رۆژنامەی ھەولێر

لە ئەشکەوتەوە بۆ ئازادی!

خوسرەو جاف
مرۆڤ لە ئەشکەوت وەدەر هات، کەوتە بیری خۆپاراستنەوە؛ ئەمەیش لەبەر ترسە هەمیشەییەکەی لە برسێتی، سەرماوسۆڵ و دڕندەکان. یەکەمین داهێنانێک وا کردوویەتی، چنگی لە قوڕ ناوە و دیواری دروست کردووە تا وەک پەناگەیەک خۆی تیا بپارێزێت.
سەگ بە یەکەمین گیانلەبەر دەژمێردرێت کە لە مرۆڤ نزیک بووەتەوە، خۆماڵی بووە و بووەتە هاوڕا و هاوژیانی مرۆڤ. هەر ئەو پەیوەندییە سەرەتاییە بووەتە هۆکاری بیرکردنەوەی مرۆڤ تا ئاژەڵە کێوییەکان ماڵی و دەستەمۆ بکات، تا لە دەردی برسێتی و مەترسییەکانی ڕزگاری بێت و لەپێناوی ژیاندا ڕاو بکات. بەو شێوەیە دیوارسەرگرتن و ئاژەڵ‌بەخێوکردن بووەتە دیاردەی سەرەکیی نیشتەجێبوون و هەروەها سەرەتای پێکەوەژیانی بەکۆمەڵ. تا بە ئێستا بە دروستی نەزانراوە ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییەی لە ژیانی مرۆڤدا ڕووی داوە کەی بووە؟ کەی ئەشکەوتی بەجێ هێڵاوە و ژیانی بەکۆمەڵی پێک هێناوە؟
هەڵبەت ژیانی مرۆڤ لەوێڕا ڕانەوەستاوە و قۆناغەکانی دیکەشی دیوە: شاره‌دێ، شارۆچکە و شار. سەرەنجام خو و خەسڵەتی دەستەڵاتداری پاڵی پێوە ناوە پانتایی دەستەڵاتی بەربڵاوتر بکات. ئەو دیکۆمێنتانەی بەدەستەوەیە ئەوە دەسەلمێنێ یەکەمین “شار-دەستەڵات”ێك لە “کیش” پێک هاتووە، لە دۆڵی دوو ڕووباردا کە ناسراوە بە میزۆپۆتامیا. شار-دەستەڵاتی کیش بە یەکەمین هەنگاو دەژمێردرێت کە توانیویە بگاتە مەرز و سنووری یەکەمین ئیمپراتۆریەت، کە ناسراوە بە ئیمپراتۆریەتی ئەکەدی. “سارگۆن ئەکەدی” بووە؛ ٢٢٥٠ ساڵ لە پێش زاییندا، سارگۆن توانیی ئەو شار-دەستەڵاتە گەورە و گەورەتر کات؛ لە ماوەی چەند ساڵێکدا تەواوی شارەکانی دۆڵی دووڕووبار بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سارگۆن بەوەوە شانازی دەکرد کەوا جیهانی داگیر کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنها دەستەڵاتی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، کە دەکاتە ئەم سەرزەوییەی ئێستای عێراق و، سووریا و بەشێک لە وڵاتی ئێران و تورکیای ئێستا.
ئیدی ئیمپراتۆریەتی سارگۆنی ئەکەدی لە دوای مەرگی ئەو زۆری نەکێشاوە؛ ئەگەرچی دەستەڵاتێکی پانوپۆڕی بەجێ هڵاوە، بەڵام نەیارانی زۆر و بەهێز لە دەوروبەریدا هەبوونه. بە درێژایی ١٧٠٠ ساڵ بەم لاوە، شاکانی ئاشوور و بابل شێوە دەستەڵاتی سارگۆنیان کردە نموونە و دەستەڵاتیان پێک هێناوە. ئەوانیش هەروەک دەستەڵاتی ئەکەدی شانازییان دەکرد کە جیهان لەژێر فەرمانیاندایە. بە دوای ئەواندا، ساڵی ٥٥٠ لەپێش زاییندا، کوورشی گەورەی هەخامەنشیان هاتە مەیدانەوە.
