخۆشییەکە دیاری بکەین، بەڵکو ڕەنگەکە وەک سەرەداوێک وایە کە وامان لێ دەکات بیر لە چەند ئەگەرێک بکەینەوە، پاشان لە ڕێگەی پشکنینی وردترەوە دەگەینە هۆکارە سەرەکییەکە.”
واتای ڕەنگە جیاوازەکان چییە؟
1. ڕەنگی پرتەقاڵی:
• وشکبوونەوە: باوترین هۆکارە بەهۆی کەمخواردنەوەی شلەمەنی.
• دەرمان و ڤیتامینەکان: بەکارهێنانی ڤیتامینی (B) و (C) یان دەرمانی قەبزی (Laxatives) و ئەو خۆراکانەی ماکی “بێتا کارۆتین”یان تێدایە وەک گێزەر.
• نیشانەی مەترسی: لە هەندێک حاڵەتدا گۆڕانی ڕەنگ بۆ پرتەقاڵی نیشانەی پێشوەختەی تێکچوونی ئەرکی جگەرە.
2. ڕەنگی سوور: ئەم ڕەنگە زۆرجار بەهۆی خواردنی “چەوەندەر” یان هەندێک دەرمانەوە دەبێت، بەڵام مەترسیدارترین هۆکار هەبوونی “خوێنە” لەناو میزدا کە ڕەنگە نیشانەی هەوکردنی توندی بۆرییەکانی میز بێت.
3. ڕەنگی قاوەیی: دەکرێت بەهۆی خواردنی بڕە “پاقلە”یەکی زۆرەوە بێت، بەڵام لە ڕووی پزیشکییەوە گومان دەخرێتە سەر هەبوونی گرفت لە جگەر یان گورچیلەکان.
4. ڕەنگی سەوز یان شین: ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە و زۆربەی کات پەیوەندی بەو ڕەنگە دەستکردانەوە هەیە کە لە خۆراکەکاندا بەکار دێن، یان کاریگەری هەندێک جۆرە دەرمانی تایبەتە.
کەی سەردانی پزیشک بکەین؟
پزیشکان ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکەن کە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەنگی میزدا ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بوو، پێویستە بە هەند وەربگیرێت.
د. یادگار شوانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕەنگانەی گومانی “خوێن”یان لێ دەکرێت، پێویستیان بە بەدواداچوونی ڕژد هەیە. ناوبراو دەڵێت: “پێویستە لەو کاتانەدا پشکنینی میز، سۆنار و تەنانەت نازووری میزڵدان بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە. هەرچەندە ڕەنگی زەردی کاڵ نیشانەی بێ کێشەییە، بەڵام باشترە لە کاتی هەر گومانێکدا ڕاوێژ بە پسپۆڕ بکرێت بۆ چارەسەری پێشوەختە.”

