ماكوان عيززهت-هەولێر
خوێنبەرەکان وەک شاڕەگی گواستنەوەی ژیان وان لە جەستەدا، ئەرکی سەرەکییان گەیاندنی خوێن و ئۆکسجینە بۆ دڵ و تەواوی ئەندامەکان، بەڵام کاتێک ئەم بۆریانە تووشی ڕەقداگەڕان دەبن، هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکەن. پسپۆڕانی بواری تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە ڕەقداگەڕانی خوێنبەرەکان دیاردەیەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ڕوو لە زیادبوون دەکات و پێویستی بە هۆشیارییەکی ورد هەیە.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئامانج کەمال، پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ و دەمارەکانی خوێن، پێناسەی ئەم حاڵەتە دەکات و دەڵێت: “ڕەقداگەڕانی خوێنبەرەکان بریتییە لە کەڵەکەبوونی چەورییەخانەکان لە دیواری ناوەوەی خوێنبەرەکان. ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دڵ زیاد دەکات.”
هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون
بە پێی گوتەی د. ئامانج کەمال، چەندین فاکتەری ژینگەیی و تەندروستی دەبنە هۆی تێکدانی خوێنبەرەکان، لەوانە:
• بەرزداگەڕانی ڕێژەی چەوری و هەڵکشانی فشارخوێن.
• نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵ.
• فاکتەری بۆماوەیی.
• قەڵەوی و کەمجووڵەیی و وەرزشی ڕۆژانە.
• جگەرەکێشان و زیادەڕەوی لە ئارقەمەنی و مەیخواردنەوەدا.
نیشانەکان؛ ئاگادارکەرەوەی مەترسییەکان
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە تەنها لە سنگدا کورت نابنەوە، بەڵکو کار دەکەنە سەر زۆربەی بەشەکانی جەستە. دکتۆر ئامانج ئاماژە بە دیارترین نیشانەکان دەکات:
• لە دەموچاو و پەلەکاندا: سڕبوونی دەموچاو، لاوازی لەناکاوی قۆڵ یان قاچ، تەنانەت گەیشتن بە ئاستی ئیفلیجی.
• لە هەستەکاندا: سەرئێشە و لەدەستدانی بینین بۆ ماوەیەکی کاتی لە یەک چاودا.
• لە کۆئەندامی هەناسە و دڵدا: ئازار یان فشار لە سنگ، هەناسەتەنگی، شپرزلێدانی دڵ و کۆکە.
• نیشانە گشتییەکان: هێڵنجدان، بێهۆشکەوتن و نەمانی ئارەزووی خواردن.
چارەسەر؛ گۆڕینی شێوازی ژیان کلیلی سەرکەوتنە
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەم پزیشکە پسپۆڕە ڕاستییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “ڕەقداگەڕانی خوێنبەرەکان بە تەواوی لا ناچێت، بەڵام دەتوانرێت پڕۆسەی کەڵەکەبوونی چەورییەخانەکان خاو بکرێتەوە یان کەم بکرێتەوە.”
د. ئامانج کەمال جەخت دەکاتەوە کە بنەمای چارەسەر بریتییە لە “گۆڕینی شێوازی ژیانی نەخۆشەکە”؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە پزیشکی پسپۆڕ بە پێی تەمەن و توندی حاڵەتەکە، بڕیار لەسەر جۆری چارەسەرى دەدات، کە ئایا تەنها بە دەرمان دەبێت یان پێویستی بە دەستوەردانی نەشتەرگەری دەبێت.