ئەگەر بەراوردێک لەنێوان دەستەڵاتی ئاشوور و بابل لە لایەک و دەستەڵاتی کوورش لەو لاکەوە بکەین، دەبینین ئەو دوو دەستەڵاتە فەرمانڕەوای موتڵەق بوونە و میللەتانی ژێردەستە کۆیلەئاسا سەریان کردووە؛ کەچی دەستەڵاتی کوورش لەو جۆره تێفکرینە بەدوور بووە. کوورش کۆشاوە میللەتانی ژێردەستەی ئەو بە چاوی ڕێز و ڕێزی تێکەڵ بە خۆشەویستییەوە بنواڕنە دەستەڵاتەکەیدا: “ئێمه لەبەر بەرژەوەندیی ئێوە فەرمانڕەواییتان دەکەیەن.” کوورش دەکۆشا خەڵکە ژێردەستەکەی بە ڕێزەوە سەیری بکەن، نەک وەک داگیرکەرێک. بە نموونە: میللەتی جوولەکە کە لە مێژدا گوێزرابوونەوە وەک کۆیلە بۆ دۆڵی دوو ڕووبار، فەرمانی دا تەواوی ئەو یەهوودیانە بگڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان و پەرستگا هەڕووژاوەکەیان دووبارە ساز بکەنەوە، تەنانەت یارمەتیی دارایی و زێڕی پێ ببەخشن بۆ ئەو کارە.
ئەو جۆره تێفکرینە لەو سەردەمەیدا بە کارێکی تازەبابەت درا لە قەڵەم. کوورش ڕێزی لە چاوساغان و ئەندێشەمەندانی گەلانی ژێردەستەی دەگرت. سەرتاسەری بەشەری کردبووە دوو بەشەوە: “ئێمە و ئەوان”. ئێمە، ئەو خەڵکانە بوون هاوزمان و هاوڕەگەز و هاوئایینی بوون؛ ئەوان، میللەتێکی ترن و هاوبەستەگییەکی تریان هەیە.
دوای کوورش، دەستەڵات هێندە پابەندی مەرجەکانی کوورش نەبوون، بەڵام بیروبۆچوونی کوورش کەوتە خولیای ئەسکەندەری مەکادۆنی و دەستەڵاتدارانی ڕۆمیش چاویان لە ڕەفتاری ئەسکەندەر کردووە. ئیتر بیرمەندانی دەمارگرژی ئێرانی گەلێک شانازی بە بیروبۆچوونی کوورش دەکەن و لایان وایە ئەو جۆره تێفکرینە شۆڕبووەتەوە بۆ ناو خەلیفەکانی ئیسلامیشەوە. بەسەر ئەوانەیدا وا مرۆڤ بە قۆناغی جۆراوجۆردا گوزەراوە و تا گەیشتووەتە ئەمڕۆی ئێمە، کەوا فکر و بۆچوونی میللەتان گۆڕاوە و بەلای مرۆڤی ئەمڕۆ مەحاڵە ئەوان بوونە ئێمە، یان ئێمە ببینە ئەوان.
مرۆڤی ئێستا تینووی سەربەخۆییە و ئازادیی موتڵەق ئاوات و ئارەزوویەتی؛ نەشیاو و قابیلی قبووڵ نییە ئازادی بکرێتە قیستی مانگانە یان ساڵانە. بەهەرحاڵ، بەندە لە باوەڕێک دام، گەرچی جارێ لە ئازادیی ڕەها مەحروومین، هەر نەبێت با سەردەمانە ڕەفتار بکەین لەگەڵ خۆماندا، لەگەڵ خەڵکدا، لەگەڵ چوار تەنیشت، هەتاوەکوو جیهانی دەوربەریشدا. با یاسا بپارێزین، ڕەفتارمان سەردەمانە بێت، کردار لە چوارچێوەی یاسادا بێت. نرخ و بایی بۆ هەمووان و یەکسانی بکرێتە پیشە. ئەگەر بە شەڕ نەگەیشتوونەتە ئازادی، با ڕێبازی زیندەگیی سەردەمانە بکەینە نیشانە و دیاردەی ژیانمان. نەک تۆ وا بزانیت فریشتەی ئاسمانیت و منیش دۆزەخیم؛ تۆ بژاردەی پەروەردگاریت و منیش دەعبا و لپولەوس خوێناویم! هەر نەبێت با ئەو ماوە و مەودا بەرینەی نێوانمان کەم بکەینەوە.
نە تۆ هێندە تێر و هەڵاوساو، نە من هێندە مەروم و لاواز و برسی. ئەگەر دەپرسی چۆن؟
ئاسانی ئاسانە؛ گوزەشت بکەینە پیشە، ئەگەر یەکسانی بکەینە مەبەست و زۆر و جەبەرووت هەڵکەنین لە ڕیشە؛ واتە لە فەرهەنگی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو نزیک بووینەتەوە. ئەگەر هەروا بێدەربەستانە بەردەوام بین، دووهەزار ساڵە ئازادیمان لێ قوفڵە، دووی تری دەوێ تا چنگمان لە دامێنی ئازادی گیر بکەین.